بەرەو رزگاركردنی
ئێران!
چاوخشانێك بە سەر مێژووی 39 ساڵەی ئێران و سەرەتای ساڵی تازەدا
عەبدولڕەحمان مەهابادی ، نووسەر و
شرۆڤەكاری سياسی
لە سەرەتای دەستپێكی تەمەنی 40 ساڵەيدا، رژێمی
ديكتاتۆريی ئايينی ئێران بەرەوڕووی زۆرێك پێشهاتەی تاڵی سياسی لە ناوخۆ و دەرەوەی
ئێران بووەتەوە:
·
موقاومەتێكی
رێكخراو و ئامادە
كە خاوەنی جێگە و پێگەی خۆيەتی لە ئاستی ناو كۆمەڵ و لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتيدا،
·
گۆشەگيربوونی
رژێم لە ئاستی نێودەوڵەتيدا بە تەواوی كە هاوكات بە نەفرەت كراوە لە لايەن گەلانی
جيهانەوە.
مەلا دەسەڵاتدارەكان ماوەی 39 ساڵە بە ناڕەوا لەسەر
حيسابی ئەو خەڵكە ئەخۆن و ئەخۆنەوە و بە بەخشين لە داراييەكانی خەڵك لۆبی بۆ خۆيان
درووست دەكەن و دۆست و پشتيوان بۆ خۆيان ريز دەكەن و نەيارانيان سەركوت و كوشتار و
لەگەڵ ئەوانەشدا كار دەكەن بۆ دێواندنيان. ئەوان خوێنی ئەو ميللەتە دەڕێژن و
دەيدەنە قاقای پێكەنين و بە سەريدا هەڵپەڕكێ و ئاهەنگ دەگێڕن. بەوانەش رازی نەبوون
و دەست و پەنجەيان خستۆتە سەر خاكی وڵاتانی دوور و نزيك و بوونەتە باپير و داپير
بۆ ئەم و ئەو و، لايەنانيتر بە گژ يەكتردا دەبەن و بە سەريانەوە حوكم دەكەن و بەو
ئاقارەدا توانست و پوتانسيەلی ناو كۆمەڵ دەخەنە خزمەت پەلهاويشتن و
فرەخوازييەكانيان. ئەوان بە لێشاو پەنا دەبەنه بەر بوختان و قسەی هەڵبەستراو و
ساختەكاری و فرت و فێڵ و پروپاگەندا و لەم ساڵانەی دواييشدا هەوڵی ئەوەيان داوە كە
بە بەرهەمهێنانی بۆمبای ناوەكی جيهان بە بارمتە بگرن!
بە هۆی خەباتی حەقخوازانەی خەڵك و موقاومەتی ئێران و
خۆڕاگریيان، ئێستا ماوەيەكە گۆڕانكاری بە سوودی گەل و بە زيانی ئاخوندان دەستی
پێكردووە و هەر دێت و كۆتايی ئەم رژێمە نزيك دەبێتەوە. خەڵكی ئێران سێ مانگ بەر لە
ئێستا و لە يەكەم هەنگاوی راپەڕين بەرەو رزگاربوون، يەكدەنگ ئەو داخوازييەيان نەك
هەر لە ئێران بەڵكو لە تەواوی جيهان بەرز کردەوە كە دەبێ ئەو رژێمە بگۆڕدرێت!
بە هەڵكەوت نيە كە ئەمڕۆ دەبينين لە ئاستی
نێودەوڵەتيدا، گۆڕانكارييەكان بەرەو ئەو داخوازييە ملی ناوە و زەنگەكان دژ بە
رژێمی تيرۆريستيی مەلاكان لێدەدەن. كاتێ خەڵك و موقاومەتی ئێران سوورن لەسەر ئەوەی
رژێمی ئاخوندی بڕۆوخێنن و رژێمێکی نەتەوەيی و خەڵکی و ديموكرات و هاوشانی
شارستانييەتی لە جێ دابنێن، بێگومان جيهان لە تەنيشتی دەوەستێت و پشتگيری دەكات.
بۆ ئەمكارەيش ئاڵتەرناتیڤێكی ديموكراتی بەردەستە.
