Thursday, January 19, 2017

دەرهاویشتەكانی مردنی رەفسەنجانی!




دەرهاویشتەكانی مردنی رەفسەنجانی!



رۆژی يەكشەممە 8ی كانوونی دووەمی 2017 (عەلی ئەكبەر هاشميی رەفسەنجانی) لە تەمەنی 82 ساڵاندا بە هۆی جەڵتەی دڵ، چەند كاتژمێر دوای گواستنەوەی بۆ نەخوشخانە مرد.
رەفسەنجانی هەم وەك تاك و هەميش وەك رەوت دەورێكی گرينگی هەبوو بۆ لەسەر پێ هێشتنەوەی رژێمی دەسەڵاتدار لە ئێران. بە پێچەوانەی ئەوەی رۆژئاوا وەك ”مۆدێرە” باسيان دەكرد، رەفسەنجانی هەرگيز كەسێكی مۆدێرە نەبوو. چون دەستی هەبووە لە سەرجەم تاوانەكانی ئەم رژێمە و ئەگەريش مۆدێرە بوايە، بێگومان دۆخی رژێم و ئێران بە گشتی زۆر جياواز دەبوو لەوەی ئێستا.
ئەوانەی گەڕانەوەی خومەينی بۆ ئێرانيان لە ياد دا ماوە کە لە رۆژانی سەرەتای 1979 روود دا، باش دەزانن كە رەفسەنجانی يەكێك بوو لەو كەسانەی لە ناو بازنەی يەكەمی متمانەی خومەينی دا بوو. بەر لە مردنی خومەينی لە رۆژی 24ی ئايار (سێزدەی جۆزەردان)یش پۆستە هەرە گرينگەكانی ئەم رژێمەی بەدەستەوە بووە.

