Friday, January 26, 2018

لەسەر هێڵی راپەڕينی خەلكی ئێران..

لەسەر هێڵی راپەڕينی خەلكی ئێران..
بۆ خەڵكی ئێران، «دۆست» ئەو بزوتنەوە بەرهەڵستكارييەيە كە ئێستا لە ناو جەرگەی راپەڕين و له سەراسەری شارەكانی ئێران بوونی هەيە!
عەبدولڕەحمان مەهابادی، نووسەر و لێكۆڵەری سياسی
لەگەڵ ئەوەدا كە سەرانی رژێمی مەلاكان يەك بە يەك دێنه سەر شاشەی تەلەڤيزيۆن و رادەگەيەنن كە توانيويانە كۆتايی بە راپەڕينی خەڵكی ئێران بهێنن، بەڵام نيشانگەلێكی بەهێز هەن باس لە زيندووبوونی راپەڕين دەكەن و ئامانجەكانی راپەڕين لە لايەن راپەڕينكارانی بوێری ئێرانييەوە پێوشوێن گيراوە و خۆيان بۆ هەنگاوی دواتر ئامادە دەكەن.
راپەڕينكارانی ئێرانی هەر لە روژی يەكەمی ئەم راپەڕينە لە رۆژی 28ی ديسامبەری رابردوو، كۆتا قسەی خۆيان كرد و سەرباری هەڕەشەكردن و گرتن و ئەشكەنجەدان و شەهيدبوونی (50) كەس لە هاوسەنگەرانيان، پاشەكشەيان نكرد لە ئامانجی سەرەكيی خۆيان، واتا رووخاندنی رژێمی ئێران و خۆيان بە دەستەوە نەدا. ئەوەش دەكرێت يەكەم نيشانە بێت بۆ بەردەواميی راپەڕين بەرەو گۆڕينی دەسەڵات. سەرانی رژێم دەبێ بترسن.
هەرچەند وا چاوەڕوانی دەكرا لە يەكەم هەنگاوی ئەو راپەڕينەدا و لە سەر دەستی هێزه سەركوتكەرەكانی حكومەت لە 31 پارێزگای ئێران ژمارێكی زياتر خەڵتانی خوێن بكرێن، بەڵام بەردەواميی تاوانەكان درێژ كرايەوە بۆ ناو زيندانەكانی حكومەت كە زياتر لە (4000)كەس لە راپەڕينكاران، دوای گرتن راپێچی زيندان كران و لەم رۆژانەی دواييدا ژمارێكيان لە ژێر ئەشكەنجەی پاسداران دا بە شێوازی زۆر دڵتەزێن شەهيد كران. سەرانی رژێم بە ئەنقەست لە راگەياندنەكانياندا باسی ئەوە دەكەن كه ئەوانە يا خويان خۆيان كوشتووە ياخود بە هۆی نەخۆشی گيانيان لە دەست داوە.. بەڵامە ئەوانە درۆن و دوورن لە راستی. ئێستا گيراوەكان بەرەوڕووی قەتڵوعامكردنێكی بەربڵاو بوونەتەوە لە لايەن حكومەتەوە. سەرانی رژێم دەبێ بترسن!

خەڵكی ئێران لە لايەن رژێمی دەسەڵاتدارەوە برسێتی دراون و سەروەت و سامانيان لە لايەن بۆندەكانی سەر بە دەسەڵات بە تاڵان براوە. لەگەڵ ئەوەشدا بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری و گرانی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاكان، ژيانی خەڵكی زۆر سەخت و قورس كردووە. ئەمەش هەروەك پێش راپەڕينەكەی ئێستا وەك خۆی ماوەتەوە و وەك ئاگری ژێر خەڵووز تا گۆڕينی دەسەڵات بەردەوام سەر هەڵدەداتەوە. سەرانی رژێم دەبێ بترسن!
خەڵكی ئێران كارنامەی رەشی دەسەڵاتی بە ئەزموون كردووە و ئێستا باش لە پێناسە و سياسەت و ستراتيژيی دەسەڵات گەيشتووە. ئەوان بە درووستی لەوە گەيشتوون كە ئابووری وڵات بە دەست تاقمێكی كەمەوەيە له سەرانی رژێم كە ئەوان يا تەرخانيان كردووە بۆ داگيركردنی وڵاتان و هەناردەكردنی تيرۆريزم و توندڕۆيی بۆ دەرەوەی سنوورەكانی ئێران، ياخود هەر كام لە فەرماندەرانی پاسدار بە گرتنەدەستی كۆنتڕوڵی ئابووری، بە دەيان و سەدان مليۆن دۆڵار و بگرە بە مليارد دۆڵار لە پارەی خەڵك، بانكەكانی وڵاتانی جياجيايان پڕ كردووە بە ناوی خۆيان و هەر دێت و زياديش دەكات. درووشمی راپەڕينكاران بەڵگەن بۆ بە ئاگاهاتنەوە و داخوازييە رەواكانی خەڵك. (نە غەزە، نە لوبنان، خۆ بەخت دەكەم بۆ ئێران. واز لە سوريا بهێنە و مشورێك بخۆ بۆ ئێمە و ....) خەڵك بە درووستی رزگاربوونی خۆيان و نيشتمانيان بەستۆتەوە بە گۆڕينی رژێمی ولايەتی فەقيهی ئێران. سەرانی رژێم دەبێ بترسن.

