بارودۆخی ئێران روو لە تەقينەوەيە!
چاوخشانێك بەسەر بەرزبوونەوەی نرخی دۆڵار و كاردانەوەی
بەسەر راپەڕين لە ئێران
عەبدولڕەحمان مەهابادی، نووسەر و لێكۆڵەری سياسی
بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆڵار لە ئێران كە يەكەم بەرپرس لێی، رژێمی ديكتاتۆريی
دەسەڵاتدارە، رووخاندنی ئەم رژێمە روو له نزيكبوونەوەيە و ئەوەيش بەرهەمێکی زانستی
و لۆژيكيانەی رەوتێكی پيرو و پەككەوتەيە.
هاوکات لەگەڵ بەردەوامی و بەرەپێشچوونی راپەڕينی خەڵكی ئێران، لەمدواييانەدا
نرخی دۆڵار لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاكاندا سنووری دوازدە هەزار تمەنی بەزاند و بووە
هۆی شەپۆلێكی نوێی راپەڕين لە سەراسەری ئێران و درووشمەكانی جەماوەری خەڵكی
ناڕازای دژ بە دەسەڵات شكلێكی توندتری بە خۆيەوە گرت. درووشمی وەك: مەرگ بۆ خامنهئی،
مەرگ بۆ ديكتاتۆر، ئاخوند دەبێ بكوژرێت و ئەگەر چەكمان دەست بكەوێت و ...هتد
ئێستا نزيكەی هەشت مانگ بەسەر دەستپێكی راپەڕينی خەڵك دژ بە حكومەت تێپەريوە و
خەڵك سوور و پێداگرە لە بەردەواميدان بە راپەڕين. چون دۆخی ئابووری وڵات، تەنگی بە
خەڵك و بە تايبەت چينی مامناوەندی و هەژار هەڵچنيوە و لەگەڵ ئەوەشدا، شەپۆلێكی
نوێی سزا نێودەوڵەتييەكان بۆ سەر رژێمی ئێران دەستی پێكردۆتەوە و دەرهاويشتەكانی،
ژيان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندەكانی سەخت كردووە.
بەرزبوونەوەی كارەساتاويی نرخی دۆلار كۆمەڵگای ئێرانی بە تەواوی شپرزە و رق و
تووڕەيی جەماوەری خەڵكی ئێرانی دژ بە دەسەڵات گەياندۆتە لووتكەی خۆی. ئەم شەپۆلە
كە لە رۆژی 9ی گەلاوێژ (31ی يونيو)ەوە دەستی پێكردووە هەر دێت و پەرە دەسەنێت و
قووڵتر دەبێتەوە. چون هەڵسەنگاندەكان ئەوە نيشان دەدن كە لە رۆژان و هەفتەكانی ئایندە
زياتر بەرز دەبێتەوە و خەڵك بە ناچاری پەنا دەباتە بەر هێز و تێكهەڵچوون بەرانبەر
بە هێزەكانی حكومەت.
بە چاوخشانێك بە سەر نموونە هاوشێوەكان لە مێژوودا دەبينين بەرز بوونەوەی نرخی
پارەی بيانی لە وڵاتێك، بێكاری و دزی و گرانی و گەندەڵی و لەشفرۆشی و ئاوارەيی و
...هتد بەدوادا دێت و تار و پۆی كۆمەڵگا دەتەنێت. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندان
رەهەندەكانی ئەم كارەساتە زۆر دڵتەزێنترە. رەهەندی وەک، فروشتنی جگەرگۆشەكان ياخود
بفروشتی ئەندامانی جەستە و هيچ نەمانی ئاسايشی فەردی و شوغڵی و نەمانی متمانە و
خۆشەويستی و مێهرەبانی و بايەخە مرۆييەكان لە ناو كۆمەڵدا.
بە پێی ئاماری رەسمی، كرێدەستی مانگانەی كرێكارێك لە ئێران، مليۆنێك و 130
هەزار تمەنە. ئەمە لە كاتێكدايە هێڵی بەرەسمی راگەياندراوی هەژاری لە ئێران لە
سەرەتای ئەمساڵ 4 مليۆن تمەن بووە. رۆژنامەی (DW) ئاڵمانی هەر لەو رۆژانەدا نووسی هەشتا لە سەدی خەڵكی ئێران لە ژێر هێڵی
هەژاريدا ئەژين. ئاژانسی هێزی تيرۆريستيی قودس بە ناوی (تەسنيم) نووسی كە پەنجا
مليۆن كەس لە خەڵكی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاريدان.
