Wednesday, August 22, 2018

لەبەرچی رژێمی ئێران لە گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەمريكا دەترسێت؟!


لەبەرچی رژێمی ئێران لە گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەمريكا دەترسێت؟!
چاوخشانێك بەسەر دەرهاويشتەكانی گفتوگۆكردنەكان لەگەڵ رژێمی ئێران لە ماوەی چوار دەيەی رابردوودا
عەبدولڕەحمان مەهابادی، نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی
لە ماوەی چوار دەيەی رابردوو، بە مەبەستی كاتكوژی و خۆدزينەوە لە قەيرانەكان، شەقكردنی لايەنی بەرانبەر ياخود زەبروەشاندن و رووخاندنی لايەنی بەرانبەر، سيناريۆی «گفت و گۆكردن» يا دانوستان بەردەوام بەشێك بووە لە ستراتيژيی رژێمی ئێران و لە هەندێك نموونەيشدا بۆته هۆی قوربانی بوونی لايەنی بەرانبەر! بە داخەوە دەبێ بڵێم كە رژێم لەم سيناريۆيەدا جاروبار سەركەوتوو بووە.
بە لای خەڵکی ئێرانەوە روون و ئاشكرايە لەو رۆژەوە رژێم هەموو چالاكييەكی سياسی و هێمنانەی نەيارانی خۆی لە ناوخۆی وڵات قەدەغە كرد و پێ نايە سەقامگيركردنی ديكتاتۆرييەتی رەهای ويلايەتی فەقيهی و نەيارانی ناچار كرد دەست بۆ چەك بەرن و خەباتی چەكدارانەی رەوا بگرنە بەر، گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەم رژێمە هەڵەيەكی گەورە بووە و بەزاندنی هێڵی سووری نێوان گەل و ديكتاتۆر بووە. هەبوون هەندێك لايەن كە ئەم هێڵە سوورەيان پێشێل كرد و پشتيان لە بەرژەوەندييەكانی گەل كرد.
لە ئاستی دەرەوەی ئێرانيشدا، دەرەنجامی گفتوگۆکردن لەوە بەدەر نەبووە. حكومەتی پێشووی عێراق هەر کە متمانەی بە رژێمی ئێران كرد و كەوتە گفتوگۆكردن لەگەڵ رژێمی ئێران ئەوەی بەسەر هات كە هەموومان بينييان و دەیبینین. گفت و گۆكردنی وڵاتانی پێنج كۆی يەك دەربارەی پرۆژەی ناوكەيی رژێم لە سەردەمی سەرۆكايەتيی ئەوسای ئەمريكا، باراك ئۆباماشدا نموونەيەكيتری ئەم باسەيە. دەرەنجامەكەی هەر ئەوەيە كە ئێستا گەلانی جيهان ئەيبينن.
لە تێڕوانينێكی گشتی و خێرای پرۆسەی گفتوگۆكردنەكان لەگەڵ ئەم رژێمە لە ماوەی چوار دەيەی رابردوودا، ئەوەی بە روونی و بە زەقی ئەبينرێت، دەرهاويشتە نەرێنی و خراپەكانی گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەم رژێمە ديكتاتۆرەيە كە بووەتە هۆی مانەوەی ئەم رژێمە تا ئەمڕۆ كە بە وتەی زۆرێك لە دەوڵەتمەدارانی ئێستای جيهان، يەكەم قوربانیەکەیشی، خەڵكی ئێران بووە. چون ئەم رژێمە بانكەوان و گەورە ژێدەری تيروريسم بووە لە جيهان و مانەوەی بەستراوەتەوە بە لەناچوونی لايەنانيتر.