خەڵكی ئێران خاوەن ئەزموونی رووخاندنی رژێمی حەمەڕەزاشای پەهلەوين لە ساڵی 1979 و دەيانەوێت جارێكيتر هێز و توانای خۆيان بە ”ديكتاتۆر” نيشان بدەن كە ”دەتوانن و دەبێت” ئەو رژێمە بگۆڕن كە ئەم حکومەتە لەوان نيە و بۆ ئەوان نيە. خەڵك بە درووستی لەوە گەيشتووە كە گۆڕينی حكومەت بە يەكڕيزی نيشتمانی دەكرێت. هەر بۆ ئەوە بوو لە راپەڕينەكەدا ئەو درووشمەيان دووپات دەكردەوە”ئێمە هەمووان پێكەوين”. ئەو درووشمەش نەک تەنها بە دڵی دەسەڵاتداران نەبوو بەڵكو بە تەواوی لێی تۆقاون و لەمڕۆوەوە بوو كە كاربەدەستانی رژێم بەردەوام هەوڵی ئەوەيان داوە كە شكستی پێ بهێنن و درۆزنانە راپەڕينكاران دەكەن بە دوو يا چەن بەشەوە. بەڵام راپەڕينكاران وريان و بۆ گەيشتن بە گۆڕينی دەسەڵات سوورن. سەرانی رژێم دەبێ بترسن!
بە پێچەوانەی راپەڕينەكانی پێشوو، ئەمجارە خەڵك زۆر وريان و بە ئاگان و دۆست و دوژمنی خۆيان بە باشی لێك جيا دەكەنەوە. ئەوان باش ئەو راستييە دەزانن كە بە لای خەڵكی ئێرانەوە، «دۆست» ئەو بزوتنەوە بەرهەڵستكارييەيە كە هەر لە سەرەتاوە ئاڵاهەڵگری بەرەنگاربوونەوە بەرانبەر بە رژێمی ديكتاتۆری دەسەڵآتدار بوون و لە ماوەی 39 ساڵی رابردوو لەو هێڵە سوورە لايان نەداوە و ئێستاش لە ناوخۆی ئێران، لە گۆڕەپانی راپەڕين و لە سەراسەری شارەكانی ئێراندا حازرن. ئەوانە ئێستا ئەوە باش دەزانن كە ئەم بزوتنەوەيە هەلقوڵاوی خەڵكە و بۆ خەڵكە و لە لايەن ئەنجوومەنی نيشتمانيی موقاومەتی ئێران بە سەرۆكايەتی خاتوو مريەم رەجەوييەوە نوێنەرايەتی دەكرێت. بزوتنەوەيەك كە پشتيوانە بۆ ئاوات و ئامانجەكانی خەڵك و خاڵی هيوای راپەڕينكارانی ئێرانە و لە گۆڕەپانی خەبات و تێكوشان و رووبەڕووبوونەوە سياسی و سەربازی و كۆمەڵايەتييەكاندا تاقيكراوەتەوە و سەركەوتووانە بە ناوی دا تێپەڕيوە. سەرانی رژێم دەبێ بترسن!
دواوتە.. لە حاڵی حازردا رژێمی ئێران بە هەموو هێز و توانای خۆيەوە بە نيازە لە ناوخۆی ئێران، موقاومەتی ئێران بە هۆكار بزانێت لە راپەڕيندا تا فتوای بە ميرات بە جێ ماوی خومەينی دژ بە موجاهيدين، دژ بە راپەڕينكارانی بوێری ئێرانی بخاتەوە بواری جێبەجێكردنەوەی دووبارە و هاوكات بە نيازە لە دەرەوەی سنوورەكانی ئێران وا نيشان بدات كه موقاومەتی ئێران و موجاهيدينی خەلق هێزێك نين كە لە ناو جەماوەری خەڵكی ئێراندا جێگە و پێگەيان هەبێت. كەوايە سەرجەم ئەو هێز و لايەنانەی لە هەر دوو ديوی سنورەكانی ئێراندا، لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێراندا، لەم وارەدا كاری نووسين و راگەياندن دەكەن يا هەڵبەز و دابەز دەكەن، هەر هەموويان لە (بيت ‌العنكبوت)ی وەلی فەقيهی تێكشكێنراوی ئاخوندان لە تارانەوە رێنوێنی دەكرێن. گومان هەڵناگرێت بە رووخاندنی رژێمی ئێران، كرێگرتە و ئيدديعاكارانی درۆيينەی شۆڕش و راپەڕينی جەماوەری، بە هەر دەمامك و جل و بەرگێكەوە بن، هەروەك بڵقی سەر ئاو دەتوێنەوە.. باش وايە سەرانی رژێم و كرێگرتەكانی زۆر بترسن!


No comments:

Post a Comment