Wednesday, January 10, 2018

راپەڕينی ئێران بەردەوامە و سەركەوتنی حاشاهەڵنەگرە!

راپەڕينی ئێران بەردەوامە و سەركەوتنی حاشاهەڵنەگرە!
عەبدولڕەحمان مەهابادی ، نووسەر و لێكۆڵەری سياسی
راپەڕينی بوێرانەی خەڵكی ئێران رۆژانێكی خستە پشت سەر و بەردەوامە. كۆڵەکەكانی حكومەت بە تەواوی كەوتوونەتە لەرزين و لێرە و لەوێ باس لە راكردنی هەندێك لە كاربەدەستانی رژێم بۆ دەرەوەی ئێران دەكرێت ياخود هێز و لايەنگرانی حكومەت خۆيان رادەستی راپەڕينكارانی گەل دەكەن. پشتيوانيكردنی نێودەوڵەتی لە راپەڕينی خەڵكی ئێران بەرەو زيادبوونە و خەڵك و هێزی پێشەنگی راپەڕين بۆ تەواوكردنی پرۆسەی راپەڕين سوورترن لە رابردوو بۆ گەيشتن بە ئامانجی سەرەكی كە بريتييە لە رووخاندنی ديكتاتۆرييەتی ئايينی.
لە رۆژانی رابردوو زياتر لە (50)كەس شەهيد كراون و ژماری گيراوەكان لە (4000)كەس تێپەڕيوە كە گيانيان لە مەترسيدايە. بەڵام ئەوانە و هەڕەشەكردنەكانی كاربەدەستانی هەر سێ هێزی دەسەڵاتی رژێمی مەلاكان نەك نەيتوانە بەر بە شەپۆلی راپەڕين بگرێت بەڵكو ئيرادەی راپەڕينكارانی بەهێزتر كردووە. چون نزيكەی چوار دەيە زيندانی بوون لە زيندانێك بە ناوی ”ئێران”ی ژێر دەسەڵاتی مەلاكان، شتێكی بۆ خەڵك نەهێشتۆتەوە كە ترسی لە دەستدانی ئەو شتەيان بۆ مابێت. ئەوان بەر لە هەر شتێك داوای ئازادی، كار و نان دەكەن و خەمی لە دەستدان يا دووريی ئازيزانيان، (چ ئەوانەی له لايەن رژێمەوە قەتڵوعام كراون يان لەسەر دەستی ئەم رژێمە ناچار كراون شوێنی باب و باپيرانيان جێ بهێلن بەرەو تاڕاوگە بچن) قورساييە بەسەريانەوە. هاوكات ئەوانيش بێ سەبرانە لە هەوڵی ئەوەدان كە بە رووخاندنی رژێمی ئێران، گەل و نيشتمانەكەيان رزگار بكەن. لەو ناوەدا ئەوەی رژێمی بە تەواوی تۆقاندووە پەيوەنديی ئەم دوانەيە پێكەوە. واتا گەلێكی وەزاڵەهاتوو كە بوێرانە رژاونەتە سەر شەقامەكان و ئەو هێزە رێكخراو و بە ئەزموونەی بە تێپەڕبوون بە ناو جەرگەی زۆرێك رووداو و تاقيكردنەوەكاندا بووەتە هێزێكی كارا و بە قوربانيدانێكی زۆر و نرخێكی گران، ئێرانيانی ئازاديخوازی گەياندۆتە ئاستی ئەو سەرهەڵدان و خرۆشەی ئێستا کە بەنيازن خۆيان لە ژێر دەستی چوار دەيە ديكتاتۆرييەتی ئايينی رزگار بكەن.
كەوايە تا ئێستا ئەگەرچی دەرەنجامەكانی ئەم راپەڕينە زيندووە زۆر زۆرە بەڵام هەندێكی دەكەين تۆشەی رێگا تا دەرفەتێكيتر.
ئەم راپەڕينەی ئاوها دەركەوت و ئاوها بڵێسەی سەند و رژێمی ئاوها تاساند، خاوەن رابردوو و مێژووی خۆيەتی. هەروەها بەرەو ئامانجی تايبەتی خۆی ملی ناوە. ئەگەر لەوە بەدەر بوايە. نە ترسێكی لەمجۆرە رژێمی هەناسەبڕ دەكرد كە دەستەو داوێنی فەرانسە بێت و نە پێويستی بەوە دەكرد كاربەدەستانی ورد و درشتی ئەم رژێمە ئاوها بەرانبەر بە موقاومەتی ئێران و هێزی سەرەكی، واتا رێكخراوی موجاهيدينی خەلق وەدەنگ بێن و هەڵبەز و دابەز بكەن!

