ئێران.. کەسی رەقەم (2)!
ئەزمونی
بەرهەڵستكاری بەرانبەر بە رژێمی ئێران بە باشی سەلماندوويەتی كە بنەبڕ كردنی
توندڕۆيی ئيسلامی لە ئێران، كە رژێمی ويلايەتی فەقيهی سەپاندوويەتی بەسەر خەڵكدا،
پرۆژەيەكی ئاڵۆز و هاوكات زۆر پێويستە كە
ئەگەر كارامە بە ئەزموون و هەڵگری ئەندێشەی قووڵی دژەتوندڕۆيی نەبێت و هێزێكی لێهاتووی
بەهێز و رووخێنەر لە خۆی نەگرێت، نە توانای ئەوەی دەبێ ئاسۆيەكی روون بخاتە بەر
ديدی خەڵك و نە دەتوانێ قورسايی ئەم ئەركە بە كۆڵ دا بدات. بە تايبەتی كە ئەم
رژێمە بە تەرخان كردنی بودجەيەكی زۆری ملياردی و بە جۆرەها تاكتيك و هەنگاوی
فريودەرانەی ئاڵۆز، چاوی لايەنانی دەرەکی بەرانبەری كوێر و خەڵكی سەركوت كردووە و
رێگر بووە لەوەی كۆمەڵگای جيهانی چاوی بە رووی خەڵك و هێز و لايەنە سياسی و
ئازاديخوازەكانی ئێران دا وەك پێويست بكاتەوە.
بۆ
تەواوكردنی ئەم هەنگاوانەی رژێم، كەم نەبوون لايەنانی سازشكاری رۆژئاوايی كە لە
هەوڵدا بوون كەسانێک وەك ”مۆدێرە، ريفۆرميست، ميانڕۆ و ...” بنوێنن. كەسانی وەك
رەفسەنجانی، خاتەمی، روحانی و ... هتد كە هەر كامەيان دەستيان هەبووە لە پێكهێنان
و خستنە سەر پێ و مانەوەی ئەم رژێمە و هەروەها بەشدار بوون لە رشتنی خوێنی
رۆڵەكانی گەل و داپڵۆسينی لايەنانی سياسی لە ئێران. ئەوانە بە درێژايی دەسەڵاتی
مەلاكان بەردەوام دەستيان هەبووە لە تاوانەكان و ئەگەر لايەنانی سازشكار لە جيهان
رێگەيان بدابايە بە دادگايەكی نێودەوڵەتی! بە دڵنياييەوە بە توندی سزا دەدران.
هەروەك چۆن دادگای (ميكۆنوس) حوکمی سزادانی رێبەرانی ئەم رژێمەی دەرکرد بە هۆی
كردە تيرۆريستييەكەی ريستورانی ميكۆنووس.
