Wednesday, July 25, 2018

ئادرێسی ئالترناتيڤی ديموكراتی بۆ ئێران


ئادرێسی ئالترناتيڤی ديموكراتی بۆ ئێران
عەبدولڕەحمان مەهابادی، نووسەر و لێكۆڵەری سياسی
لەم چەند مانگەی رابردوودا ”ئێران” بە رادەيەكی بەرچاو جێی سەرنجی كۆڕ و كۆبوونەوە سياسيەكانی ناوچەكە و هەروەها جيهان بووە كە هۆكاری سەرەكيی ئەمكارەيش، راپەڕينی سەرانسەريی خەڵكی ئێرانە بۆ گۆڕينی دەسەڵات لەم وڵاتە.
لەم دواييانەدا هێزی سەرەكيی ئۆپۆزيسيۆنی ئێران، موجاهيدينی خەلق، كۆنگرەی ساڵانەی خۆی لە پاريس بەست كە تيايدا زياتر لە سەد هەزار ئێرانی گوێبیستی وتاری خانمی مريەم رەجەوی، سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوی موقاومەتی ئێران بوون.
خانمی رەجەوی بە حزووری سەدان شاند و كەسايەتيی ناوداری وڵاتانی جيهان و ناوچەكە، دوايين هەڵوێست و روانگەی موقاومەتی ئێرانی لەهەمبەر گۆڕانکارییەکان راگەياند و رێزی لە راپەڕينی گەلی ئێران گرت و داوای لێكردن بەردەوام بن لە راپەڕين و پەرەسەندنی. چون بە دڵنياييەوە سەركەوتنيان لە پێوەند لەگەڵ موقاومەتی ئێران نزيكە.
لە تێڕوانينێكی ورد و راست و درووست بۆ سەر دۆخی سياسی و كۆمەڵايەتيی ئێران بە روونی ديارە كە ئەم رژێمە بێ ئايندەيە. چون زياتر لە شەش مانگە خەڵكی ئێران لە شار و شوێنە جياجياكانی وڵات دژ بە رژێمی دەسەڵاتدار راپەڕيون و بە كەمتر لە رووخانی رژێمی مەلاكان رازی نابن. بە سەركوتكردنی دڕندانەی راپەڕين لە شوێنێك، دەستبەجێ لە شوێنێكتر بڵێسەی راپەڕين سەر هەڵدەدات و ئەوەيش بووەتە هوی ئەوە كە رژێمی ئێران هاوسەنگيی خۆی لە دەست بدات و لە وڵامدانەوە بە داخوازييەكانی خەڵك داماو و پەككەوتە بێت. ئەوەی كۆدەنگی بێت دۆخی روو لە تەقينەوەی ئێران و تێكشكانی ئابووری رژێمی دەسەڵاتدارە.

ئەم دۆخە تازەيە كۆمەڵگای جيهانيشی توشی گۆڕانكاريی گەورە كردووە لە پێوەند لەگەڵ ئێران. حكومەتی ئەمريكا بۆ يەكەم جار لە ماوەی چوار دەيەی رابردوو، هاتۆتە تەنيشت خەڵكی ئێران و پشتيوانی لە راپەڕينی گەل دەكات و بە رەسمی رايگەياندووە كە رێكە لەگەڵ داواكارييەكانی خەڵكی ئێران بە تەواوی. دەرچوونی ئەمريكا له رێككەوتننامەی ئەتۆم لەگەڵ رژێم و توندتركردنی ئاڵقەی سزاكان دژ بە رژێمی ئێران وەك هۆكارێكی يارمەتيدەری گرينگ بۆ خەڵكی ئێران شوێندانەر بووە لە رووبەڕووبوونەوەی گەل دژ بە دەسەڵاتی ديكتاتۆری ئەو وڵاتە.
گردبوونەوەی ئەمساڵی رەوەندی ئێرانی لە پاريسيش لە پێوەند لەگەڵ خەڵكی ئێران و راپەڕينەكەيان، سيمای جياوازی هەبوو لە چاو ساڵانی رابردوو. ئامادەبووان هەمان درووشم و داخوازييەكانی خەڵكی ئێرانيان دووپات دەكردەوە كە خەڵكی ئێران لە شارە جياجياكاندا و لە ناو جەرگەی راپەڕين و گۆڕەپانی رووداوەكانی ناو ئێراندا بەرزيان كردبووەوە. پێوەنديی نێوان راپەڕين و موقاومەتی ئێران كە رژێمی مەلاكان به تەواوی لێی تۆقاون لەك گردبوونەوەيەدا بە روونی بەرچاو دەكەوت.

