Sunday, September 23, 2018

راپەڕينی خەڵكی ئێران و قەيرانی سياسی لە عێراق


راپەڕينی خەڵكی ئێران و قەيرانی سياسی لە عێراق
چاوخشانێك بەسەر دەوری تێكدەرانەی رژێمی ئێران لە عێراق
عەبدولڕەحمان مەهابادی، نووسەر و لێكۆڵەری سياسی
جارێكيتر دۆخی عێراق كەوتە بەر سەرنجی كۆمەڵگای جيهانی. هەڵبەت ئەمجارە بە رەهەندی قووڵتر و بەرينترەوە. هەڵبەت بە تەنيشت دۆخی دراوسێ رۆژهەڵاتييەكەییەوە واتا ئێران وڵامدانەوە بە هۆكاری بارودۆخی هەنووكەيی ئەم وڵاتە زۆر كورت و روونە.
هاوكات لەگەڵ بەرەوپێشچوونی راپەڕينی خەڵك لە شار و ناوچە جياجياكانی ئێران و هەروەها پەرەسەندنی رۆژ لە دوای رۆژ زياتری سزا نێودەوڵەتييەكان بۆ سەر رژێمی مەلاكان، عێراقيش كەوتە ژێر كاريگەريی قەيرانەكانی تايبەت بە ئێران و هەر دێت و زياتر ئەم راستییە دەردەكەوێت.

دەستتێوەردانی رژێمی ئێران لە كاروباری وڵاتانی دراوسێ و بە تايبەت عێراق زۆر دێرينە و خومەينی بە هاتنە سەر كاری لە ساڵی 1979، رۆژ نەبوو خەياڵی داگيركردنی عێراقی لە مێشكدا نەبێت و دواتريش خەياڵی درووستكردنی ئيمپراتۆرييەتی ئيسلامی. گۆڕانكارييەكانی عێراق لە ساڵی 2003 و ئەو بايەی بە سوودی مەلاكانی ئێران هەڵيكرد، تا رادەيەكی زۆر ئەو شتەی مەلاكان پێشتر خەونيان پێوە دەدی، بوو بە راستی و مەلاكان سەرخۆش لە رووخاندنی حكومەتی پێشووی عێراق بە شێۆازێكی هيسترييانە خۆيان بەسەر چارەنووسی گەلی عێراقدا سەپاند. ئەنجام، ئەوەی نەدەبووا هەرگيز روو بدات، لە ژێر سايەی سياسەت و ئيستراتيژيی هەڵەی دەوڵەتانی رۆژئاوا دا رووی دا!

ئێستا كە رژێمی ئێران بەرەو داڕمان دەچێت و رووداوەکان گۆڕانكاريی گەورەی بە خۆيەوە بينيوە، بارودۆخی رژێمی مەلاكان لە عێراق زۆر سەير و سەرنجڕاكێشە. هاوكات لەگەڵ پەرەسەندنی راپەڕينی خەڵكی ئێران دژ بە ديكتاتۆرييەتی مەلاكان، خەڵكی عێراقيش پێناسەيی رژێمی مەلاكانی ئێرانيان بۆ روون بووەتەوە ودەستتێوەردان لە ناو كاروباری وڵآتەكەيانيان پێ قبووڵ ناكرێت. ئەوان كە زۆر بە خەستی لە ژێر گوشاری باری خراپی ئابووری و گوزەرانی ژيانياندان، لە خۆپيشاندانەكانی ئەم چەند مانگەی رابردوودا، هەروەك راپەڕينی خەڵكی ئێران، درووشمەكانيان زۆر بە خێرايی خستە سەر داواكاريی سياسی و، چڵكاوخۆرانی رژێمی ئێرانيان بە هۆكاری ئەم نالەبارییە زانی كە لە حاڵی حازردا دەسەڵاتی عێراقيان داگير كردووە. ئەوان خوازياری كورتكردنەوەی دەست و پەنجەی رژێمی مەلاكانی ئێرانن لە كاروباری وڵاتەكەيان و، دەوری تێكدەرانەی رژێمی ئێران بە هۆكاری سەرەكيی باری نالەباری عێراق دەزانن. ئەوەی زۆر روون و حاشاهەڵنەگرە، چارەنووسی هاوبەشی خەڵكی ئەم دوو وڵاتەيە كە لە لايەن رژێمی بناژوخواز و تيرۆريستی مەلاكانەوە هەڕەشەی لێدەكرێت. كرێگرتەكانی ئەم رژێمە لە عێراق هەروەك ئۆختاپوس بوونەتە قورسايی بەسەر ژيانی خەڵكی ئەم وڵاتەوە.

زۆر بە كورتی دۆخی ئێستاكەی عێراق هەڵقوڵاوی ئەم سێ فاكتەرەيە. ستراتيژيی هەڵەی روژئاوا تايبەت بە داگيركردنی عێراق، دەوری تێكدەرانەی رژێمی تيرۆريستيی ئێران بەسەر ئەم وڵاتەوە و هەروەها نەبوونی ئالترناتيڤێكی ديموكراتی و جەماوەری و سەراسەری لە عێراق. لە حاڵی حازردا خەڵكی عێراق لە ئازاردان و خۆپيشاندان و ناڕەزايەتييە جەماوەری و خوێناوييەكانی ئەم دواييەی باشووری عێراق خۆی بەڵگەی ئەم راستييەن.

