بەرەو رزگاركردنی
ئێران!
چاوخشانێك بە سەر مێژووی 39 ساڵەی ئێران و سەرەتای ساڵی تازەدا
عەبدولڕەحمان مەهابادی ، نووسەر و
شرۆڤەكاری سياسی
لە سەرەتای دەستپێكی تەمەنی 40 ساڵەيدا، رژێمی
ديكتاتۆريی ئايينی ئێران بەرەوڕووی زۆرێك پێشهاتەی تاڵی سياسی لە ناوخۆ و دەرەوەی
ئێران بووەتەوە:
·
موقاومەتێكی
رێكخراو و ئامادە
كە خاوەنی جێگە و پێگەی خۆيەتی لە ئاستی ناو كۆمەڵ و لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتيدا،
·
گۆشەگيربوونی
رژێم لە ئاستی نێودەوڵەتيدا بە تەواوی كە هاوكات بە نەفرەت كراوە لە لايەن گەلانی
جيهانەوە.
مەلا دەسەڵاتدارەكان ماوەی 39 ساڵە بە ناڕەوا لەسەر
حيسابی ئەو خەڵكە ئەخۆن و ئەخۆنەوە و بە بەخشين لە داراييەكانی خەڵك لۆبی بۆ خۆيان
درووست دەكەن و دۆست و پشتيوان بۆ خۆيان ريز دەكەن و نەيارانيان سەركوت و كوشتار و
لەگەڵ ئەوانەشدا كار دەكەن بۆ دێواندنيان. ئەوان خوێنی ئەو ميللەتە دەڕێژن و
دەيدەنە قاقای پێكەنين و بە سەريدا هەڵپەڕكێ و ئاهەنگ دەگێڕن. بەوانەش رازی نەبوون
و دەست و پەنجەيان خستۆتە سەر خاكی وڵاتانی دوور و نزيك و بوونەتە باپير و داپير
بۆ ئەم و ئەو و، لايەنانيتر بە گژ يەكتردا دەبەن و بە سەريانەوە حوكم دەكەن و بەو
ئاقارەدا توانست و پوتانسيەلی ناو كۆمەڵ دەخەنە خزمەت پەلهاويشتن و
فرەخوازييەكانيان. ئەوان بە لێشاو پەنا دەبەنه بەر بوختان و قسەی هەڵبەستراو و
ساختەكاری و فرت و فێڵ و پروپاگەندا و لەم ساڵانەی دواييشدا هەوڵی ئەوەيان داوە كە
بە بەرهەمهێنانی بۆمبای ناوەكی جيهان بە بارمتە بگرن!
بە هۆی خەباتی حەقخوازانەی خەڵك و موقاومەتی ئێران و
خۆڕاگریيان، ئێستا ماوەيەكە گۆڕانكاری بە سوودی گەل و بە زيانی ئاخوندان دەستی
پێكردووە و هەر دێت و كۆتايی ئەم رژێمە نزيك دەبێتەوە. خەڵكی ئێران سێ مانگ بەر لە
ئێستا و لە يەكەم هەنگاوی راپەڕين بەرەو رزگاربوون، يەكدەنگ ئەو داخوازييەيان نەك
هەر لە ئێران بەڵكو لە تەواوی جيهان بەرز کردەوە كە دەبێ ئەو رژێمە بگۆڕدرێت!
بە هەڵكەوت نيە كە ئەمڕۆ دەبينين لە ئاستی
نێودەوڵەتيدا، گۆڕانكارييەكان بەرەو ئەو داخوازييە ملی ناوە و زەنگەكان دژ بە
رژێمی تيرۆريستيی مەلاكان لێدەدەن. كاتێ خەڵك و موقاومەتی ئێران سوورن لەسەر ئەوەی
رژێمی ئاخوندی بڕۆوخێنن و رژێمێکی نەتەوەيی و خەڵکی و ديموكرات و هاوشانی
شارستانييەتی لە جێ دابنێن، بێگومان جيهان لە تەنيشتی دەوەستێت و پشتگيری دەكات.
بۆ ئەمكارەيش ئاڵتەرناتیڤێكی ديموكراتی بەردەستە.
