Sunday, August 5, 2018

تيرۆريزمی رژێمی ئێران لە وڵاتانی جيهان!


تيرۆريزمی رژێمی ئێران لە وڵاتانی جيهان!
ريسواييەكی گەورەی تيرۆریزمی دەوڵەتیی رژێمی مەلاكان لە ئەوروپا

عەبدولڕەحمان مەهابادی، نووسەر و لێكۆڵەری سياسی
لە تێڕوانێكی لۆژيكيانە و راشكاوانەدا بەسەر كردە تيرۆريستييە ناسەركەوتووەكەی رژێمی ئێران لە ئەورووپا لە 30ی یونیوی 2018 دەكرێت بە روونی لەوە بگەين كە لەبەرچی رژێمی ئێران لەم هەل و مەرجە هەستيارەدا هەستاوه بەمكارە. ئايا کاربەدەستانی رژێمی ئێران نەیاندەزانی تەنانەت ئەمكارە ئەگەر بە سەركەوتووییش ئەنجام درابا قورساييەكی زۆر دەكەوێتە سەر رژێمەکەیان؟ بە دڵنياييەوە دەيانزانی و زۆر بە باشی ئاگاداری دەرهاويشتەكانی بوون.
كاربەدەستانی رژێمی ديكتاتۆريی ئايينی دەسەڵاتدار لە ئێران بە باشی دەزانن كە بە پێچەوانەی رابردوو، دوربينەكانی جيهان زوومی سەر رژێمەكەيانە و ئێستايش ئيمدادگەرانی غەيبیی سەردەمی ”قۆناغی ئاڵتونی” (سەردەمی ئۆباما)ش نەماون تا بە پەردەپۆشكردن و چاوقوچاندن بەسەر تاوانەكانی رژێم تەمەنيان بۆ درێژ بكەنەوە.
دەسەڵاتدارانی تاران بە دەستپێكردنی راپەڕينی سەراسەريی خەڵكی ئێران بە روونی دەيانزانی كە بەڕێوەچوونی گردبوونەوەی ساڵانەی نەيارانی رژێمی مەلاكان لە پاريس لە رێكەوتی 30ی يونيوی 2018 وەك ”سەر”ێك بۆ جەستەی راپەڕينی خەڵكی ئێران، بانگەشەی جيهان دەكات بۆ ئەوەی بێنە تەنيشت خەڵكی ئێران بەرانبەر بە دەسەڵات. لەمڕووەوە لە لوتكەی بڕياردان، واتا عەلی خامنەئی، حەسەن روحانی و وەزيرانی كاروباری دەرەوە و ئيتڵاعات و فەرماندەرانی هێزی تيرۆريستيی قودسی سوپای پاسداران، چەند مانگ بەر لە گردبوونەکەی پاریس، پيلانيان داڕشتووە بۆ زەبر وەشاندن لە هێزی سەرەكيی ئۆپۆزيسيۆنی ئێران و سەرمايەگوزارييان كردبوو لەسەر ئەم كردە تيروريستييە تا رێگە بە بەستنی گردبوونەوەكە بگرن!

عەلی خامنەئی رۆژی 19ی بەفرانباری رابردوو (9ی ژانوييەی 2018) واتا لە گەرماوگەرمی دەستپێكی راپەڕينە جەماوەرییەکەی خەڵكی ئێران، ئادرێسی تاكە هێزی دژبەر، واتا موجاهيدينی خەلقی ئاشكرا كرد و وتی كە ئەم رێكخراوە لە پشت راپەڕينەوەيە و لە چەند مانگ بەر ئێستاوە كاری بۆ سازدانی راپەڕينەكە كردووە. هەربۆيە پلانی گەورەترين كردەی تيرۆريستی دژ بە موقاومەتی ئێران، لە بنکەی ويلايەتی فەقيهی ئاخوندی دارێژرا. عەلی شەمخانی، سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسايشی رژێمی ئێران وێڕای ئاماژەدان بەو پلانە، لە لێدوانێكی رەسمی دا وتی، وەها زەبرێك لە موجاهيدين بووەشێنين كە خۆيشيان نەزانن لە كوێوە وێيان كەوتووە!

