Thursday, August 30, 2018

دەسەلاتێکی هەزار سیما و بەرهەڵستكارێكی سەرسەخت!


دەسەلاتێکی هەزار سیما و بەرهەڵستكارێكی سەرسەخت!
مێژووی بەرەنگاربوونەوەی دوو هێزی دژبەر لە ئێران
عەبدولڕەحمان مەهابادی، نووسەر و لێكۆڵەری سياسی
كاتێ ديكتاتۆرێك حوكمی وڵاتێك دەكات، دەنگی نەيار باش نابيسترێت. بە تايبەت كە ديكتاتۆرەكە بە قۆستنەوەی هەستی ئایینیی  جەماوەر هاتبێتە سەر كار و دەمامكی ئيسلاميشی بە روخسارەوە بێت.
لە روانگەی موجاهيدينی خەلقەوە كە لە سەرەتای ساڵانی دامەزرانیەوە، لە لايەنی رژێمی حەمەرەزاشای پەهەلەوی و هەروەها ئيسلامێکی کۆن كە له لايەن مەلاكانەوە نوێنەرايەتی دەكرا زەبری كوشندەی بەركەوتبوو، دەستپێكی خولێكی رەشی دەسەڵاتی مەلاکان چاوەڕوانكراو بوو. هاتنە سەرکاری ئەم دەسەڵاتەیش خۆی بەرهەمی پيلانی هاوبەشی كۆنەپەرستی _ئيستعيماری و هەروەها قۆستنەوەی هەستی ئايينی خەڵكی ئێران لە لايەن ئاخوندەكانەوە بوو. ئەمانەيش خۆی لە بە تاڵانبردنی رێبەرايەتيی شۆڕشی دژەپاشايەتی خەڵكی ئێران لە لايەن خومەينی و هاتنە سەر كاری مەلاكاندا نيشان دەدات.
بە لەبەرچاوگرتنی جێگە و پێگەی تايبەتیی ئێران لەم ناوچەيە لە جيهاندا كە شوێن و پێگەی ئوپۆزيسيۆنی ئەم دەسەڵاتەيشی تايبەتمەند دەكرد، موجاهيدينی خەلق تاكە هێزی سەراسەری و جيددی بوو لە ئێران كە هەر لە سەرەتاوە بەرانبەر بە ديكتاتۆرييەتی مەلاكان وەستا و هەرگيز پاشەكشەی نەكرد لە رووخاندنی ئەم دەسەڵاتە! ناسكردنی راستەقينە لە رەوتی ئيسلامی دواكەوتوو كە لە خومەينيدا بەدی دەکرا و دەسەڵات لە ئێرانی داگيركردبوو، تۆشەی ئەو رێگايە بوو كه بە بڕياردانی گرينگ و بەرخۆدانێكی لە رادەبەدەر بۆ گەيشتن بەو ئامانجە واڵايە هەنگاو بنێن. ئەو رێگايەی قۆناغی يەكەمی دوو ساڵ و نيوی خاياند و لەو قۆناغەدا لەقاودانی پێناسەی خومەينی و رژێمەكەی، سەردێڕی خەباتی بوو.
موجاهيدينی خەلق دەنگيان نەدا بە ياسای بنەڕەتيی رژێمی ئاخوندان. چون دژ بە سەروەری گەل و نيشتمان و لە سەر بنەمای ئەسڵی ويلايەتی فەقيهی بوو. ئەوەيش بووە هۆی ئەوە كە خومەينی بە پێچەوانەی بەڵێنەكانی پێشووی، بە شەخسی دەستی خستە ناو رووداوەكان و رێگريی كرد لە كانديداتۆريی بەڕێز مەسعود رەجەوی كە لە لايەن زۆرينەی خەڵك و رێكخراوە سياسيە خەباتكار و ئازاديخوازەكانی ئەو سەردەمە پشتیوانی دەکرا و دواتريش فەتوای «مونافقين خراپتر لە كافر»ی لەسەر دەركردن كە سەرەتايەك بوو بۆ ئەو كوشتارەی تا ئەمڕۆ بەردەوامە.