لە هەل و مەرجێكدا راپەڕينی خەڵكی ئێران شەپۆل دەدات كە رژێم بە تەواوی تووشی
بن بەستە و بێ دەرەتانە و هيچ كارتێكيشی بۆ نەماوەتەوە ئەو رەوتەی پێ بگرێتەوە.
هەروەك رابردوو خەڵكانێكی كەم بەسەر وڵاتێكی دەوڵەمەنددا حوكم دەكەن. (هيدايەتوڵڵا
خادەمی)، ئەندامی مەجليسی رژێم رۆژی 7ی گەلاوێژ وێڕای ئاماژەدان بە دۆخی نالەباری
ئابووری و رەوتی دڵتەزێنی ژيانی خەڵك دانی بەوەدا نا كە لە ماوەی 40 ساڵی رابردووی
حكومەتی ئاخوندی، 200 خانەوادە چارەنووسی وڵاتيان بە بارمتە گرتووە.
ئەگەرچی ئەم قۆناغە نوێيەی راپەڕينی سەراسەريی خەڵكی ئێران، تايبەتمەنديی خۆی
هەيە و لەوانه بەربڵاوی و هاوكاتبوونی مانگرتنی سەراسەری كاميۆنداران و
بەشداربوونی چين و توێژە جياجياكانی كۆمەڵانی خەڵك و بە سياسی بوونی زياتری
درووشمەكان و پەرەسەندنی ئازايەتيی خەڵك لە بەرەنگاربوونەوە بەرانبەر بە هێزەكانی
حكومەت و بە تايبەت دەوری بەرچاوی ژنان لە ريزی پێشەوەی راپەڕين، بەڵام ئەوەی لە
هەمووان گرينگترە، پەرەسەندنی شانەكانی شۆڕش و دەوری بەرچاویانە لە
رێبەرايەتيكردنی راپەڕين كە رژێمی بە تەواوی تۆقاندووە. بە جۆرێك كە كاربەدەستانی
رژێم ئەم شتە ناشارنەوە و بە شێوازی جياجيا دانی پێدا دەنێن.
راپەڕينی خەڵكی ئێران كە ئێستا زيات لە هەر كاتێكيتر پشت بەستووە بە
موقاومەتێكی جيددی و رێكخراو، كاربەدەستانی رژێمی ناچار كردووە دان بەوەدا بنێن كە
درووشمەكانی خەڵكی راپەڕيو، هەمان درووشمەکانی موجاهيدينی خەلقە! ئەوان هەروەها
دان بەو راستيەدا دەنێن كە ئامانجی خەڵك، رووخاندنی رژێمە و بە لەسەر كار لابردنی
يەك يا چەند كاربەدەستێک، هيچ كێشەك چارەسەر ناکات!
سەرۆك كۆماری پێشووتری ئاخوندان، (محەمەد خاتەمی)ش كە تا ماوەيەك بەر له ئێستا
خۆی لە لايەن وەلی فەقيهەوە دەستبەسەر كرابوو، بە هەڵەداوان دەركەوت و رێگەكارێكی
خستە روو لە 15 خاڵدا و داوای لە خامنەئی كرد بە دەركردنی فەرمانێک، كێشەكان
چارەسەر بكات! كە ئەوەش خۆی لە خۆيدا شكستی زياتری تەواوەتی رژێم دەردەخات
بەرانبەر بە راپەڕينی جەماوەر.
لە كەش و هەوای شڵەژاوی و بێ هاوسەنگيی رژێم و دەستپێكردنەوەی سزا
نێودەوڵەتييەكانە راپەڕين هەڵدەكشێت و دۆخەكە بەرەو خاڵی تەقينەوەی خۆی دەبات.
خەڵكی وەزاڵەهاتوو خۆيان ئامادە كردووە لە يەكەم دەرفەتدا هێرش بکەنە سەر تەواوەتی
رژێم و هەموو داو و دەزگاكانی حكومەت. راپەڕينكاران و لە ريزی پێشەوەيشيدا، لاوانی
ئێرانی گەيشتوونەتە ئەو راستييە كە توندوتيژی و خوێنڕشتنەكانی حكومەت بە توند و
تيژی و زەبری هێز وڵام بدەنەوە. ئەوان بە كردەيی بەو راستييە گەيشتوون كە دەبێ
وڵامی مشت بە مشت و وڵامی فيشەك بە فيشەك بدەنەوە.
No comments:
Post a Comment