ئايا رژێمی ئێران بە دوای هەڵايسانی شەڕێکیترەوەیە؟
چاوخشانێك بەسەر هەڕەشەكردنەكانی ئەمدواييەی رژێمی
ئێران لە ناوچەكە
عەبدولڕەحمان
مەهابادی، نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی
لەمدواييانەدا لێرە و لەوێ باس
لەوە دەكرێ كە رژێمی ئێران دەيهەوێت شەڕێكيتر هەڵگيرسێنێت تا بتوانێ قەيرانە
ناوخۆييەكانی خوی پەردەپۆش بكات. خاوەنانی ئەم تيۆرييە بۆ سەلماندی راوبۆچوونی
خۆيان پشت بە نموونەكانی پێشووتر و بە تايبەت شەڕی نێوان ئێران و عێراق دەبەستن كە
رژێمی ئێران توانيويەتی بە هەڵايسانی شەڕی دەرەكی، ئازادی و ئازاديخوازان لەناوخۆی
ئێران سەركوت بكات لەو سەردەمەدا و لەمڕووەوە سوودێكی گەورە بكات. ئەوان هەروەها
ئاماژە بە پێناسەی رژێمی ئێران دەكەن كە بێ هەڵايسانی شەڕ لە سەر پێ نامێنێتەوە و
بەردەوام جۆرێك لە شەڕئەنگێزی بە سياسەت و ستراتيژييەكانييەوە ديار بووە.
كە دەوترێ شەڕخوازی بەشێكی
جيانەكراوەيە لە مانەوەی ئەو رژێمە شتێكی تەواو راست و درووست و بنەڕەتييە و
ئەزموونی چوار دەيەی رابردوو لە پێناسەكردن و كارنامەی كردەيی ئەم رژێمە بە باشی
ئەو راستييەی دەرخستووە و حاشاهەڵنەگرە.
ئەو تيۆرييەی سەرەوە باس كرا
لەهەمبەر شەڕئەنگێزيی نوێی رژێمی ئێران دوای ئەوە دێت كه لەم دواييانەدا
كاربەدەستانی ئەو رژێمە و بە تايبەت سەرۆكی ئاخوندان، حەسەن روحانی، پاڵەوانە
پەمۆكەی، واتا قاسم سلێمانی، فەرماندەی هێزی تيرۆريستيی قودسی سەر بە سوپای
پاسداران هەڕەشەی داخستنی (گەرووی هۆرمۆز)يان كرد. لێرەدا ئەو پرسيارە دەكرێت كە
ئايا رژێم توانای داخستنی گەرووی هۆرمۆزی هەيە؟
بە بڕێك شارەزايی لە سەر بارودۆخی
ئێران و ناوچەكە و جيهان دەكرێت بە راشكاوی بڵێين كە رژێم لە كۆتايی دەيەی چوارەمی
خۆيدا، ناتوانێ بەدوای هەڵگيرسانی شەڕێكی نوێوە بێت. چون بەر لە هەمووان،
كاربەدەستانی رژێم خۆيان باش دەزانن كە نە توانای ئەمكارەيان هەيە و نە دۆخەكەيش
شتی لەمجۆرە قبووڵ ناكات.
ئێستا لە ئێران راپەرين بەردەوامە
و بەتینیشە و كۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی ئێران هەموو رۆژێك بە شێوازی جياجيا بۆ
رووخاندنی ئەم رژێمە لە سەر شەقامن. چون شتێكیان بۆ نەماوەتەوە نیگەرانی بن بۆ
لەدەستدانی. ئەوان لە نەبوونی ژيانێكی ئاسان و ئاسوودە، لە نەبوونی لانيكەمی
ئازادييەكان و ئاسايشی گيانی و ماڵی و شوغڵی و ... تووڕەن. ئەم بارودۆخە هەر دێت و
بەرەو تەقينەوە نزيك دەبێتەوە. لەم رۆژانەی دواييدا و بە نزيكبوونەوەی قۆناغێكی
نوێ و قورستری سزا كوشندەكانی كۆمەڵگای جيهانی بۆ سەر رژێم، نرخی دۆڵار لە 12هەزار
تمەن تێپەڕی و چينی مامناوەندی و هەژار چاريان نييە لە تەقاندنەوەی رق و تۆوڕەيی
خۆیان دژ بە دەسەڵات.