خانمی رەجەوی تيشكی خستە سەر ئەم پێوەندييە و روو لە ئايندەی ئێران وتی: « ئێمە بانگەشەی كۆمەڵگايەك دەكەين كە تار و پۆی، ئازادی و ديموكراسی و يەكسانييە. هەروەها خاوەنی سنووربەندييە بەرانبەر بە ديكتاتۆری و وابەستەيی و جياكاری رەگەزی و قەومی و چينايەتی. ئێمە ديفاع دەكەين بە ئێستايشەوە لە يەكسانبوونی نێوان ژنان و پياوان، لە مافی هەڵبژاردنی ئازادانەی پۆشش و جل و بەرگ. جياكردنەوەی دين لە حكومەت، لە خودموختاری نەتەوەكان، لە يەكسانبوونی مافە سياسی و كۆمەڵايەتيەكانی هەر تاكێكی ميللەتی ئێران، لە هەڵوەشاندنەوەی سزای ئيعدام و سێدارە، لە ئازاديی رادەربڕين و ئازاديی حيزب و ميديا و كۆبوونەوەكان. لە ئازادبوونی يەكێتی و ئەنجوومەن و سەنديكاكان. ئێرانێكی نائەتۆمی كە تيايدا پێكەوەژيان بوونی هەيە و هاوكار دەبێت لە ئاستی ناوچەكە و جيهاندا».
خانمی رەجەوی بە تێر و تەسەل لە سەر ميكانيزمی كار لە دوای رووخاندنی رژێمی ئێران دواو و وتيشی : «يەكەم هەنگاو. گواستنەوەی دەسەڵاتە بۆ گەلی ئێران. بە پشت بەستن هەر بەو خەڵكە و پێگە جەماوەرييەیە كە دەكرێت خۆمان لە ئاژاوە و بشێۆی و نائەمنی دوور رابگرين و دوای رووخاندنی رژێم، حكومەتێكی كاتی بۆ ماوەی شەش مانگ پێك دەهێنرێت كە ئەركی هەرە سەرەكی، پێكهێنانی ئەنجوومەنی دامەزرێنەران (مجلس موسسان)ە بە رێگەی هەڵبژاردێكی ئازاد بە دەنگی گشتی و راستەوخۆ و يەكسان و بە نهێنی».

لەم كۆنگرەيەدا كە هاوكات بوو لەگەڵ بەردەواميی راپەڕين لە خوزستان کە پارێزگايەكی باشووری ئێرانە، ژمارێكی زۆر لە شاندە سياسی و پەرلەمانی و كەسايەتييە ديارەكانی وەك رودی جوليانی، راوێژكاری حقوقيی سەرۆك كۆماری ئەمريكا ئامادەی گردبوونەوەكە بوون. ئەوان وێڕای پشتگيريكردن لە گردبوونەوەكە و ئامانجەكانی، جەختيان كردە سەر ئەوە كە ئەنجوومەنی نيشتمانيی موقاومەت بە سەرۆكايەتيی خانمی مريەم رەجەوی تاكە ئالترناتيڤی جيددی و ديموكراتييە بەرانبەر بە رژێمی ئێران. شاند و كەسايەتييەكان نوێنەرايەتيی بەشێكی زۆری گەلانی هەر پێنج كيشوەر (قاڕە)ی جيهان دەكەن و هەندێكيان بۆ ساڵانێكی زۆر دەسەڵاتداری بەرجەستەی حكومەتی و سەربازيی بوون لە وڵاتی خۆيان.
رژێمی مەلاكانی دەسەڵاتدار لە ئێران كە پێشتر ئاگادار بوو لە بەستنی گردبوونەوەكە و ئامانجەكانی و شوێن و پێگەی گردبوونەوەكە، تەواوی هەوڵی ديپلۆماتييانەی خۆی خستە گەڕ بۆ ئەوەی رێگری بكات لە بەستنی ئەم گردبوونەوەيە و لەگەڵ ئەوانەشدا، پلانی داڕشبوو بۆ كردەی تيرۆريستی كە بۆمبا بنێتەوە لە ناو كۆبوونەوەكە كە بە هۆی وريايی دەزگا ئاسايشييەكانی وڵاتانی ئەورووپی كشف كرا و پووچەڵ كرايەوە و ئەوەش بووە هۆی ريسواييەكی گەورە بۆ رژێمی ئێران.
دوابەدوای كەشفكردنی كردە تيرۆريستييەكە، مۆرە و ميدياكانی رژێمی ئێران ئيدديعايان كرد كه ئەم ماجەرايە سەر تا پێی، كاری خودی موجاهيدين بووە و دەستگيركراوەكانيش ئەندامانی خۆدی موجاهيدين بوون! كە بێگومان ئەگەر ئەم كردە تيرۆريستييە بە سەركەوتوويی ئەنجام درابا ئەوە رژێم رايدەگەياند «چالاكيی لاوانی موسوڵمانی فەرانسی يا ئەوروپی و پێڕەوی ويلايەت دژ بە موجاهيدينی خەلق». چون ئەم سيناريۆيە زۆر جار لە لايەن ئاخوندەكانەوە بەكارهێنراوە.

كەۆايە بەڕێوەچوونی سەركەوتووانەی گردبوونەوەكە و كردەی تيرۆريستيی ناسەركەوتووی رژێمی ‌ئێران جارێكيتر ئادرێسی راستەقينەی چارەسەری پرسی ئێرانی نيشان دا كە بريتيە لەوە كە، موقاومەتی ئێران تاكە ئالترناتيڤی جيددی و راستەقينەيە بەرانبەر بە رژێمی دەسەڵاتداری ئاخوندان!

No comments:

Post a Comment