Tuesday, February 19, 2019

بەهاری ئێرانی بەری خۆی ئەدات!


بەهاری ئێرانی بەری خۆی ئەدات!
تێروانينێكی راست و دروست بۆ سەر بەهاری ئێران و وڵاتانيتر
عەبدولڕەحمان مەهابادی ، نووسەر و لێكۆڵەری سياسی
بە پشت بەستن بە كەلتووری سياسيی چەند دەيەی رابردوو، ئەمڕۆ ئەبينين بەهاری راستەقينەی «گەل» يا «وڵات» بە يەك قۆناغ بەری خۆی نادات. بەهاری عەرەبی لە دە ساڵی رابردوو نموونەی ئەم راستيەيە. بەهار هەروەك «تۆ»وێك وايە كە ئەيچێنيت. بەڵام ئاودان و پەروەردەكردنی، كە لەوانەيە بەشی هەر سەختی كارەكە بێت، پێۆيستی بە هێزێكی رەسەن و جەماوەری و شايستەيە تا «بەهار» بەرهەم بێت. «ئێران» نموونەی زەقی ئەم راستەيە.
بەهاری ئێران لە ساڵی 1979 بە رووخاندنی رژێمی پاشايەتی پشكوت، بەڵام بە هاتنە سەر كاری خومەينی و رەوتی كۆنەپەرستانەی مەلاكان، ئەوەی گوڵ و غونچە بوو هەڵوەری. ديكتاتۆرێكی دڕندەتر جێی ديكتاتۆرەكەی پێشووی گرتەوە. بۆ گەيشتن بە ئازادی دەبێ ئەم ديكتاتۆرەيش بڕووخێندرێت. ئەمە بەشە سەختەكەی كارەكەيە كە بە هوی لەمپەڕی جياجيا و لە سەروويش هەمووانيش، سياسەتی سازانی رۆژئاوا لەگەڵ رژێمی ناڕەوای دەسەڵهتدار لە ئێران تا ئەمڕۆی خاياندووە.

بۆ دەرك كردن بەو واستييە، وای دابنێن كە بمانهەوێت بينايەكی نوێ لە سەر بينايەكی كۆن دووبارە درووست بكەينەوە. پلان داڕشتن و شێوازی رووخاندنی بينا كۆنەكە زۆر ئاسانتر و خێراترە لە پلان داڕشتن و ئەندازياری بۆ درووست كردنی بينا تازەكە. خەڵكی ئێران رژێمی پاشايەتييان رووخاند. بەڵام هەرگيز خوازياری ئەوە نەبوون كە ئاخوندان دەسەڵاتی ئێران بە دەستەوە بگرن. كەوايە خەڵكی ئێران دوای رووخاندنی رژێمی شا بەرەوڕووی كۆسپێكی ترسناك بوونەوە بە ناوی ديكتاتۆريیەتی ئايينی. (40) ساڵ سەركوتكردن و كوشتار و تيرۆر. (40)ساڵ بەتاڵانبردن و گەندەڵی و هەڕەشە و مەترسی!
خەڵكی ئێران زۆر زوو پێناسەی كۆنەپرستانە و دواكەوتووی خومەينی و مەلاكانيان بۆ دەركەوت و بە نەفرەتيان كرد و خوازياری رووخاندنی ئەم رژێمە بوون. بەڵام سياسەتی سازشتكارانەی رۆژئاوا بەرانبەر بە ئاخوندان ئەو لەمپەڕە گەورەيە بوو كە بووه هۆی درێژبوونەوەی تەمەنی دەسەڵاتی ئاخوندان تا ئەمڕۆكە.