كەوايە كاردانەوەی ئەم دۆخە، ژیانی
كاربەدەستانی ئەم رژێمەیان تاڵ و شوێنی پێ لەق كردوون و لەو سۆنگەوە ورەی هێزە
سەركوتكەرەكانی رژێم بە تەواوی دابەزيوە. بە جۆرێك كە كاربەدەستانی سەربازی و
حكومی بە راشكاوی باس لەوە دەكەن و نايشارنەوە كە «مەترسييەكانی ناوەوەی ئێران زۆرترن لە مەترسييەكانی ئەو ديوی سنوورەكان» بۆ سەر
رژێمەکەیان (ئاژانسی هەواڵی تەسنيم 5ی گەلاوێژی 1397).
هەربۆیە نە رژێمی ئێران و نە خەڵكی
ئێران لە ئاستی پێشووی خۆياندا نەماون، واتا سەرەتاكانی هاتنە سەر كاری رژێمی
مەلاكان لە سەرەتای هەشتاکانی زایینی. باشترين بەڵگەيش درووشمەكانی جەماوەری خەڵكی
ئێرانه بەرانبەر بە رژێمی دەسەڵاتدار. درووشمی وەك: مەرگ بۆ ديكتاتۆر. مەرگ بۆ خامنەئی، ئيسڵاح تەڵەب ئوسولگەرا، ئيتر كۆتايی هات ماجەرا، دوژمنی مە
لێرەيە، درۆ دەكەن دەڵێن ئەمريكايە. وای بە حاڵتان كە دەستمان بە چەك بگات و ... هەربۆيە خەڵكی ئێران چيتر ئەم رژێمەيان پێ قبووڵ ناكرێت و
نابنە سوتەمەنی بۆ شەڕێكيتری رژێمی ئێران لە ناوچەکە. خەڵكی ئێران ئێستا چارەی
هەموو ئێش و ئازار و كێشەكانی خۆێ لە رووخاندنی ئەم رژێمەدا بەدی دەکات و ئامادە
نيە پاشەكشە لە داخوازييە رەواکەی بکات.
ئەوەی دەستەبەری راپەڕينە، حزووری چالاكی هێزەكانی
موقاومەتی ئێرانە وەك ”شانەكانی شۆڕش” لە ناو ئێران كە گەشەسەندنی رۆژانەيان
بووەتە جێی تووڕەيی کاربەدەستانی رژێمی ئێران. هەنگاوی هيسترييانەی رژێم و
هاوپەيمانان و كرێگرتەكانی، بۆ رێگريكردن لە بەڕێوەچوونی گردبوونەوەی پاريس و پلانی تيرۆريستيی رژيم بۆ بۆمبانانەوە لەو گردبوونەوەيە
باشترين بەڵگەن بۆ سەلمانی پەيوەنديی لە پسان نەهاتووی نێۆان راپەڕينی گەلی
وەزاڵەهاتووی ئێران و موقاومەتی رێكخراو. پيلانێك كە كەشفكردن و دەستگيركردنی
ديپلۆمات _ تيرۆريستی رژێم (ئەسەدۆڵڵا ئەسەدی) و ئەندامانيتری تيمی تيرۆرەكە لە
لايەن دەزاگاكانی ئاسايشی ئەوروپا م ريسواييەكی زۆری بۆ رژێمی ئێران بە دواداهات و
موقاومەتی ئێرانی وەك تاكە ئاڵترناتيڤی ديموكراتی بەرانبەر بە رژێمی ئێران لە
جيهانی سەلماند،
هۆكارێكی حاشاهەڵنەگريتر لەم پێوەندييەدا، ئەو گۆرانكارييە
گەورەيەيە کە لە ئاستی جيهانيدا دژ بە رژێمی ئاخوندان دەركەوتووە و خۆی لە ستراتيژيی نۆێی حكومەتی وڵاتە يەكگرتووەكانی ئەمريكادا بەرجەستە دەكات دژ بە رژێمی
ئێران كە خۆی هەڵقوڵاوی راپەڕينی خەڵك و دەوری بێ بەديلی موقاومەتی ئێرانە كە وای
لە دەوڵەتانی جيهان كردووە بێنە تەنيشت خەڵك و موقاومەتی ئێران.
كەوايە هەر له بنەڕەتدا هەڕەشەكردنەكانی ئەم رژێمە لەرزۆک و
شڵەژاوە، نەک نيشانەی بەهێزبوونی رژێم، بەڵكو دەرخەری لاوازی و ناسكبوونی ئەم
رژێمەيە و گومان هەڵناگرێت ئەم رژێمە زۆر بە زوويی لەسەر دەستی خەڵك و موقاومەتی
ئێران دەڕووخێت و پەنابردنە بەر هەڕەشەكردن، رووخانی ئەم رژێمە نزيك دەكاتەوە.
No comments:
Post a Comment