Monday, October 30, 2017

رژێمی ئێران و کوشتاری کورد لە عێراق!

رژێمی ئێران و کوشتاری کورد لە عێراق!
سوپای پاسداران بە دەمامكی (حەشدی شەعبی)ەوە!
عەبدولرەحمان مەهابادی، نووسەر و شروڤەکاری سیاسی
رووداوەكانی ئەم دواييەی عێراق كە تيايدا هێزی تيرۆريستيی قودسی سەر بە سوپای پاسداران دەوری سەرەكی هەيە، بەم ديوەيدا زۆر گرينگە كە دوای ناودێركردنی تيرۆريستيی سوپای پاسداران لە ليستی وەزرەتی خەزێنەی وڵاتە يەكگرتووەكانی ئەمريكا دا دێت.
پێشينەی دەستتێوەردان لە كاروباری ناوخۆی عێراق لە لايەن رژێمی ويلايەتی فەقيهیی ئێرانەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی سەرەتای هاتنە سەر كاری ئەم رژێمە كە لەسەر دەستی دامەزرێنەرەكەی، واتا خومەينی و بە قۆستنەوەی هەستی ئايينی گەلی ئێران ديكتاتۆرييەتێكی خراپتری بەسەر خەڵكدا فەڕز کرد.
تێهەڵقورتان و دەست تێوەرانی ئەو رژێمە لە كاروباری نێوان كوردی عێراق و حكومەتی ناوەندی، يەكێكە لەو دەستتێوەردانانەی لە كاروباری وڵاتانيتر. ئەم رژێمە كە لە ناو خۆی ئێراندا، تا سەر ئێسك دوژمنايەتيی كەمايەتييە ئايين و نەتەوەييەكان و لەوانە كورد دەكات و لە بەرانبەریان دا فەتوای جيهادی دەركردووە، زۆر جار لەو ناوچانە هەزاران كوردی خەڵتانی خوێن كردووە و بە ئێستاشەوە رۆژ نيە لاوانی كورد لە سێدارە نەدات.. دەوری ئەكتيڤی تيرۆريستانی ئەم رژێمەش لە ناو عێراق و لە ساڵانی بەر لە 2003 كە بووە هۆی شەهيدبوونی سەدان ئەندامی ئۆپوزيسيۆنی ئێرانی و بەداخەوە تا ئێستاش لێكۆڵينەوەی لەسەر نەكراوە هەروا لە ياد و بيرەوەرييەكاندا بە زيندوويی ماوەتەوە.

سياسەت و ستراتيژيی هەڵەی رۆژئاوا لە پێوەند لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تايبەت لە پێوەند لەگەڵ ئێران كە دەستكەوت گەلێكی زۆری بۆ ئەم رژێمە بە دياری هێنا، بووە هۆی ئەوەی دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق، دەسەڵاتە نوێكەی ئەم وڵاتە لە لايەن رژێمی ئێرانەوە زەوت بكرێت و ديكتاتۆرييەتێكی هاوتەريبی ويلايەتی فەقيهی بەسەر خەڵكدا فەڕز بكرێت. زۆری نەخاياند كە لە عێراقيش هەروەك ئێران، كەمايەتييەكان بوونە يەكەم قوربانيی زوڵم و ستەمی رژێمی ويلايەتی فەقيهی. سوننە سەركوت و كورد كەوتە بەر هەڕەشە کە رووداوەکانی ئێستا نموونەکەیەتی. ئێستايش رژێمی ئێرانە كە هەوڵی ئەوە دەدات هەموو دەستكەوتەكانی كورد بە پاساوی جياجيا لەناو ببات و هەروەک کوردی ئێران لە هەموو مافەکانیان بێ بەش بکرێن و بێ حکومەت بن!

