Monday, January 8, 2018

راپەڕينی ئێران.. مەسێر و ئاسۆكانی !

راپەڕينی ئێران.. مەسێر و ئاسۆكانی !
عەبدولڕەحمان مەهابادی ، نووسەر و لێكۆڵەری سياسی
راپەڕين لە ئێران بەردەوامە و جيهان چاودێره بەسەر گۆڕانكارييەكانی ئەم وڵاتە گرينگەی خۆڕهەڵاتی ناوەڕاستەوە. وردەوردە لە ئاستی حكومەتاندا پشتيوانيكردن لە خەڵكی ئێران روو لە زيادبوونە و ئەوەيش ئەو رەوتەيە كە ئاسۆيەكی روون ئەخاتە بەرچاوی راپەڕينكاران.
ئێستا رووبەڕووبوونەوەيەكی توند هەيە لە نێوان گەل و رژێمی مەلاكان لە زۆربەی هەرە زۆری شوێنەكانی ئێراندا و هەر دێت و توندی و پەرەی زياتر بەخۆيەوە ئەبینێت. لە زۆربەی شوێنەكان، خەڵك هێرشيان كردووەتە سەر داوودەزگاكانی حكومەت. چون مەلا دەسەڵاتدارەكان نەك تەنها وڵامی داواكارييەكانی خەڵكیان نەداوەتەوە بەڵكو هەرەشەی كوشتن لە خەڵك دەكەن و بۆ ئەوە مەبەستەيش سەرجەم هێزە سەربازی و ئينتيزامييەكانی خۆیان خستۆتە ئامادەباشييەوە و لە زۆربەی شارەكان تەقەيان لە خەڵك كردووە و ژمارێكی زۆر شەهيد كراون.
ئەزموونە جياجياكانی وڵاتانی جيهان دەرخەری ئەم راستييەن كاتێ ”خوێن” رژا راپەڕين گڕ دەگرێت و ئەوەيش ئەو رەوتـەيە لە ئێران جارێكيتر بەرچاو دەكەوێت. رژێمی مەلاكان ئەگەر تەقە لە خەڵك نەكات، راپەڕينكاران بە نيازن ئەم رژێمە بڕووخێنن. ئەگەر تەقەیش بكات و بەردەوام بێت لە تەقەكردن زۆر سروشتييە خەڵك دەست بۆ چەك ببەن بەمەبەستی گەيشتن بە داواكارييەكانيان و ئەوەيش خۆی دووبارە بە واتای ئامانجی راپەڕينكارانە كە هەر لە سەرەتاوە داوای رووخاندنی ئەم رژێمەيان كردووە. بەهەرحاڵ مانەوەی ئەم رژێمە هەڕەشەی لەسەرە و هەموو پڕوپاگەندا و ئيدديعاكانی باڵە جياجيانی ئەم رژێمە هەرەوك بڵقی سەر ئاو بەرەوە نەمانە.

بە چاوخشانێك بەسەر پێناسە و كارنامەی رژێمی مەلاكان و ديمەنی هەنووكەيی ئێران لە رووی سياسی و كۆمەڵايەتی و ئابوورییەوە، بە دڵنياييەوە دەكرێت بڵێين سەرەتای كۆتايی هاتنی ئەم رژێمە دەستی پێكردووە و زۆر نابات ئەو گۆڕانكارييە گەورەی هەمووی جيهان چاوەڕوانيەتی، ببێت بە ئەمری واقيع و ئەم دێوەزمەی توندڕۆيی و ژێدەر و سەرچاوەی تيرۆر لە جيهان لەسەر دەستی خەڵكی ئێران بێتە رووخان. رەوتی گۆڕانكارييەكان و هەموو بەڵگەكانی ئەم گۆڕەپانە ئەو راستييە دەردەخەن كە ساڵی نوێی زايينی، ساڵێكی چارەنووس سازە هەم بۆ گەلی ئێران و هەميش بۆ گەلانی ناوچەكە.
لێرەدا ئەم پرسيارە دێتە پێش، ئايا ئەم راپەڕينەی خەڵكی ئێران شتێكی خۆڕسك و بە هەڵكەوت و بێ رێكخستن بووە؟ ئەوە زۆر هەڵەيە كە وڵامی ئەم پرسيارە بنەڕەتييە بە ”ئا” وڵام بدرێتەوە.
بۆ كارناسانی كاروباری ئێران زۆر روونە كە ئەم راپەڕينە خاوەنی پشت و رێكخستنی خۆی بووە و لە ناو كۆمەڵدا رەگ و ريشەی داكوتاوی هەبووە و بەرەو ئامانجێكی ديار ملی ناوە ئەگەر چی جارێ نەكرێت ئاماژەی پێ بدرێت بە كورتيش. ئەوەی لە وێنە و كليپە بڵاوكراوەكانيدا بەرچاو دەكەوێت، داواكاريی سەرەكی خەڵك رووخاندنی ئەم رژێمەيە كە هەر لە سەرەتاوە ستراتيژيی موقاومەتی ئێران بووە و لەگەڵ ئەوەشدا دەوری بەرچاوی ژنانی دلێر و لاوانی بوێری ئێرانە كە تەواو رێكە لەگەڵ پێناسەی هێزی پێشەنگی موقاومەتی ئێران. رق و كين و پروپاگەندای ژەهراويی رژێمی مەلاكان لە نومايشی خۆپيشاندانی دژ بە راپەڕينكاران خۆی باشترين بەڵگەی ئەو راستييەيە كە تيايدا كرێگرتەكانی رژێم ئەيانوتەوە: ”بزوتنەوەی سەوزی ئومەوی.. شوێنكەوتووی رێگای رەجەوی”.
ئێستا ئەركێكی نەتەوەيی و نيشتمانی لە سەر رێی هەر تاكێكی سەربەست و ئازاديخواز و بەشەڕەفی ئێرانييە كە بريتيە لە ”خۆ ئامادەكردن بۆ سەرخستنی راپەڕينی گەل”. بە پێی هەموو كتێبە ئاسمانييەكان و بە پێی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مروڤ، كۆمەڵ بۆی هەیە لە سەر هەردی باوك و باپيرانی خۆيدا، بۆ بەرگريكردن لە سەروەری و كەرامەتی خۆی راپەڕێت و دەوڵەتی سەركوتكەر بڕووخێنێت. ئەوە هەنگاوێكی رەوايە و لە ئاستی نێودەوڵەتيدا بەڕەسمی ناسراوە و رێگەپێدراوە. ئەمڕۆ سەرەی خەڵكی ئێرانه بەر لەوەی رژێمی مەلاكان تەمەنی (40)ساڵەی خۆی تەواو بكات بيڕووخێنێت. جيا لە هەر هەوراز و نشێوێك، سەركەوتن بۆ گەلی ئێرانه كە ئيرادەی كردووە و رزگاريی داوەتە بەرخۆی و رزگاريشی هەر دەبێت!



No comments:

Post a Comment