دەستپێكی وەرزێكی نوێ لە ئێران!
عەبدولڕەحمان مەهابادی ، نووسەر و لێكۆڵەری سياسی
دوای
يەكەم هەنگاوی راپەڕين لە ئێران بە مەبەستی رووخاندنی رژێمی مەلاكان كە بووە هۆی
ئەوەی گەلانی جيهان گوێبيستی داواكارييەكی رەوای خەڵكی ئێران بن، ئێستا دەبێ هەموو
رووداوەكان بەرەو ئاقاری دواڕۆژی ئێران خوێندنەوەی بۆ بكرێت. پرسياری هەرە جيددی
ئێستا ئەوەيە كە ئەم رژێمە كەی و لە سەر دەستی كێ دێتە
رووخان؟
بە
پشت بەستن بەو راپەڕينەی لە دوا رۆژەكانی كۆتايی ساڵی رابردوو دەستی پێكرد و
ئەمساڵ بەردەوامی دەبێت،
وڵام بەو دوو پرسيارە بنەڕەتييە، بە پێچەوانەی رابردوو. زۆر ئآسان و كورت و روونە.
لە
حاڵی حازردا ئەو كۆندەنگييە گشتييە هەيە كە وڵامی پرسياری يەكەم لە ناو بازنەی نەك
”سال”
بەڵكو”چەند مانگ” دەخولێتەوە كە بچووك كردنەوەی بازنەكەيش بەستراوەی چەند
پاڵپێوەنەرە بە تايبەت لە ناوخۆی ئێران.
ئێستا
كۆمەڵگای نێودەوڵەتی شايەتيدەرە بەسەر ئەم داواكارييە سەرەكييەی خەڵكی ئێران. واتا
گۆڕينی رژێمی ئەو وڵاتە. ئەگەرچی خەڵكی ئێران لە دۆخێكی زۆر خراپی ئابووريدا ئەژيت
بەڵام چارەسەری كێشەی ئێران نەك بە رێگەچارەی ئابووری (كە تەنانەت ئەوەيش لە
توانای رژێمی مەلاكان بەدەرە)، بەڵكو تەنها و تەنها بەستراوەتەوە بە رێگاچارەيەكی
سياسی. چونكە خەڵكی ئێران بە راپەڕينی ئەمجارەيان دەريانخست كە كێشەی ئێران تەنها
بە هاتنە سەر كاری رژێمێکی گەلدۆست بە رێگاچارەی خۆی دەگات. ئێستا ئەم داواكارييە
لە هەموو شوێنێكی ئێران گشتگير و جێی پەسندی خەڵكی ئەو وڵاتەيە. بەڵگەی ئەم
راستييەيش درووشمەكانی راپەڕينە كە لە سەراسەری ئێران دەنگی دايەوە. ”مەرگ بۆ
خامنەئی، مەرگ بۆ روحانی. مەرگ بۆ ديكتاتۆر”. ئەم داواكارييە تا ئەمڕۆ بە هۆی
سياسەتی سازان و موداراكردنی رۆژئاوا بينەر و بيسەری نەبوو و بە ئەنقەست ئاوڕيان
لێ نەدەدايەوە.