هەرچەند نابێت لە هيچ كات و شوێنێكدا هاندەر بين بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەم رژێمە كە لە رووی ناوەرۆك و پێناسەييەوە دوژمن بە ئازادی و ديموكراسی و پێكەوەژيانی ئاشتييانەيە لەگەڵ خەڵكانيتر، بەڵام ئەوەی ئێستا لە ئاڕادايە لەهەمبەر بانگەوازی ئەمريكا بۆ دانوستان لەگەڵ رژێمی ئێران زۆر جياوازە لەوانەی پێشوو. چون يەكەم، لە گفتوگۆكردنەكانی پێشوودا رژێمی ئێران دەستپێشخەر بوو. دووەم، له ئێران راپەڕينێكی وەک ئێستا لە ئاڕادا نەبوو وەک ئێستا شوێنی بە رژێمی مەلاكان لەق کردبێت. سێيەم، ساڵانی پێشوو، لايەنانی سازشكاری تينوو بە نەوت و دۆڵار، سياسەت و ستراتيژيی دەوڵەتانی تاپۆ كردبوو و بە ئەنقەست چاوی بەسەر تاوانەكانی رژێمی ئێران دا داخستبوو. چ لە ناو ئێران و چ لە دەرەوەی ئێران. چوارەم، موقاومەتی ئێران لە لايەن دەوڵەتانی سازشكاری رۆژئاوايی خرابووە ليستی رەشی تيرۆرەوە و ئەوەی حوكمی بەسەر ئەم ناوچەيەوە دەكرد، لە راستیدا رژێمی ديكتاتۆر و خوێنڕێژی ئێران بوو بە پاڵپشتی سازشكارانی رۆژئاوايی كە هەموو شتێكيان بە سوودی خۆيان تەواو قۆستبۆوە.

كەوايە دەبينين تا بەر لەم قۆناغەی ئێستا، ئەوەی بەدوای گفتوگۆکردنەوە بووە و وەک قەڵغانێک بەکاری هێناوە بۆ لە سەر پێ مانەوەی، رژێمی ويلايەتی فەقيهی ئاخوندی بوو كە بە درۆ لە ناو ویترینی خۆیدا هەبوونی مۆدێرە و ئيسڵاح تەڵەب و ريفۆرميست لە ناو دەسەڵاتی ئاخوندان خستبووە بەر دیدی هەموون! هەر لەم رووەوە.. كەم نەبوون ئەو دەوڵەتانەی ئەمەيان بە راست وەرگرت و لەگەڵ ئەم رژێمە کەوتبوونە سازان و بوونە هاودەنگی ئەم رژێمە ئايينييە، کە کاتێکدا گەورەترين ديكتاتۆرييەتی سەدەی حازر بوو.
بەڵام چون مێژوو بە ناو زۆرێك گێژاو و تەنگەبەردا تێدەپەڕێت تا بگاتە مەنزڵ، دوور لە چاوەڕوانی نەبوو كە رۆژێك لە رۆژان، خەڵكی ئێران و موقاومەتە رەواكەيان، جيهان لە تەنيشتی خۆيدا ببینێت. هەر لەم راستەوە ئێستا دەبينين حكومەتی ئەمريكا بۆ يەكەم جار هاتۆتە تەنيشت موقاومەتی ئێران و لەم دوو ساڵەی رابردوودا بۆ پاراستنی بەرژەوەندييەكانی گەلەكەی خۆی، سياسەت و ستراتيژييەكی نوێی گرتۆتە بەر كە لەگەڵ ستراتيژيی موقاومەتی ئێران يەك دەگرێنەوە و هاو هەنگاون.
پرێزيدێنت ترامپ بە دەرچوونی لە رێككەوتننامەی ئەتۆم (بەرجام) و رەتكردنەوەی «گفت و گۆكردنی شكڵی پێشوو»، هەروەها بە راگەياندنی ستراتيژيی نوێ نەك تەنها ئێستا سەرنج و رەزامەنديی هەر دوو گەلی ئەمريكا و ئێرانی بەدەست هێناوە، بەڵكو بەشێك لە مێژووی بە ناوی خۆیەوە تۆمار كرد. كەوايە يەكەم وانەی ئەم گۆڕانكارييە مێژووييەی سياسەت و ستراتيژيی ئەمريكا ئەوەيە كە رەتكردنەوەی گفتوگۆكردن و پێكەوەژيان لەگەڵ رژێمی ئايينيی دەسەڵاتدار لە ئێران و هەنگاونان لەسەر رێگای راست و درووستی مێژوو، پێويستی بە بوێری و ئازايەتييە و هاوكات دەستەبەری ئايندە و ئاسايشە لە جيهاندا. بە واتايەكيتر، بەردەوامبوونی سياسەتی سازان و نەرم و نيانی لەگەڵ ئەم رژێمە پەككەوتەیەی ئێران بەر لە هەر شتێك دەرخەری داماوی خاوەنەكەيەتی كە دەکەوێتە ناو ديوە نيگاتيڤەكەی مێژوووە. بە دڵنياييەوە نەوەكانی ئايندە زياتر لەم وارە دا بۆ مێژوو دەدوێن.