لە گەرماوگەرمی گۆڕانكارييە خێراكانی ئەو سەردەمەدا كە خومەينی بە دوای سەقامگيركردنی ديكتاتۆرييەتەکەیەوە بوو، گوشاری خستە سەر موجاهيدين تا بەشداری بكات لە سەركوتكردنی خەڵكی كوردستان يا لايەنانی نامەزهەبی! بەڵام موجاهيدين بە پشت بەستن بە ئوسول و پرەنسيبی بنەڕەتی و كۆڵنەدەرانەی، ئەمجارەش بە خومەينييان وت «نا» و بەرگرييان كرد لە كورد و هێزە ئازاديخوازەكان كە ئەوەش رق و توڕەيی خومەينی و ئاخوندەكانی چەند هێندە زياد كرد. لە درێژەی ئەم پرۆسەيەدا بوو كە موجاهيدين بەرانبەر بە دەستێوەردانەكانی رژێمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەكە، بوون بە لەمپەڕێكی ئاسنين دژ بە رژێمی ئێران و بەرگرييان كرد لە خەڵكانی ئەو وڵاتانە.
لە درێژەی ياسامەندانەی ئەم رووبەڕووبوونەوەيەدا كە رژێم بە نياز بوو موجاهيدين ناچار بكات سازشت بكەن، موجاهيدين بە خۆپيشاندانێكی جەماوەريی نيو مليۆن كەسی لە تاران لە رۆژی 30ی جۆزەردانی ساڵی 1360 (21ی يونيوی 1981) جارێكيتر بەرهەڵستکاری و بەرەنگاربوونەوەی خۆی دژ بە خومەينی و رژێمەكەی نيشان دا و رەوايەتی ئەم رژێمەی خستە ژێر پرسيارەوە. خومەينی كە لەم سەرسەختبوون و خۆڕاگرييەی موجاهيدين بە تەواوی تووڕە ببوو ئەم هەنگاوە هێمنانەی موجاهيدينی پێ قەبووڵ نەكرا و ئەمری دا بە پاسداران كە خۆپيشاندەران خەڵتانی خوێن بكەن و بەمجۆرە بە دەستڕێژی گوللەی پاسداران كۆتايی بەو قۆناغەی خەباتی سياسی هێنرا!
ئەوان بە پێداگری لەسەر پرەنسيبەكانيان، بە تايبەت پرەنسيبی سەربەخۆبوون و پشت بەستن بەگەل، هەموو شێوازەکانی خەبات و تێكۆشان بۆ رووخاندنی رژێمی مەلاكانیان تاقی كردەوە و بە تێپەڕبوونی سەركەوتووانە بە ناو گڕكانی رووداوەكاندا، خۆيان وەك تاكە ئالترناتيڤی ديموكراتی بەرانبەر بە رژێمی مەلاكان بە جيهان نيشان دا و ”گەورەترين” هاوپەيمانیان كە ئێستا بۆتە هاوپەيمانيی هەرە دێرین لە مێژووی ئێراندا، لە ساڵی 1982 پێكهێنا كە ناوی ”ئەنجوومەنی نيشتمانيی موقاومەتی ئێران»ە.
كاتێ شەڕی ئێران و عێراق گەرم بوو و خومەيتی دەيوتەوە كە تا دوايین ماڵ درێژە بە شەڕ دەدەين، بەرپرسی ئەم ئەنجوومەنە دوای پاشەكشەی عێراق لە ناو خاكی ئيران، رێككەوتننامەی ئاشتيی مۆر كرد لەگەڵ حكومەتی ئەوسای عێراق و ئەوەيش پێشوازيكردنێكی زۆری جەماوەری خەڵكی ئێران و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و چوار ساڵ دواتر، بە پاراستنی ئوسول و پرەنسيبە بنەڕەتيەكان و هاتنی بۆ خاكی عێراق، «سوپای ئازاديبەخشی ميللی»ی دامەزراند و زەبری وەها كوشندەی وەشاند لە رژێمی مەلاكان كە دوو ساڵ دواتر خومەينی ناچار بوو بە قبووڵكردنی بڕيارنامەی 598 جامی ژەهر نۆش بكات! چون خومەينی باش هەستی بەوە كردبوو كە ئەگەر ئەم رێككەوتننامەيە مۆر نەكات، ئەوا چەند مانگ دواتر لەسەر دەستی ئەو سوپایە رژێمەكەی ئەڕووخێت و كۆتايی بە دەسەڵاتی ئاخوندان دێت. ئەو رووداوەش وەك بەڵگەيەك لەسەر راست و درووستبوونی ستراتيژی و رەوايەتی ئەو رێگايەی موجاهيدين گرتبوويانە بەر.