نيوەڕۆی رۆژی شەممە (30ی يونيوی 2018) و تەنها چەند كاتژمێر بەر لە دەستپێكردنی گردبوونەوەكەی رەوەندی ئێرانی لە پاريس كە تيايدا زياتر لە سەد هەزار ئێرانی ئامادەی ببوو، پۆليسی بلژيكا لە چالاكييەكی بەربڵاودا لە برۆكسێل، تيمێكی تيرۆريستيی رژێمی ئێرانيان خستە بۆسەوە. تيرۆريستان هەڵگری بۆمبايەكی بەهێز بوون بۆ نانەوە لەم گردبوونەوەيەدا. لێكۆڵينەوە بەراييەكان دەريخست كە «ئەسەدوڵڵا ئەسەدی»، سكرتێری سێيەمی باڵيۆزخانەی رژێمی ئێران لە ڤييەنا، سەرپەرشتيی ئەم كردە تيرۆريستييەی كردوە و مەوادی تەقينەوەكەی رادەستی تيمی تيرۆر كردووە لە لوكرامبورگ. دەستگيركردنی ئەم ديپلۆمات تيرۆريستە و ژمارێكيتر لە تيرۆريستەكانيتر، عەلی خامنەئی و تەواوەتی رژێمی ئێرانی ناچار كرد بە هەموو هێز و توانای خۆيان هەوڵی ئەوە بدەن كە ئەسەدی لە دەست دەزگاكانی ئاسايشی ئاڵمان رزگار بكەن و بە رێگەی ئوتريش (نەمسا)وە بيگەيەننەوە ئێران. باڵيۆزخانەی رژێمی ئێران لە نەمسا، ناوەندی تيرۆريستيی هەرە گرينگی رژێمە لە ئەوروپا و تا ئێستا كردەگەلی تيرۆريستيی زۆری سەرپەرشتيی كردووه دژ بە نەيارانی رژێمی ئێران.
شياوی وتنە كە رۆژی 22ی پوشپەڕ (13ی يونيوی 1989) تەنها 40 روژ دوای مردنی خومەينی، دەستپێكردنی ستراتيژيی نوێی رژێمی ئێران بە دەستڕێژی گوللەی پاسدارانی نێرداوی رژێم، لە ئاپارتمانێك لە ڤييەنا راگەياندرا. دوكتور عەبدولڕەحمان قاسملو، سكرتێری گشتيی حيزبی ديموكراتی كوردستانی ئێران لەسەر مێزی گفتوگۆكردن لەگەڵ نوێنەرانی ئاخوند هاشميی رەفسەنجانی تيرۆر كرا. ئەم تيرۆرە لە سەر دەستی پاسدار جەعفەريی سەحراروودی جێبەجێ كرا. چەند مانگ دواتر و لە روژی 4ی بانەمەڕی 1369 (24ی ئاپريلی 1990) تيرۆريستانی رژێم لە سويسڕا (دوكتور كازم رەجەوی)يان لە كاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەكەی لە دەوروبەری ژنێڤ تيرۆر كرد. لە 15ی گەلاوێژی 1370 (6ی ئاگۆستی 1991) دوكتور شاپور بەختيار لە پاريس و لە 26ی خەرمانانی 1371 (17ی سێپتامبەری 1992) دوكتور سادق شەڕەفكەندی، سكرتێری گشتيی حيزبی ديموكراتی كوردستانی ئێران و 25ی رەشەمەی 1371 (16ی مارسی 1993) محەمەدحسێن نەقدی، نوێنەری ئەنجوومەنی نيشتمانيی موقاومەتی ئێران لە ئيتالياش تيرۆر كران.