بەردەوامبوونی راپەرينی جەماوەری لە ئێران و دەوری گرينگی موقاومەتی سەراسەری لەم راپەڕينەدا، بۆوەتە هۆی ئەوەی گەلانی جيهان دەنگی تێكشكانی ئێسكەكانی ئەم رژێمە پەككەوتەيە ببيستن. ئاشكرايە سەرانی ئەم رژێمە رێگە نادەن خەڵكی عێراق خۆيان چارەنووسی خۆيان دياری بكەن و لە حاڵی حازردا سەرقاڵی سيناريۆگەلێكی زۆرن بۆ ئەمكارە. ئەوان هەروەك رابردوو دەيانهەوێت بە هەڕەشەکردن كرێگرتەكانی خۆيان بخەنەوە سەر كورسی. رژێمی ئێران كە سەرباری ساختەكاری و فێڵكردنێكی بەربڵاو لە هەڵبژاردنەكانی 12ی ئاياری 2018 نەيانتوانی كرێگرتەكانی خۆيان بە زۆرينە بگەيەنن، ئێستا دەيانهەوێت بە رێگەی هەڕەشەكردن، دەست بەسەر پۆستە چارەنووس سازەكانی عێراق دا بگرن. بەڵام راستييەكان رێگە بە سەرکەوتنی ئەم سيناريۆيە نادەن. ئەو رۆژانە بەسەر چوو جيهان بە ئارەزووی ئەوان بوو. چون پێشكەوتنەكانی راپەڕينی خەڵكی ئێران و هەروەها گۆڕانكارييە ناوچەيی و جيهانييەكان رێگرن بەرانبەر بە پێشڕەويكردنی رژێمی ئێران لە عێراق.

رژێمی ئێران كە بۆ ماوەی 15 ساڵ عێراقيان داگير كردبوو و لەو ماوەيەدا ژێرخانی ئابووری و كۆمەڵايەتيی عێراقيان لە ناو برد و بە رێگەی كرێگرتەكانيانەوە دەستيان بە سەر سەروەت و سامانی خەڵكی ئەو وڵاتەدا گرتبوو، لە هەنگاوێكی بێشەرمانەی ئاخونديدا، داوای غەرامەتی جەنگی لە عێراق دەكەن.
حيشمەتوڵڵا فەلاحەت پيشە، سەرۆكی لێژنەی ئاسايشی نيشتمانی و سياسەتی دەرەوەی مەجليسی ئاخوندان وێڕای ئاماژەدان بە بڕيارنامەی ئەنجوومەنی ئاسايشی رێكخراوی نەتەوە يەكگرتووەكان وتی: ”عێراق دەبێ بە پێی بڕگەی 6ی بڕيارنامەی 598ی ئەنجوومەنی ئاسايشی رێكخراوی نەتەوە يەكگرتووەكان غەرامەی جەنگيی ئێران بدات» (ئاژانسی هەواڵی حكومەتيی ئيسنا 18ی ئاگۆستی 2018). بەر لەويش، مەحمود سادقی، ئەندامێكيتری مەجليسی ئاخوندان وێڕای رەخنەگرتن لە حەيدەر عيبادی، سەرۆك وەزيرانی عێراق دەربارەی سزاكانی ئەمريكا بۆ سەر رژێمی ئێران نووسی: ”عێراق 11 مليارد دۆڵار قەرزداری ئێرانە تايبەت بە خەسارەتی راستەوخۆی شەڕی سەپێندراو بەسەر ئێراندا».

داواكاری و ئيديعاكانەكانی رژێمی ئێران لەم بوارەدا، بەر له هەر شتێك دۆخی نەزۆك و شەكەتباری رژێمی دەسەڵاتدار لە ئێران نيشان دەدات. راستييەكەيشی ئەوەيە كە لە حاڵی حازردا، ئەستێرەی بەختی ئەم رژێمە لە ئاسمانی عێراقدا بەرەو ئاوابوونە و خەڵكی عێراقی هەروەك خەڵكی ئێران زۆر تووڕە و ناڕازين بەرانبەر بە رژێمی مەلاكان.
ئێستا كە ئەم ناوچەيە بەرەو ئەوە دەچێت كە لەسەر دەستی خەڵك و موقاومەتی ئێران لە سامناكترين ديكتاتۆرييەتی سەردەم، واتا رژێمی ئايينی دەسەڵاتدار لە ئێران رزگاريی بێت، هێزە سياسييەكانی گۆڕەپانی عێراقيش چاريان نەماوە جگە لەوەی بەسەر دوو بەرەدا دابەش بن. بەرەی رژێمی ئێران و بەرەی نەيارانی ئەم رژێمە. خێرايی و پێشكەوتنی گۆڕانكارييەكان رێگايەكيان نەهێشتۆتەوە بۆ مانەوە لە نێۆان ئەو دوو بەرەيەدا. بێگومان مێژوو رەحم بەو كەس و هێزانە ناكات كە لە تەنيشت رژێمی ديكتاتۆرييەتی ئايينی دەسەڵاتدارل ئێران بووەستن!




No comments:

Post a Comment