Monday, July 30, 2018

قفڵی ئێران بەو كليلە دەكرێتەوە!


قفڵی ئێران بەو كليلە دەكرێتەوە!
تێڕوانينێك بەسەر پشتيوانيكردنی نێودەوڵەتی لە تاكە ئالترناتيڤی ديموكراتی بۆ ئێران
عەبدولڕەحمان مەهابادی، نووسەر و لێكۆڵەری سياسی
كاتێ خەڵكی ئێران دژ بە دەسەڵاتی ديكتاتۆری رژانە سەر شەقام و زەنگی كۆتاييهێنانی رژێميان لێدا، يەكەم پرسياری ناو مێشك ئەوە بوو كە چ بە سەر ئێران دێت و قفڵی ئەم وڵاتە تاريكە بە كام كليل دەكرێتەوە؟!
بە پێشكەوتن و بەردەواميی راپەڕينی جەماوەری، زۆرێك دەركەوتن کە خۆيان بە فريادرەسی خەڵك نيشان دا. زۆرێك چاويان بڕيبووە زلهێزەكانی جيهان و بە تايبەت ئەمريكا. زۆرێكيش بە سەرلێشێواوی و پەشۆكاوییەوە بەدوای ئەم و ئەودا وێڵ بوون. بەڵام لە هەمووان خۆڕاگرتر ئەو هێزه بوو كه لەم دواييانەدا لە گردبوونەوە گەورەكەی پاريس دەركەوت.
ئەنجوومەنی نيشتمانيی موقاومەتی ئێران وەك بەڕێوەبەری گردبوونەوەكە، تێكەڵاوەيەكە لەو هێزانەی هەر لە سەرەتاوە خوازياری رووخاندنی رژێمی مەزهەبيی دەسەڵاتدار لە ئێران بوون. هێزی سەرەكيی ناو ئەم ئەنجوومەنە، موجاهيدينی خەلقە كە زيات لە نيو سەدەيە دژ بە دوو ديكتاتۆريی شا و ئاخوندان لە جەنگدايە و بە كردەوە سەڵاحييەت و لێهاتوويی خۆی بۆ رێنوێنيكردنی ئەم راپەڕينە و هەروەها ئيدارەكردن و بەڕێوەبردنی ئێرانی دوای رووخاندنی مەلاكان نيشان داوە.
رژێمی ئێران لە ماوەی چوار دەيەی رابردوو، زۆر جار دۆسێيەی موجاهيدينی خەلقی بە «داخراو» راگەياند. بەڵام هەر كات لە ئێران چالاكييەك بكرێت دژ بە دەسەڵات، كاربەدەستانی ئەو رژێمە پەنجە بۆ ئەم سازمانە رادەكێشن. لە سەرەتای ئەو راپەڕينەی حەوت مانگ بەر لە ئێستاوە دەستی پێكردووە و لە حاڵی حازردا لە هەموو شوێنێكی ئێران بەردەوامە، عەلی خامنەئی، وەلی فەقيهی ئاخوندان رايگەياند كە موجاهيدينی خەلق لە پشت راپەڕينەوەن و چەند مانگ كاريان بۆ ئەو راپەڕينە كردووە. واتای ئەم قسەيەی خامنەئی پووچەڵكەرەوەی پروپاگەندای دەسەڵاتدارانی تارانە دژ بە موجاهيدينی خەلق. چون موجاهيدين نەك تەنها ماون، بەڵكو بەهێزتر لە جاران، ئێستا نەخشەداڕێژەری راپەڕينی جەماوەرين بۆ راماڵينی رژێمی ئێران.

بەڕێوەبردنی گردبوونەوەی ئەمساڵ لە پاریس لە هەموو روويەكەوە واتای تايبەتی خۆی هەيە كە يەكەميان، رەتكردنەوەی ئيديعا و پروپاگەندای ژەهراويی رژێمی مەلاكان و هاوپەيمانانيەتی. ئەوان ئيدديعا دەكەن خانمی مريەم رەجەوی و موجاهيدينی خەلق لە ناوخۆی ئێران بێ پێگەی جەماوەرين. لێرەدا ئەم پرسيارە بۆ بيسەر يا بينەری ئەم گردبوونەوەيە دروست دەکات كە ئەگەر پروپاگەندای دەسەڵاتدارانی تاران دروست و بەڵگەدارە، ئاخۆ ئاپۆرەی زيات لە (100)هەزار ناو گردبوونەوەكە هاوڕێ و خزم و كەس و كاريان نيە لە ناوخۆی ئێران؟ ئايا ئەگەر بە تۆزقاڵێك شارەزايی لەسەر كێشە و سنوورداريی پەناهەندەيی و پەنابەران لە وڵاتانی جيهانەوە بڕوانينە ئاپۆرەی ئەم گردبوونەوەيە، ناكرێت لەوە بگەين كە هۆگران و ئەوانەی حەزی ئامادەبوون لە گردبوونەوەكەيان لە دڵ دا بوو، چەند هێندەی ئاپۆرەی ئامادەبووی گردبوونەوەكە بوون؟ ئايا دابينكردنی تێچووی گردبوونەوەيەكی گەورەی لەمجۆرە و ئيدارەكردن و رێكخستنی، زۆر گەورەترە لە پروپاگەندای كاربەدەستانی تاران و راگەياندنی ژەهراويی ئەوان دژ بە موجاهيدينی خەلق؟!

