Wednesday, March 29, 2017

بەرز و پيرۆز بێت يادی پێشەوا قازی محەمەد، رۆڵەی دلێری گەلی كورد

بەرز و پيرۆز بێت يادی پێشەوا قازی محەمەد، رۆڵەی دلێری گەلی كورد

10ی خاكەلێوە، ساڵڕۆژی شەهيدبوونی قازی محەمەد و 15 ڕۆڵەی تری گەلی كوردە. 70ساڵ بەر لە ئێستا و لە وەها ڕۆژێكدا، رژێمی كرێگرتەی پاشايەتی، بە لەسێدارەدانی ڕێبەرانی قارەمانی كورد، تاوانێكی تری خستە سەر تاوانەكانی خۆی و لەوە نەگەيشت كە هاواری ناڕەزايەتی گەلێكی ئەسير و زوڵم لێكراو، هەرگيز بە پيلان و تاوان، ناكوژێتەوە.
قازی محەممەد لە ساڵی 1285 خۆری تاوی لە بنەماڵەيەكی ئايينيی و ڕووناكبيردا لە دايك بوو. بێ بەش بوون و زوڵم لێكراويی خەڵكی كوردستان، بە خێرايی ئەوی وەك باوك و مامی، خستە ناو گۆڕەپانی خەباتەوە و، هەر بۆيە، لە ناو خەڵكی كوردستان بە گشتی و خەڵكی مهاباد بە تايبەتی، بووە خاوەن خۆشەويستييەكی زۆر. بۆ وێنە ئاوا وەسفيان كردووە:
زۆر خوداپەرست و بێ فيز بوو، نە جگەرەی دەكێشا و نە ديخواردەوە. پياوێكی بەبڕوا و ئازا و لە خۆبوردوو بوو
....”
خەباتی حەقخوازانەی خەڵكی كوردستان لە دژی حكومەتی ناوەندی، زۆر لە مێژ بوو دەستی پێكردبوو، دەوڵەتی ناوەندی بە سەركوتكردنی خوێناويی خەڵكی كوردستان و هەوڵدان بۆ بێ چەك كردنی خەڵكی كوردستان شەڕەكەی بەتين تر دەكرد و پەرەی پێدەدا. قازی محەمەد و هەندێكی تر لە ڕێبەرانی سياسی خەڵكی كوردستان بە نياز بوون تێكهەڵچوونی دەوڵەتانی ناوچەكە لە ڕەوتی شەری دووهەمی جيهانيدا بقۆزنەوە بۆ يەك خستنەوەی بزوتنەوەی كوردستان. ئەوە لە كاتێكدايە كە هەژاری و بێبەشی كە هەڵقوڵاوی ستەمی نەتەوايەتی و چەوسانەوەی دووچەندانەی گەلی كورد لە كوردستان زۆر چڕ بوو و گڤڤەی دەكرد. بۆ وێنە لە هەندێك شوێن، رۆژانە 15 كەس لە برسانا گيانی خۆيان لەدەست دەدا!. لە وەها هەل و مەرجێكدا، بزوتنەوەيەكی نەهێنی بە ناوی «كۆمەڵەی ژيانەوەی كوردستان» هەستايە سەر پێ و، قازی محەمەد پاش ماوەيەكی كورت، پەيوەندی پێوە دەكات و، بەكردەوە، دەورێكی گرينگ و يەك لا كەرەوەی تيادا دەگێڕێت. ساڵێك دواتر، قازی محەمەد پێشنيار دەكات كە ئەم بزوتنەوە نەهێنييە، بكرێتە حێزبێكی بە ئاشكرا. ئەم پێشنيارە پەسەند كرا و، لە ماوەيەكی كەمدا، حيزب لە بەياننامەيەكدا، خواستەكانی خۆی ڕادەگەيەنێت:
- خودموختاری بۆ كوردستان لە چوارچێوەی ئێراندا
- زمانی كوردی بكرێتە زمانی ڕەسمی بۆ كوردستان
- هەڵبژاردنی ئەنجوومەنێكی خۆجەيی بە خێرايي
- باشتركردنی بارودۆخی ئابووری و كۆمەڵايەتی كوردستان، بە تايبەتی بە ڕێگەی هەڵنجاندنی سەرچاوە سروشتييەكاندا و باشتركردنی بارودۆخی كشت و كاڵ، پەرەپێدانی تەندرووستی و فێركردن و ڕاهێنان.
بەڵام حكومەتی سەركوتكەری ناوەندی، نەتەنيا ئاوڕی لە هيچكام لەو خواستانە نەداوە، بەڵكو، هەوڵيدا بزوتنەوەی حەقخوازانەی خەڵكی كوردستان، بە بيانووی جياوازيخوازيی بەدناو بكات و پاشان سەركوتی بكات. قازی محەمەد هەر لەو ڕۆژەدا، لە لێدوانێكدا ئەم پيلانەی رژێمی ئاشكرا كرد و وريايی دا كە: خەيانەتكار بۆ شاردنەوەی مەبەستە شوومەكانی خۆيان و، هەروەها بۆ ئەوەی سەركوتمان بكەن، دەڵێن كوردستان سەربەخۆييان دەوێت. «دەوڵەتی ناوەندی ئەوەندە ئازەربايجان و كوردستانی بە جياخوازی تۆمەتبار دەكات كە سەرەنجام....»