ئێستا بۆ چوار دەيە دەچێت كە ئێران شايەتی رووبەڕووبوونەوەی ئەو دوو هێزە دژەبەرەيە. ديكتاتۆرييەتی ئايينيی دەسەڵاتدار لە لایەک و گەل و ئەنجوومەنی نيشتمانيی موقاومەتی ئێران لە لایەکیتر. لەبەر روشنايی ئەم نەخشە رێگايەيە كە رۆڵەكانی گەل، هەزار هەزار بەرەوپيری سێدارەوە چوون و بەرانبەر بە ديكتاتۆر وتيان «نا». ئەو نەخشە رێگايەی سی ساڵی رەبەق بەر لە ئێستا، سی هەزار زيندانيی سياسی، بە پێداگريكردن لەسەر «موجاهيد»بوونی خۆيان لە سێدارە دران.
لە سەردەمێكدا بە درێژايی چوار دەيە، كە رژێمی مەلاكان زۆرێكيان لە ئێران و دەرەوەی ئێران بە فيتنەی «موزاكرەكردن» و دانوستان و وادەی بێ بنەما(!) لە خەبات و تێكۆشان دوورخستەوە، ياخود بردنيە تەنيشت خۆی. لە سەردەمێكدا كە بە گرتن و ئەشكەنجەدان و لە سێدارەدان لە ناوخۆی ئێران، يا بە دەست تێوەردان و تيرۆر و هەڕەشەكردن، زۆرێكی ناچار بە بێدەنگبوون و سستبوون كرد. لە سەردەمێكدا كە بە خستنە رووی درۆزنامەی ئيسڵاح تەڵەبی و ميانەڕۆيی و مۆدێرە يا بە دەمامكی مافەكانی مرۆڤەوە يا لە ژێر ناوی خانەوادە و رێكخراوەكانی بە ناو ئێن جی ئۆ (NGO)وە زۆرێكی لە هەر دوو ديوی سنوورەكانی ئێران لە خشتە برد و وای لێكردن پشتيوانيكاری ئەم رژێمە بن، ئەوەی پێداگر و خۆڕاگر مايەوە لەسەر ئوسول و ستراتيژيی رووخاندنی رژێم، هەمان ئەو هێزه بوو كە هەر لە سەرەتاوە بەرانبەر بە ديكتاتۆری ئايينی وتی «نا» و دامەزرێنەری ئەم رژێمە لە ترسی ئەو هێزه جامی ژەهری نۆشی و ساڵێكی نەبرد مرد. هێزێك كە هەر لە سەرەتای هاتنە سەر كاری دەسەڵاتی ئاخوندييەوە بە دوای دامەزراندن و چەسپاندنی سەروەريی گەل و دامەزراندنی دەسەڵاتی خەڵكييەوە بوو تا ئەمڕۆيشی لەگەڵدا بێت بۆ ساتێكيش لێی دوور نەكەوتۆتەوە و غافڵ نەبووە.
نە سازشكردن و نە باج و ئيمتياز و كورسی و مەقام، نە گرتن و ئەشكەنجە و ئيعدام، نه پيلان و ويترينی مۆدێرە و وادەی بريقەدار، نە تيرۆر و بۆمبا و مووشەك و هێرشی زەمينی، نە پيلانی كۆنەپەرستی – ئيستيعماری و نە تەنانەت ليستی بێ بنەمای تيرۆر و ناودێركردنی لە ليستەكان نەيتوانی بەری پێ بگرێت. لەگەڵ ئەوانەشدا، ئێستا بووەتە خاڵی هيوای نەك تەنها خەڵكی ئێران، بەڵكو ریژەیەکی بەرچاو لە گەلانی جيهان. راپەڕينی ئێستای خەڵكی ئێران بەرهەم و میراتی ئەو رەوتەیە کە باس کرا.
ئێستا لە كۆتايی دەيەی چوارەمی دەسەڵاتی رەشی مەزهەبيی ئاخوندان، دەبينين كە ئەم «هێزه سەرسەختە»، ئاسۆی نزيكی رووخاندنی ئەم رژێمە «هەزار سيما»يەی خستۆتە بەر ديد و دەستی هەموان و زۆر نابات كە مێژوو دەستی براوەی ئەم رووبەڕووبوونەوە چڵ ساڵانەیە بەرز دەكاتەوە!



No comments:

Post a Comment