ئەگەرچی لە ساڵانی رابردوودا، بە هۆی سياسەتی سازشت و سازانی رۆژئاوا لەگەڵ ئەم رژێمە خوێنڕێژە، سەرجەم دۆسێيەكانی تيرۆريزمی دەوەڵەتيی رژێمی ئێران بە داخراوی خرايە ناو ئارشيڤەوە. بەڵام دۆسێيەی كردە تيروريستييەکەی ئەم دواييەی رژێم، نەك تەنها تا يەكلاييكردنەوەی داناخرێت بەڵكو سەرەتايەك دەبێت بۆ كردنەوەی سەرجەم دوسێيەكانی تيرۆريزمی دەوڵەتيی رژێمی ئێران لە وڵاتانی جيهان. بە دەستپێكردنی راپەڕينی خەڵكی ئێران، هەل و مەرجی ئێرنا گۆڕانكاريی گەورەی بەسەردا هاتووە چ له ناوخۆی ئێران و چ لە ئاستی نێۆدەوڵەتيدا و بارودۆخەكە هەرگيز بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە و رووخاندنی ئەم رژێمە شتێكی حاشاهەڵنەگر و نزيكە.
بە دڵنياييەوە ئەگەر كردە تيرۆريستييەی ئەمدواييەی رژێم بە سەركەوتوويی ئەنجام درابا، كارەساتێكی گەورە بوو نەك تەنها بۆ خەڵكی ئێران بەڵكو بە هەموو جيهان. چون لە هەر وڵاتێكەوە، زۆرێك كەسايەتی و شاندی نوێنەرايەتی بۆ پشتيوانيكردن لە راپەڕينی خەڵكی ئێران و موقاومەتی ئێران ئامادەی گردبوونەوەكەی پاريس ببوون.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمريكا كە چەندين كەس لە شارومەندانی ديار و كاربەدەستانی پێشووی، ئامادەی گردبوونەوەكەی پاريس ببوون و ئەگەری ئەوە هەبوو كە له تەقينەوە و كردە تيروريستييەكەی رژێم لە 30ی يونيو گيانيان لە دەست بدەن، دەستبەجێ دوای كەشفی كردە تيرۆريستيەكە رايگەياند كە ئەم بابەتە پێ و شوێن دەگرێت تا كۆتايی كەيسەكە.
ئەوەی ئێستا زياتر لە هەر كاتێكيتر پێۆيستە، داخستنی باڵيۆزخانەكانی رژێمی تيرۆريستيی ئێرانە لە سەرجەم وڵاتان و بە تايبەت وڵاتانی ئەورووپا و هەروەها داخستنی ناوەندە ديپلۆماتی و رۆژنامەوانی و راگەياندن و ئەنجوومەنە ئەدەبی و فەرهەنگی و بازرگانيكردنەكانی ئەم رژێمەيە كە هەر هەموويان دەستيان هەيە لە كاری سيخوڕيكردن و تيرۆر.
ئەگەرچی كردە تيرۆريستييەكانی رژێمی ئێران بە تايبەت لە سەردەمی سەرۆكايەتی كۆماری عەلی ئەكبەر هاشميی رەفسەنجانی مێژووی كۆنی هەيە بەڵام پووچەڵكردنەوەی كردە تيرۆريستيەكەی ئەمدواييە، نەك تەنها كێش و پێگەی تاكە ئالترناتيڤی ديموكراتيی ئەم رژێمەی لە بەردەم بير و ڕای گشتی نومايش كرد، بەڵكو جارێكيتر سەرنجی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی راكێشا بەرەو تيرۆريزمی رژێمی ئاخوندی و هەروەها بەربڵاوی و رەهەندەكانی ئەم كردە تيرۆريستييانەی رژێم بۆ زەبر وەشاندن لە موقاومەتی ئێران.

بە چاوخشانێك بەسەر كارنامەی رژێمی ديكتاتۆريی ئێران ئەم راستييە بە زەقی بەرچاو دەكەوێت كە سەركوتكردن لە ناوخۆی ئێران و تيرۆر لە دەرەوەی سنوورەكانی ئێران، پێويستييەكی بەردەوامە بۆ مانەوەی ئەم رژێمە. چون هێز و توانستی مێژوويی و سياسی و فەرهەنگی و كۆمەڵايەتيی ئەم رژێمە بە تەواوی دژ بە ئازادی و پێكەوەژيانی گەلانە بە ئاشكرا و، سەركوتكردن و تيرۆركردن لەم رژێمەدا بەردەوام دەبێت تا كاتی رووخاندنی. تەنها هەر لە بەر ئەوەيە كە دەبينين هاوكات لەگەڵ بەردەواميی راپەڕين لە سەراسەری ئێران، مەلاكانی دەسەڵاتدار لە ئێران بەو كردە تيرۆريستييەی ئەمدواييانەيان ئەيانەويست كارەساتێكی مرۆيی گەورە بسەپێنن بەسەر كۆمەڵگای مرۆڤايەتی هاوچەرخدا.
كەوايە شان بە شانی بەردەواميی راپەڕينی خەڵكی ئێران و نزيكبوونەوەی كۆتايی ئەم رژێمە، دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بكەين كە دەزگای تيرۆريزمی دەوڵەتيی ئەم رژێمە هەروەك مارێكی زامدار و ژەهراوی، بەدوای كردەی تيروريستييترەوە بێت. لەمڕووەوە زۆر پێويستە كە پشتيوانيكردن و بەرگريكردن لە تاكە ئالترناتيڤی ديمۆكراتييانەی خەڵكی ئێران بە چەند قات زيات بكرێت.
@m_abdorrahman


No comments:

Post a Comment