دووفاقيەتی قسە و لێدوانی كاربەدەستانی رژێمی ئاخوندی لە پێوەند لەگەڵ ئۆپوزيسيۆنی سەرەكيی ئەم رژێمە، واتا موجاهيدین، تا رادەيەكە كاتێ زاريان دەكەنەوە، ناهاوسەنگيی دەروونی و پەشۆكاوی و شڵەژاويی ئەم رژێمە لەهەمبەر پێوەندی نێوان جەماوەری خەڵكی ئێران و موجاهيدين خەلق فيچقە دەكات. تەنها هەر لە بەر ئەوەيە كاربەدەستانی ئەم رژێمە، بە پارەيەكی زۆر و بە رێگەی لۆبی و دەست و پێوەندەكانی، هەستاون بە داتاشينی ئالترناتيڤی ساختە و خەياڵی بۆ رژێمەكەيان تا راپەڕينی خەلك و موقاومەتی ئێران بخەنە پەڕاوێزەوە. بەڵام ئايا ئەوەيان بۆ سەر دەگرێت؟ بێگومان نا!
موجاهيدينی خەلق لە ماوەی ساڵانی رابردوو چەندين ليستی شەهيدانيان بە كتێب كردووە و بڵاويان كردۆتەوە. ئاماری شەهيدانی موقاومەتی ئێران لە ماوەی 4 دەيەی رابردوو نزديك بە (120)هەزار كەسە كە هەر كامەيان نەك تەنها هاوڕێ و خزم و كەس، بەڵكو لە ريزەكانی موجاهيدين و موقاومەتدا هاوسەنگەرانيان هەيە كە بەڵێن و پەيمانيان، درێژەدان بە گرتنەبەری ئامانجەكانی شەهيدانە. كەوايە رژێمی ئێران دەبێ زۆر بترسێت لە رۆژی لێپرسينەوە و لێپێچينەوە و سەركەوتنی راپەڕينی خەڵك و موقاومەتی ئێران!

ئێستا زيات لە جاران ئەو كۆدەنگەييە نێودەوڵەتيە لە ئاڕادايە كە ئەنجوومەنی نيشتمانيی موقاومەتی ئێران تاكە ئالترناتيڤی ديموكراتی و جيددييە بەرانبەر بە رژێمی ئێران. چون هەبوونی ئالترناتيڤێكی بەهێز، تايبەتمەنديی خۆی هەيە و لەوانە، مێژووی خەباتكارانەی روون، پێگەی كۆمەڵايەتی و رێكخستنی بەرين و بە هێز لە ئێستادا و هەبوونی پلاتفۆرمێكی روون بۆ ئێرانی ئازادی دواڕۆژ. بێ هەبوونی هەر كام لەوانە، ئالترناتيڤەكە خەياڵی و غەيرەجيددييە.

لە گردبوونەوەی ئەم دواييەی پاريس. بێجگە لە رەوەندی ئێرانی، سەدان شاند و سياسەتمەداری ناودار و شاندی پەرلەمانی لە هەر پێنج كيشوەر (قاڕە)ی جيهانەوە، پشتيوانيكردنی خۆيان لە راپەڕينی خەلكی ئێران و موقاومەتی رێكخراو و ئالترناتيڤی ديموكراتيی ئەنجوومەنی نيشتمانيی موقاومەتی ئێران راگەياند. گریمانەی ئەوە دەكرێت ئەم ئالترناتيڤە، بە ئامادەبوونی رودی جوليانی، راوێژكاريی ياسايی پرێزيدێنت ترامپ و شاندێكی ديار لە كەسايەتی و بەرپرسانی پێشووی ئەم وڵاتە، لە لايەن حكومەتی وڵاتە يەكگرتووەكانی ئەمريكاوە پشتيوانی بكرێت. چون ئەو شتە تەواو رێك و گونجاوە لەگەڵ ستراتيژيی راگەياندراوی حكومەتی ئەمريكا. كەوايە لە چەند مانگی داهاتوودا زۆر سروشتييە شايەتی گۆڕانكاری گەورە لەم رێڕەودا بين.
@m_abdorrahman



No comments:

Post a Comment