خەڵكی ئێران لە ماوەی (40) ساڵی رابردوو، حيزب گەلێكی زۆريان بە ئەزموون كردووە. هەندێكيان بە خێرايی تێكەڵاوی دەسەڵاتی ئاخوندان بوون. هەندێكيشيان كە لە سەردەمی رژێمی پاشايەتی بەرانبەر بە شا خەباتيان كردبوو بەڵام بە هوی ئاڵۆزی و دژوارييەكانی بەرەنگاربوونەوەی ئاخوندان هەرەسيان هێنا و تەنانەت دواتر چوونە پاڵ دەسەڵات و هاوكارييان كردن. هەندێكيشيان بينی كە بە ساويلكەيی سياسەتی گفت و گۆكردن لەگەڵ رژێمی ئاخوندانيان گرتە بەر و بە زانين يا نەزانينەوە هەنگاويان نا بۆ رەوايەت دان بە رژێمی ناڕەوای ئاخوندان. بەڵێ، خەڵكی ئێران لە ماوەی (40) ساڵی رابردوو، جگە لە كەڵەكەكردنی ئەزمونەكانی لەمەڕ بەرەنگاربوونەوەی ئاخوندان. هەموو حيزبە سياسييەكانيشی بە ئەزموون كرد. ئەوەی لە ماوەی (40) ساڵی رابردوو هەنگاوی نەگۆڕی، موجاهيدينی خەلق بوون كە هێزی سەرەكيی ئەنجوومەنی نيشتمانيی موقاومەتی ئێرانە. ئەم ئەنجوومەن كە هاوپەيمانیەتییەکی هەرە دێرينە لە مێژووی ئێراندا، ئێستا تاكە ئاڵترناتڤی ديموكراتييە بەرانبەر بە رژێمی ئاخوندان.

ئەگەر ئێستا ئەبينين راپەڕين بۆ گەيشتن بە ئازادی لە ناوخۆی وڵات دانەمركاوە و بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی شۆڕشی دژەپاشايەتيدا بەردەوامە، يا ئەگەر ئەبينين كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ يەكەمجار لە تەنيشت خەڵكی ئێران وەستاوە دژ بە رژێمی ئاخوندان، شتێكی بە هەڵكەوت نيە، بەڵكو بەرهەمی چوار دەيە خەبات و تێكۆشانی خەڵكی ئێرانه لە بەر رۆشنايی هێزێكی رەسەن و جەماوەری و ئايندەدار كە ئێستا لە لايەن خاتوو مريەم رەجەوييەوە نوێنەرايەتی دەكرێت.
لەمڕووەوە بە باوەڕی نووسەر، داتاشين و ساختەكردنی ئاڵترناتيڤی بێ بنەما، كە رژێمی ئێران و پاشماوەكانی سياسەتی سازشتكاری لە رۆژئاوا بە دوايەوە وێڵن، تەنها بارودۆخەکە بە سوودی ديكتاتۆر ئاڵۆزتر دەكات و نەك هيچی تر. چون ئاڵترناتيڤێكی راستەقينەی بەردەست، خاوەنی تايبەتمەنديی ديارە كە لەوانيتردا بەدی ناكرێت.
بەم تێڕوانينەوە دەكرێت بڵێين نرخی كۆنفەڕانسی وەرشۆ كە بە دەستپێشخەريی پرێزيدێنت ترامپ بەسترا لەوەدا كورت دەكرێتەوە كە تا چ رادەيەك نزيك بۆتەوە لە موقاومەتی خاوەن پێگەی كۆمەڵآيەتی لە ئێران. بە جيددی وەرگرتنی هەر هاوپەيمانیەتییەکی دژبەری رژێمی ئێران، لە لايەن رێبەری ئاخوندانيشەوە هەر لەو خاڵەدا خۆی نيشان دەدات. نابێ ئەوە لە ياد بكەين هەر چەشنە گۆڕانكارييەك لە ئێران بە تەواوی بەستراوەتەوە بە بەرەسمی ناسينی موقاومەتی ئێران. ئەگينا دەبێتە دووبارەكردنەوەی شتێكی كۆن و كاتی!