نابێ وا بير بكرێتەوە كە ئەم گفت و گۆ كردنەی ئێستا ئەمريكا بانگەشەی بۆ دەدا بە رووی دەسەڵاتدارانی ئێراندا، گفتوگۆكردنێكە لە شكڵی رابردوو. بەڵكو لەو شكڵەيە كە رژێمی ئێران بە ئاسانی راكێشی نابێت و قبووڵی ناكات. كاتێك دێتە سەر مێزی گفتوگۆكردن كە ناچارن هەروەك چۆن خومەينی لە ساڵی 1988 جامی ژەهری خوارد، ئێستاش پەرداخێكيتری ژەهر له سەر دەستی موقاومەتی ئێران بخواتەوە! ئەوسا ئەوەی لەم رژێمە دەمێنێتەوە، هەناسە بڕكێی كۆتايی ئەم رژێمەيە كە دەکرێت بژمێردرێن و زۆريش ناخايەنێت کە لە هەناسە بكەوێت. بۆچی؟
چون ئێستا كە راپەرينی خەڵكی ئێران بە پاڵپشتی شانەكانی شۆڕش (كانونی شۆرشی) بەرەو ئەوە دەچێت چارەنووسی ئەم رژێمە يەكلايی بكاتەوە، كاربەدەستانی سەربازی و حكوميی دەسەڵاتی ئاخوندی هاواريان لێ هەستاوە كە مەترسيی هەرە جيددی، نەك ئەمريكا و لە دەرەوەی سنوورەكان، بەڵكو مەترسيی ناوخۆييە. لەمڕوۆەوە، كاربەدەستانی ئەم رژێمە بە تەواوی لە راپەڕينی جەماوەر و موقاومەتی ئێران تۆقاون. ئەو راپەڕينەی وەك بۆمبايەكی بەهێز، هاكا تەقييەوە و تەواوەتی ئەو رژێمەی لە ناو بەرد!
كەواتە ئەو رۆژەی رژێمی ئێران بەرەو گفتوگۆكردن دەچێت لەگەڵ ئەمریکا، لە راستیدا ئێسکلێتێکی بێ گيانە و بەس. چون بەر لە گفتوگۆكردنەکە، خەڵك و موقاومەت گيانی لێ سەندۆتەوە و سزاكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەست و قاچی بڕيوەتەوە و ئيمدادگەرانی غەيبی پێشووش نەماون بە هانايەوە ئەو رژێمەوە بچن. (عەلی خورڕەم)، باڵيۆزی پێشووتری رژێمی ئێران لە رێكخراوی نەتەوە يەكگرتووەكان لە رۆژنامەی (ئيعتيماد)ی سەر بە باڵی حەسەن روحانی لە وتارێكدا لە ژێر ناو و نيشانی ”هێنانەوەی مێزی ياريكردن” نووسی: «رەتكردنەوەی راستەوخۆی گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەمريكا دەتوانێ ئێمە بەرەو ديوە خراپەكەی كێشەكەدا راكێش بكات!”.
كۆتاييهێنەری رووخاندنی ديكتاتۆرييەتی مەزهەبی لە ئێران، رووڕەشيی مێژوويی ئەو لايەنانەشە كە كەوتبوونە گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەم رژێمه. لە كاتێكدا گەلانی ئێران و جيهان، بە بۆنەی كۆتايی هاتنی ديكتاتۆرييەتی مەزهەبيی دەسەڵاتدار لەو ناوچەيە له جهان ئاهەنگی خۆشی ساز دەكەن.

No comments:

Post a Comment