زۆر هەڵەيە كە دەستتێوەردانەكانی رژێمی ئێران لە رووداو و گۆڕآنكارييەكانی عێراق پشت گوێ بخرێن. چون رژێمی ئێران هەروەك ئۆختاپوتێكی ترسناك پەنجەی خستووەتە ناو تاروپۆی دەسەڵاتی عێراقی و ئەو وڵاتەی بە بەشێك لە دەسەڵاتی خۆی ناودێر كردووە(!). كەوايە زۆر هەڵەيە كە رووداوەكانی ئەم دواييە بخەنە ناو بازانەی (هەولێر-بەغدا)وە. هەروەك چۆن لە سوريا و يەمەن و لوبنايش بە هەمان شێوە. ئەوە خواستی گەلانی ئەو وڵاتانە نەبووە بە ئێستاشەوە كە لە ناو خاکی خۆیاندا بەرەنگاری هێزێكيتر ببنەوە. بەڵام ئەوە رژێمی ئێران خۆيەتی كه بە دەست خستنە ناو كاروباری ناوخۆی وڵاتەكەيان، كێشەكانی لەو وڵاتانە ئاڵۆز كردووە و خەڵكی ئەو وڵاتانە كوشتار دەكات. ئەگەر ئەم دەستتێوەردانانە نەبوونايە ئێستا كێشە ناوخۆييەكانی ئەو وڵاتانە زۆر ساكار دەمانەوە و چارەسەر كرابوون و ئەم هەموو خوێنە نەڕژابوو. بە دڵنياييشەوە دەكرێ بڵێين بەشی هەرە زۆری كێشەكان چارەسەر كرابوون يا لانيكەم چارەسەری كێشەكان لەم وڵاتانە رێی نەدەكەوتە ئايديای لێكترازان و جيابوونەوە و خوێنڕشتن!
ئێستا رژێمی ئێران لە ناو خاكی عێراق خاوەنی هێزێكە بە ناوی (حەشد شەعبی) كه كلێشەيەكی سوپای پاسدارانە و دەيەوێت بە قۆستنەوەی كێشەكان، پەرە بە دەسەڵاتی سەربازيی خۆی بدات لە سەراسەری عێراق بە مەبەستی كۆنتڕۆلكردنی زياتر ئەو وڵاتە. بە ئەزمون كراوە كە رژێمی ئێران لە ناردنە دەرەوەی تيرۆر و قەيران بۆ دەرەوەی سنوورەكانی خۆی زۆر شارەزا و لێهاتووە. بە درێژايی ساڵانی رابردوو ئەم رژێمە توانيويەتی بەم ئەزمونە و تێهەڵكێشانی كاری فريودەرانە، بيروڕای گشتی بە لاڕێدا بەرێت و لەسەر پێ هێشتنەوەی ناڕەوای خۆی درێژ بكاتەوە.
بەڵام بە پێچەوانەی رابردوو، ئێستا لەم قۆناغە نوێيەی نزيك بە ساڵێكە دەستی پێكردووە، ئەو كۆدەنگيە دەركەوتووە كە چارەسەری هەموو قەيران و كێشەكانی ئەم ناوچەيە لە جيهان تەنها و تەنها بەستراوەتەوە بە روخانی ديكتاتۆرييەتی ويلايەتی فەقيهی دەسەڵاتدار لە ئێران. ئەوە هەر ئەو راستيەيە كە رژێمی ئێرانی بەرەو شێتبوون و كاری هيسترييانە بردووە و شوێنی بەو رژێمە لە ناو ئێران و دەرەوەی ئێران لەق كردووە. چون بە باشی ئەوە دەزانێت كە موقاومەتی ئێران، كە مريەم رەجەوی سەرۆكيەتی، بۆ رووخاندنی ئەم رژێمە لە ئامادەكاری دایە و وا پێش بینی کراوە کە زۆری نەمابێت بۆ ئەمکارە.
موقاومەتی ئێران کە بەردەوام دژی حکومەتی ئێران وەستاوە و دوژمنی سەرسەختی ئەم حکومەتەیە،  وێڕای پشتگيريكردن لە خەڵكی كوردستان عێراق و ئاشكراكردنی وردەكارييەكانی تایبەت بە جم و جۆڵی سوپای پاسداران لە ناوچەی كەركوك، دەستدرێژیکردن و داگيركاريی رژێمی ئێران لە رووداوەكانی ئەمدواييانهی عێراق بە توندی شەرمەزار کرد و داوای پێكهێنانی دەستبەجێی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسايشی كرد لە پێناو سەركۆنەكردن و بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژيكردن و داگيركاريی رژێمی ئێران لە كوردستانی عێراق و جەختی كردە سەر پێويستيی كورتكردنەوەی دەست و پەنجەی رژێمی ئێران لە ناوچەكە و دەركردنی سوپای پاسداران و ميليشيا كرێگرتەكانی ئەم رژێمە لە عێراق و سوریا و يەمەن و لوبنان و ئەفغانستان و هەروەها رێگريكردن لە ناردنی چەك و چۆڵ و هێزەكانی ئەم رژێمە بۆ ئەم وڵاتانە.



No comments:

Post a Comment