رودی جوليانی،
راوێژكاری كۆشكی سپی و شارەداری پێشووتری نيۆيۆرك كە لەم دواييانەدا لە ئاڵبانيا
لەگەڵ سەرۆكی موقاومەت، خاتوو مريەم رەجەوی ديدار و كۆبوونەوەی كرد، هاوكات كە
پشتگيريكردنی خۆی لە موقاومەت و راپەڕينی خەڵكی ئێران راگەياند، هەواڵێكی خۆشی پێ
بوو بۆ خەڵكی ئێران. ئەو وتی كە بەمزووانە جۆن بۆلتۆن وەك راوێژكاری ئاسايشی
نيشتمانيی هەڵدەبژێردرێت. ئەم هەواڵە چەند رۆژ دواتر لە لايەن (كۆشكی سپی)یەوە بە
رەسمی پشت راست كرايەوە و راگەياندرا. جوليانی لە يەكێك لەم هەڵوێستەكانی ئەم
دواييانەيدا وتی: ”عەڕەب و ئێرانييەكان ئەمڕۆ خاوەنی ئەك ئامانجی هاوبەشن. پارەی
ئێران بۆ تێكدانی وڵاتانی عەڕەبی خەرج دەكرێت و خەڵكی ئێران رژاونەتە سەر
شەقامەكان بۆ دەربڕينی ناڕەزايەتی. چون داراييەكانيان بۆ خەڵكانيتر خەرج دەكرێت”.
ئەو هەروەها وتی: ”ئەوە دەرفەتێكی مێژووييە كە عەڕەب و ئێرانييەكان لەسەر يەك
ئامانجی هاوبەش واتا رووخاندنی رژێمی دەسەڵاتدار لە ئێران هاوڕان. خەڵكی ئێران بە
راشكاوی وتوويانە خوازياری رووخانی (روحانی و خامنەئی)ین
و ئەوەیش دەبێتە هوی ئەوەی ناوچەكە بۆ گەيشتن بە يەك ئامانج
يەك بگرێت” (رۆژنامەی ئەلرياز 24ی مارسی 2018).
هەروەك ئاوێكی زوڵاڵی هەڵقوڵيوی كانياوێك، رەوايەتی خەباتی
گەلی ئێرانيش رێگای خۆی بە ناو بەرداندا دەكاتەوە و شكست بە سياسەتی سازشت و
مودارای رۆژئاوا لەگەڵ ئەم رژێمە دەهێنێت. ئەم سياسەتەش كە خاڵی سەرەتايی،
وەلانانی سەرۆكی سازشتكاری ئەمريكا، باراك ئۆباما بوو ئێستا بەرەو كۆتاييە و ئەو
گۆڕانكارييانەی لەم دواييانەدا لە ئيدارەی سەرۆكی ئێستای ئەمريكی، دۆناڵد ترامپ
بەرچاو دەكەوێت لەو هەنگاوانەن بۆ وەستانی حكومەتی ئەمريكا لە تەنيشت خەڵك و
موقاومەتی ئێران.
ئێستا هەمووان بينەری ئەم راستييەن كە رژێمی مەلاكان
بەتەواوی بە سەرسوڕماوی تۆقاون لەو گۆڕانكارييە و كرێگرتەكانيان لە هاتنە سەر كاری
جۆن بۆلتۆن وەك راوێژكاری ئاسايشی نيشتمانی، هيسترييانە هەڵبەز و دابەز دەكەن. چون
بەو گۆڕانكارييە، چيتر كۆشكی سپی شوێنێك نابێت بۆ سات و سەودا لەگەڵ رژێمی ئێران و
شوێنێك نابێت بۆ هاريكاری و پارمەتی گەياندنی غەيبی بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران!
جۆن بۆلتۆن كە ناسراوە بە سەرسەختی بەرانبەر بە رژێمی
مەلاكان زۆر جار وتويەتی كە ”رۆژهەڵاتی ناوەڕاست يەك كێشەی هەيە و ئەويش رژێمی
دەسەڵاتدار لە ئێرانە”. ئەم تێڕوانيينە رێكە لەگەڵ ستراتيژی راگەياندراوی
پرێزيدێنت ترامپ بە تەواوی. بە تايبەت كە ئێستا وەزيری كاروباری دەرەوەی ئەمريكایش
هەمان تێڕوانينی هەيە. لە تەنيشت ئەو گۆڕانكارييانە دەبێ ئاماژەش بدەم بە هەڵوێستی
توندتری جيهانی عەڕەب بەرانبەر بە رژێمی ئێران. ئێستا وڵاتانی عەڕەبی بە
سەرۆكايەتی سعوديا بەو رێڕەوەدا هەنگاو دەنێن و مانەوە و تەياربوونی رژێمی
تيرۆريستيی مەلاكان بە چەكی ئەتۆم، بە هەڕەشە بۆ سەر خۆيان دەزانن. ئەم مەترسييە
هەم جيددييە و هەميش راستە!