رەفسەنجانی لە ماوەی شەڕی هەشت ساڵانی ئێران و عێراقدا بەكردەيی وەك جێگری خومەينی كاری دەكرد. ناوبراو يەكەم سەرۆكی پەرلەمان و چوارەم سەرۆكی رژێمی مەلاكان بوو لە نێوان ساڵانی 1989 تا 1997. رەفسەنجانی كاتێ سەرۆكی مەجليس بوو بە هۆی ئەوەی كەسێكی زۆر نزيك بوو لە خومەينی، لە يەكلايی كردنەوەی كێشەكاندا دەوری بڕياردەرانەی هەبوو. هەر رەفسەنجانی بوو كە لە ساڵی 1980 بۆ ماوەی هەشت ساڵ عەلی خامنەئی خستە سەر كورسيی سەرۆكايەتی كۆمار و هەر ئەويش بوو دوای مردنی خومەينی خامنەئی دەستنيشان كرد كە جێگرەوەی خومەینی بێت.
رەفسەنجانی تا ئەو كاتەی مرد بەردەوام يەكێك بووە لە كۆڵەكە هەرە گرينگەكانی رژێمی ويلايەتی فەقيهی ئەگەرچی دوای مردنی خومەينی وردە وردە لە لايەن باڵی خامنەئيەوە خرايە پەڕاوێزەوە و دوور خرايەوە لە پۆستە حكوميەكان.
يەكێكيتر لە دەورە هەرە گرينگەكانی رەفسەنجانی كە بە خێرايی ببووە يەكێك لە گەورە دەوڵەمەندانی ئێرانی ئەوە بوو كە هەر لە سەرەتای هاتنە سەر كاری رژێمەوە، بەردەوام باوەڕی هەبوو بە توندوتيژی و داپڵۆسينی نەياران. وەك نموونە:
دوای كوشتاری خوێناويی خۆپيشاندانی (500)هەزار كەسەی خەڵكی شاری تاران لە رۆژی 20ی حوزێرانی 1981 كە لەسەر فەرمانی خومەينی كرا و بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارێکی زۆر، رەفسەنجانی بوو كە وتی: ئەندامانی موجاهيدينی خەلق دەبێ بكوژرێن يا لە سێدارە بدرێن ياخود دەستی و قاچيان بقرتێندرێت و لە خەڵك دوور بخرێنەوە. هەروەها وتبووشی كە ئەگەر ئێمە لە رۆژانی سەرەتادا و دوای راپەڕينەكەی 1979 دووسەد كەس لە موجاهيدينمان لە سێدارە بدابا، موجاهيدين ئەوندە بەهێز نەدەبوون و پەرەيان نەدەسەند (رۆژنامەی ئيتڵاعات 3ی ئۆكتۆبەری 1981).
رەفسەنجانی يەكێ بوو لەو كەسانەی بۆ كێشە ناوخۆييەكانيش باوەڕی بە سەركوتكردن و كوشتاری لايەنی بەرانبەر بوو. رەفسەنجانی لە بيرەورييەكانيدا نووسيويەتی نەياری گفتوگۆكردنەكانی حكومەت بووە لەگەڵ شاندی نوێنەرايەتی خەڵكی كوردستان لە ساڵی 1980، كە هاوكات بوو لەگەڵ دەركردنی فەتواكەی خومەينی بۆ قەتڵوعامكردنی كورد كە هەڵبەت فەتواكەش شوێن پەنجەی رەفسەنجامی پێوە ديار بوو. هەر لەم راستەوە بوو كە لە سەردەمی سەرۆكايەتی رەفسەنجانی دا، سكرتێرانی حيزبی ديموكراتی كوردستانی ئێران: د.عەبدولڕەحمان قاسملو و دواتريش د.سادق شەڕەفكەندی لە لايەن تيمە تيرۆريستييەكانی رژێمەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی ئێران لە وڵاتانی ئەوروپی تيرۆر كران و دادگای ئاڵمان بە دەركردنی بڕيارێك تايبەت بە دۆسێيەی ميكۆنوس، رەفسەنجانی و خامنەئی وەك تاوانبار راگەياند كە بڕياری ئەنجامدانی ئەم تيرۆرەيان دەرکردووە. لەگەڵ ئەوانەشدا، دەبێ ئاماژە بدرێت بە تيرۆری سەدان كوردی ئێرانی لە كوردستانی عێراق و هەروەها ئەنجامدانی 150 كردەی تيرۆريستيی رژێمی ئێران لە شوێنە جياجياكانی عێراقدا دژ بە رێكخراوی موجاهيدينی خەلق.
هەر لەو سەردەمەدا، ئيعدامكردن و تيرۆركردنێكی زۆر چ لە ناوخۆی ئێران (وەك نموونە تيرۆری د.كازم سامی، داريوش فروهەر و هاوسەری و ...)و چ لە دەرەوەی ئێران (وەك تيرۆری محەمەدحسێن نەقدی لە ئيتاليا، پرۆفيسۆر كازم رەجەوی لە سويسڕا، زەهرا رەجەبی لە توركيا، شاهپور بەختيار لە پاريس و ...) ئەنجام درا كە لەلايەن تيمی تيرۆری حكومەتەوە ئەنجام دەدران. بڕياری ژينوسايدی نەيارانی رژێم كە لە لايەن خومەينيەوە دەرچووبوو لە سەردەمی سەرۆكايەتيی رەفسەنجانی دا گەيشتە لووتكەی خۆی. رژێم كە توانيبووی سەركوتكردن و داپڵۆسين بەسەر كۆمەڵدا فەڕز بكات ئێستا بە نياز بوو كە هەنگاوی هەرە گەورە و گرينگ بنێت بۆ كوشتاری نەياران. بۆ ئەم مەبەستە ئەو فەتوايەی لە ساڵی 1988 لە لايەن خومەينەوە بۆ قەتڵوعامكردنی موجاهيدينی خەلق دەرچووبوو لە لايەن رەفسەنجانيەوە خرايە بواری جێبەجێ كردنەوە و زیاتر لە (30)هەزار زیندانیی سیاسی لە ماوەی دوو مانگ دا قەتڵوعام کران. رەفسەنجانی بەوەش رازی نەبوو و دەوری گێڕا بۆ لادانی حسێنعەلی مونتەزيری (جێگرەوەی خومەينی) كە بەرانبەر بەو قەتڵوعامكردنە هەڵوێستی نيشان دا و دەنگی ناڕەزايەتی هەڵبڕی.