جيا لە هەر ئەگەر و هەوراز و نشێوێكی بەردەم راپەڕين، بەڵام بە پشت بەستن بە موقاومەت، سەركەوتنی نيهايی بۆ راپەڕين مسۆگەرە و هيچ رێگاچارەيەكيتر بۆ كێشەی ئێران بوونی نيە. چون راپەڕينی خەڵك و دەوری موقاومەتی رێكخراو و ئامادە تيايدا، شتێكی حاشاهەڵنەگرە كە بەر لە هەر لايەنێكيتر، رژێمی مەلاكان خۆيان بەوە دەزانن. بەڵام بێهودە هەوڵی ئەوە دەدەن بە سيناريۆی فريودەرانە و پيلانگێرانی جياجيا بيروڕای گشتی بە لاڕێدا بەرن و دووری خەنەوە لە راستييەكانی راپەڕين.
لە راستيدا جياوازييەكی زۆر هەيە لە نێوان ئەم راپەڕينەی ئێستا و راپەڕينەكانی چوار دەيەی رابردوو لە ئێران. لەوانە: داواكارييە ئابووری و كۆمەڵايەتييەكانی خەڵك كە داواكاريی سياسی لە هەناودايە، بەربڵاوی و خێرايی و شوێن و پێگەی ئێستای موقاومەتی ئێران لەناوخۆی وڵات و لە ئاستی نێودەوڵەتی ئەو خاڵە دیارانەن کە ئەو راپەڕينەی ئێستا لەوانەی رابردوو جیا دەکاتەوە. بە واتايەكيتر، هەل و مەرجی عەينی و زەينيی ناو ئێران و ئامادەيی هێزی رێنوێنی‌كار و ئالترناتيڤی ديموكراتی، رژێمی مەلاكانی راكێشی قۆناغی يەكلايی كردنەوە كردووە.
كەوايە نابێ ئەو گومان لەوە دا هەبێت كە كێشەی ئێران بە راستی قۆناغی بڕيوە و پێی ناوەتە بازنەيەكی نوێی رووبەڕووبوونەوە و پێشڕەوييەكانی خەڵك و موقاومەتی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران بەردەوام دەبێت. ئەوەی پێش بينی دەكرێت و حاشاهەڵنەگرە پاشەكشەكردنەكانی رژێم لەناوخۆ و دەرەۆەی ئێران و هاوكات لێكترازان و داڕمانی رژێمی ئێرانە.
ئەركە بەسەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بە تايبەت دەوڵەتانەوە كە هەستن بە هاوكاريكردنی خەڵك و موقاومەتی ئێران. ئەگەر دڵێك هەبێت بۆ چارەنووسی گەلانی سوريا و عێراق و يەمەن و لوبنان و وڵاتانيتر لێ بدات، ئەگەر چاوی كراوە مابێتەوە بۆ لەناوچوونی تيرۆر و تاقمە تيرۆريستييەكان، ئەگەر ئاشتی و ئاسايش و سەقامگيری بخوازرێت، تەنها رێگا پشتيوانيكردنە لە خەڵك و موقاومەتی ئێران كە لە لايەن خاتوو مريەم رەجەوييەوە نوێنەرايەتی دەكرێت كە پێويستە بە فەرمی بناسرێت و لەوە زياتر ئەم كارە دوانەخرێت.
نابێ ئەوەش له ياد بكەين بەدەر لەو رێگاچارەیە. دووپاتكردنەوەی دووپاتكراوەكانە و بەس!


No comments:

Post a Comment