ئەگەرچی تا رادەيەكی زۆر، ئەو گۆڕانكارييانەی لەسەرەوە
ئاماژەم پێدا. رێككەوتننامەی ئەتۆم (بەرجام)ی يەكلايی كردۆتەوە بەڵام وابڕيارە یەک
مانگی تر، دۆناڵد ترامپ بڕياری خۆی لەم بوارەدا رابگەيەنێت. ئەگەر ئەمريكا لەو
رێككەوتننامەيە دەربچێت ئەوا ئەم ناوچەيە لە جيهان دەچێتە قۆناغێكی تازەوە كە زيات
لە رابردوو زەنگەكان بۆ كۆتايی رژێمی ئێران لێدەدەن. چون هەر لە ئێستاشەوە ديارە
ئەورووپا پشتگير دەبێت بۆ ئەو بڕيارەی ئەمريكا.
ئايا ئەم رووداوە بە واتای ئەوە
دێت شەڕ لە ناوچەكە دەست پێدەكات؟ بە پێچەوانەی پڕوپاگەندای رژێم و لۆبێ رژێم، نا!
نە ئەمريكا و نە خەڵكی ئێران و نە موقاومەتی ئێران پێشوازی
لە شەڕ ناكەن. بەڵام ئەوە ئاستێكی نزمە لە شيكاری كە وا بير بكەينەوە شەڕێكی نوێ
لە ناوچەكە دەست پێدەكات. ئەوانەی خەڵك لە هاتنە سەر كاری جۆن بۆلتۆن دەترسێنن،
چۆنه بێدەنگ بوون لەو كاتەی رژێمی خومەينی شەڕی سەپاند بەسەر خەڵكی ئێران و گەلانی
ناوچەكە لە ماوەی 39 ساڵی رابردوودا. لە راستيدا ئەوە رژێمی ئێران بوو لە 39 ساڵ
بەر لە ئێستا شەڕی هەڵايساند بەرانبەر بە جيهان و بەر لە هەمووان خەڵكی ئێران.
خەڵك و موقاومەتی ئێران ئێستا دەيانهەوێت بە رووخاندنی ئەم رژێمە كۆتايی بهێنن بە
شەڕ و، ئاشتی و ئاسايش و سەقامگيری بگەڕێننەوە بۆ ناوچەكە. كەوايە ئەم ئيديعايە لە
بنەڕەتدا بێ بايەخە كە دەيانهەوێت خەڵك لە «شەڕێكی خەياڵی» بترسێنن. لە مێژوودا
ئەو ئەزموونە زۆر جار دووپات كراوەتەوە كە ئەوە رژێمە ديكتاتۆرەكانن سەپێنەری شەڕن
بەسەر گەلاندا.
ئەوەی ئێستا كۆدەنگی لەسەرە ئەو راستيەيە كە تاكە رێگا بۆ
لادانی تارمايی شەڕ، كۆتاييهێنانە بە رژێمی مەلاكان لە تاران و تاكە ئامێريش
بۆ ئەم كارە و بۆ وەشاندنی زەبری كارا بۆ سەر ئەو رژێمە، پشتيوانيكردنە لە
راپەڕينی رێكخراوی خەڵكی ئێران.
راپەڕينی گەل بەردەوامە و رێكخستنی هێزەكانی راپەڕين لە
شانەكانی شۆڕش (كانون
شورشی) هەر دێت پتەوتر
دەبێت و پەرە دەسەنێت. ئەوەيش بەڵگەيە بۆ سەر راست و درووستبوونی ئەو ستراتيژييەی لە لايەن موقاومەتی ئێرانەوە راگەياندراوە.
پێويستە دەوڵەتانی رۆژئاوا و عەڕەب بە رێگەی بە رەسمی
ناسينی ئالترناتيڤی ديموكراتيی ئەنجوومەنی نيشتمانيی موقاومەتی ئێران تابووتی
رژێمی ديكتاتۆريی ويلايەتی فەقيهی دەسەڵاتدار لە ئێران بزمارکوت کەن!
No comments:
Post a Comment