بە لەبەر چاوگرتنی ئەم راستييە، وتەكانی مايك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمريكا لە كۆنفەرانسی ئاسايش و ئايندەی ئاشتەوايی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست له وەرشۆ گرينگی و تايبەتمەندی خۆی هەيە. ئەو روو لە وڵاتانی ئەورووپی وتی: ”كاتی ئەوە هاتووە وڵاتانی ئەوروپی لە رێككەوتننامە ئەتۆمييەكە لەگەڵ ئێران دەربچن. لە ساڵی 2009 دونیا ئەو دەرفەتەی لە دەست دا كە پشتيوانی بكات لە خەڵكی ئێران و ئاشتی لە جيهاندا. بەڵام نابێ دووبارە ئەم دەرفەتە له دەست بچێتەوە. دونیا دەبێ ئەمجارە يارمەتيدەر بێت بۆ خەڵكی ئێران. ئابووريی كۆماری ئيسلامی ئێران داڕماوە و خەڵكی ئێران رژاونەتە سەر شەقامەكان بۆ ناڕەزايەتی دەربڕين”. وتيشی: ”كاتی ئەۆە هاتووە هاوبەشە ئەوروپييەكانمان لە تەنيشت ئێمە و خەڵكی ئێراندا بووەستن”.

مايك پۆمپيۆ، وەزيری كاروباری دەرەوەی ئەمريكا لە پێوەند لەگەڵ كۆنفەڕانسی وەرشۆ وتی: ”ئێوە ناتوانن باس لە ئاسايش و ئاشتی بكەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ ئەوەی باسی مەترسييەكانی رژێمی ئێران بكەن”. (تەلەڤيزيۆنی پی بی ئێس 14ی فێبرايری 2019). ئەوە راستييەكانی زەقە كە ئێستا ئەمريكا سياسەتی خۆی لەسەری كەڵەكە كردووە. پۆمپيۆ لە قاهيرە رايگەياند كە «ئەمريكا چی دی پارێزگاری لە ئاخوندە دەسەڵاتدارەكانی ئێران ناكات و ئێمە چووينەتە ريزی خەڵكی ئێران كە خوازياری ئازادی و دادپەروەرين». لەمڕووەوە «كۆتايی هاتووە بە قۆناغی شەرمكردن، كە ئەمريكا خۆی درووستی كردبوو. هەروەها قۆناغی ئەو سياسەتانە کۆتایی هاتووە کە ببوونە هۆی ئازاردانێكی پڕ ئێشی لەمجۆرە».
ئەوەی پێويستە كاربەدەستانی وڵاتانی روژئاوايی و عەرەبی رەچاوی بكەن ئەوەيە كە نابێ چاوەڕوانی ئەوە بكرێت بەهاری وڵاتان لە تاكتيك و شێوازەكاندا وەك يەك بن. گرينگترين تايبەتمەنديی گۆڕەپانی ئێران ئەوەيە كە خەڵكی ئەو وڵاتە قۆناغی يەكەمی بەهاری خۆيان لە ساڵی 1979 خستە پشت سەر و ئێستا بەهرەمەندن لە رێبەرايەتييەكی شايستە، پێكهاتەيەكی بە ئەزموون و رێكخستنێكی رێك و پێك كە دەتوانن ئاشتی و سەقامگيری لە ناوچەکە دەستەبەر بكەن.

مريەم رەجەوی، بە پێشوازيكردن لە دووركەۆتنەوەی ئەمريكا لەو سياسەتانەی خەڵكی ئێران و موقاومەتی ئێرانی كردبووە قوربانی، جارێكيتر ئەوەی وەبير دەوڵەتان هێنايەوە كە «رێگەچارەی كۆتايی بۆ رزگاربوون لە فاشيزمی دينی، گۆڕينی ئەم رژێمە ناڕەوايەيە لە سەر دەستی خەڵك و موقاومەتی ئێران. بە رەسمی ناسينی "ئەنجوومەنی نيشتمانيی موقاومەتی ئێران" تاكە بەديلی ديموكراتييە بەرانبەر بە ديكتاتۆريی ئايينی و تيرۆريستی و، قەرەبووكەرەوە و كۆتايی هێنەرە بە سياسەتی كارەساتاويی سازشتكاری لەگەڵ رژێمی ئاخوندان لە ماوەی چوار دەيەی رابردوودا. تەنها بە زمان زبر و بڕەر و بەهێز دەکرێت بەر بە رژێمی ريكۆردداری ئيعدام و سێدارە لە جیهان بگیردرێت».


No comments:

Post a Comment