دەورێكيتری هەرە گرينگی رەفسەنجانی ئەوە بوو كە دوای شكستهێنانی خومەينی لە شەڕی هەشت ساڵان بەرانبەر بە عێراق، لە هەنگاوێكی ستراتيژييانەداو بە مەبەستی لەسەر پێ هێشتنەوەی رژێم، پێشنياری ئەوەی كرد بە خومەينی كە دەست بكرێت بە بەرهەمهێنانی بۆمبای ئەتۆم و دواتر دەستی پێكرا. ئەوە بوو پرۆژەی ناڕەوای بەرهەمێنانی بۆمبای ئەتۆم بەشێكی هەرە بەرچاوی بودجەی وڵاتی بۆ دەرخان كرا و هەژاری و نەداری خەڵك و كێشە ئابوورييەكانی وڵاتی چەند هێندە قووڵتر كردەوە.
لە كارنامەی رەفسەنجانی دا هەروەها ئەوە جێی ئاماژەپێدانە كە بێجگە لە كردەگەلێكی بەربڵاوی تيرۆريستی لە دەرەوەی سنوورەكانی ئێران، دوو جاريش هێزەكانی حكومەت سنووری نێودەوڵەتييان بەزاند و هێرشيان كردە سەر لايەنانی ئۆپۆزيسيۆنی ئێرانی لە ناو خاكی عێراق، يەكێكيان لە مانگی ئازاری 1991 بۆ سەر ئەڕتەشی ئازاديبەخشی ميللی لە ناوچەی گەرميان (جەلەولا) و ئەويتريشيان لە ساڵی 1997 بۆ سەر بارەگای ناوەنديی حيزبی ديموكراتی كوردستانی ئێران لە شاری كۆيە.
دوای كۆتاييهاتنی خولی هەشت ساڵەی سەرۆكايەتی رەفسەنجانی لە ساڵی 1998 دەوری چالاكانەی رەفسەنجانی چووە ئاستێكيتر كە لە هەموو روويەكەوە مەترسيدارتر بوو لە چاو رابردووی. ئەم قۆناغە كە تێكەڵاوەی شەڕی دەسەڵاتی بێ كۆتايی نێوان رەفسەنجانی و خامنەئی بوو، زيان و زەرەری زياتری خستە سەر خەڵك و ئۆپۆزيسيۆنی ئێران. چون رەفسەنجانی لە ژێر پۆششی درۆزنانەی مۆدێرە و دژايەتيكردنی ويلايەتی فەقيهيدا كاری دەكرد بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی ئەم رژێمە كە لە راستيدا هۆكاری بنەڕەتيی شەڕ و تێكهەڵچوونەكانی ئەم ”دوانە دژ بە يەك و جيانەكراوەيە” ئەوە بوو كە رەفسەنجانی حازر نەبوو هەژمۆنی ويلايەتی فەقيهی خامنەئی قبووڵ بكات. لە كاتێكدا هەر دووكيان بە تەواوی هاوڕا بوون لەسەر پاراستنی حكومەت و سەركوتكردنی و كوشتاری نەياران و بەتاڵانبردنی داراييەكانی گەلی ئێران.
راستييەكی هەرە گرينگی ئەم شەڕی دەسەڵاتە ئەوە بوو كە نەدەكرا ئەم دوانە لێك جيا ببنەوە. چون سەرباری هەبوونی ناكۆكی لە نێوانياندا، هەر دوو لا بەشدار بوون لە هەموو تاوانەكانی ئەم رژێمە. هەر بۆيە شەڕی نێوانيان لە ناو بازنەی پاراستنی رژێم دەرنەدەچوو. هەر لەم راستەوە بوو كە خامنەئی لە هەڵبژاردنەكانی خولی پێشوو واتا لە ساڵی 2013 توانی بە رێگەی ئەنجوومەنی پاسەوانان (شورای نگهبان)ەوە كە لە ژێر ركێفی خۆی دا بوو، سەڵاحييەتی رەفسەنجانی رەت بكاتەوە و رێگری بكات لەوەی رەفسەنجانی بتوانێ خۆی كانديد بكات. هەربۆيە ناچار بوو لە ترسی سەرهەڵدانی راپەڕينی گەل، حەسەن روحانیی نزيك لە رەفسەنجانی قبووڵ بكات وەك سەرۆك كۆمار. بەمجۆرە رەفسەنجانی بە فەرمی و سەر لە نوێ وەك ”كەسی دووەم”ی حكومەت مايەوە و لە پۆستی سەرۆكی ”كۆڕی دەستنيشانكردنی بەرژەوەندييەكانی رژێم” دەستی بە كار كردەوە و بۆ هێشتنەوەی ئەم رژێمە دەوری خۆی گێڕا.
بە مردنی رەفسەنجانی، ويترينی مۆدێرەنومايی و ئيسڵاحاتی رژێم داڕما و سازشتكارانی رۆژئاوايی يەكێك لە كەسە خۆشەويست و خوازراوەكانی خۆيان لە دەست دا. بە واتايەكيتر، يەكەم مەسجی مردنی رەفسەنجانی ئەوەيە كە هاوسەنگی ئەم رژێمە، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەيدا لە دەست چووە و تەواوەتی رژێم لە رووخان نزيك بووەتەوە. بە تايبەت ئەو گۆڕانكارييانەی لە ساڵی رابردوو (2016) رووی داوە، زەنگی خەتەری گۆڕينی ئەم رژێمەی خستۆتە روو و هەر ئەوەشە كە خامنەئی و رژێمەكەی بە تەواوی تۆقاندووە. تۆقان لە گەردەلوولی راپەڕينی جەماوەر و ئامادەيی زۆر زياتر لە جارانی ئۆپۆزيسيۆنی رووخێنەری رژێم و ئالترناتيڤی ديموكراتی.
@m_abdorrahman

No comments:

Post a Comment