حكومەتی ناوەندی لەوە لاوازتر بوو كە بتوانێت رێگر بێت بەرانبەر بە خودموختاری بۆ كوردستان. سەرەنجام لە ساڵی 1325، لە لايەن قازی محەمەد، كۆماری خودموختاريی كوردستان ڕاگەيەندرا لە مهاباد. چەند مانگ دواتر، قازی محەمەد هەڵوێستی كوردستان لە ئاست دەوڵەتی ناوەندی ئاوەها وەسف دەكات:
1. كورد كاتێك ڕازی دەبێت كە دەوڵەتی ناوەندی، دێمۆكراسی ڕاستەقينە لە سەرانسەری ئێران دامەزرێنێت و لە كوردستانيش، خودموختاربوونی ئيدارە و ئەڕتەشی خۆجەيی و خوێندن بە كوردی بەڕەسمی بناسێت.
2. دەوڵەتی ناوەندی، هەنووكە توانای بەڕێوەبردنی ئەم ياسايانەی نييە.
3. ئێمە داواكارين كە هەڵبژاردنی مەجلس بە خێرايی و لەوپەڕی ئازادييداو بە بێ دەستێوەردانی سوپا بكرێت. كاتێك هەڕەشەی دەستێوەردانی دەرەكی لە كوردستانی لێدەكەن وڵام دەداتەوە كە «ئێمە هەرگيز، دەستێوەردانی دەرەكيمان پێ قەبووڵ ناكرێت، لە هەر لايەكەوە كە بكرێت. كێشەی كوردستان، كێشەيەكی بەتەواو ناوخۆييە و، دەبێ لە نێوان گەلی كورد و دەوڵەتی ناوەنديدا چارەسەر بكرێت.... ئەگەر ئەمڕۆ ئەوندە لەسەر خودموختاری بەرتەسكی كوردستان پێدادەگرين لەبەر ئەوەيە كە، دەوڵەتی ناوەندی هێچی بۆمان نەكردووە. ئێمە زۆر بەتەماين كە بۆ بەرەپێش بردنی وڵاتەكەمان تێبكۆشين. نامانەوێت لاسايی ئەمريكا يان سۆڤييەت بكەينەوە... تێدەكۆشين كە بەر بە خوێن رشتنی برادەران بگرين. كورد هەرگيز لە هێرشكردندا دەست پێش ناخات».
لە ماوەی تەمەنی يەكساڵەی حكومەتی خودموختاری كوردستان، قازی محەمەد زۆر هەوڵی دا كە بە ڕێگەی وتووێژكردن لە گەڵ قەوام سەلتەنەدا، كۆماری مهاباد ياسايی بكات، بەڵام ئاكامی نەبوو.
رژێمی دەست نيشان كراوی شا، بە پشت بەستن بە وڵاتای ڕۆژئاوا، بە نياز بوو ديسان بزوتنەوەی كوردستان بخاتە ژێر پەلاماری خۆی. رۆژی 27ی نۆڤامبری 1946 جۆرج ئالێن، باڵوێزی نوێی ئەمريكا لە ئێران، گوتبووی كە «دەوڵەتی ئەمريكا خوازياری دەسەڵات وەرگرتنی زياتری دەوڵەتی ناوەندی و خوازياری پاراستنی تەواوەتی خاكی ئێرانە»و بەم جۆرە فەرمانی سەركوتی دەركربوو.
سەرەنجام سوپای شا، شاری مهابادی داگير كرد و سەركردە كوردەكانی دەستگير كرد كە نزيكەی 30 كەس بوون. قازی محەمەد پێشنياری مەلا مەستەفا بارزانيی قەبووڵ نەكرد كە لە وڵات بچێتە دەرەوە و، لە ناو خەڵكدا مايەوە.
رژێمی شا، لە رۆژی 10ی خاكەلێوە، لە مەيدانی شاری مهاباد، قازی محەمەد و ژمارێك لە هاوڕێيانی لە سێدارەدا و تەرمەكانيانی خستە بەرچاو خەڵك هەتا ببێت بە پەند بۆ خەڵك!.
غافڵ بوو لەوەی كە ياد و بيری قازی محەمەد بۆ هەتا هەتايە لە ناو دڵی خەڵكی ستەم لێكراوی كوردستان دەمێنێتەوە. دوابەدوای ئەوەش، هێزەكانی شا، تەواوی كتێبە كوردييەكانيان لە ناو شاری مهاباددا ئاگر تێبەردا. خوێندن بە زمانی كوردی قەدەغە كرا و .....
بەڵام بزوتنەوەی حەقخوازانەی گەلی كوردستان هەرگيز دانەمركا و جار نا جارێك سەری هەڵدايەوە.
ئێستاش پاش تێپەڕبوونی 69 ساڵ، گەلی كورد، بە شێوەيەكی زۆر خراپتر لەو جاران، لە لايەن رژێمی ئاخوندييەوە سەركوت دەكرێت و خواستەكانی قازی محەمەد و گەلی كورد بە چارەسەر نەكراوی ماوەتەوە. ئەمڕو زياتر لە هەر كاتێكی تر، ئەو ڕاستييە دەركەوتووە كە بزوتنەوەی گەلی كورد، لە پەيوەندی لەگەڵ بزوتنەوەی سەرانسەری ئێراندا، دەگاتە خواستەكانی و تەنيا بە ڕووخاندنی رژێمی ئاخوندييە كە گەلی كوردستانيش بە سەركەوتن دەگات 
.
بەرز و پيرۆز بێت يادی قازی محەمەد و هاوڕێيانی و سەرجەم شەهيدانی گەلی كورد


No comments:

Post a Comment