دەرفەتێكی
ئاڵتونی لەبەردەم راپەڕينی خەڵكی ئێران دا
لە سەروبەندی دەستپێكی سەری ساڵی نوێ
عەبدولڕەحمان
مەهابادی ، نووسەر و لێكۆڵەری سياسی
هەموو ساڵێك رێ و
رەسمی ساڵی نوێ كە بە بۆنەی «رۆژی چوارشەممە سووری»ەوە دەست پێ دەكات قورساییەکی زۆر دەخاتە سەر رژێمی ويلايەتی
فەقيهی ئاخوندی. لەبەر ئەوەی بەڕێوەبردنی ئەم بۆنەيە هەلقوڵاوی فەرهەنگی
دەوڵەمەندی گەلانی خەڵكی ئێرانە بە گشتی و زۆر دژە بەرانبەر بە فەرهەنگی
دواكەوتووی مەلا دەسەڵاتدارەكانی ئێران. لە رێكخستنەوە و نوێکردنەوەی نەريت و
كەلتوور و رێ و رەسمەكانی لەگەڵ هەل و مەرجی سەردەمدا، بەڕێوەبردنی ئاهەنگ و جەژن گۆڕانكاری
بەسەر هاتووە كە هەموو ساڵێك زياتر رق و تووڕەيی ئاخوندانی لێكەوتۆتەوە. چون خەڵك لەمجۆرە
ئاهەنگ و رێ و رەسمە كەلتوورييانەدا، بە شێوازی جياجيا نەياری و ناڕەزايەتی خۆيان بەرانبەر
بە رژێمی ديكتاتۆريی دەسەڵاتدار نيشان دەدەن.
رێ و رەسمی
چوارشەممەسووری لە ئێوارەی دوايين سێشەممەی ساڵ بەڕێوە دەچێت كە تيايدا خەڵك لە
هەموو شوێنەكانی ئێران، ئاگر دەكەنەوە و بەسەريدا قەڵەمباز دەدەن. ئەم ئاهەنگە
كۆتايی وەرزێك و دەستپێكی وەرزێكيترە. خستنە پشت سەری وەرزی سەرما و ناخۆشييەكانی
رۆژگاری رابردوو بەرەو گەيشتن بە كامەرانی و بەختەوەری لە ساڵی ئايندەدا.
بەڕێوەچوونی ئەم بۆنەيە
لە لايەن خەڵكەوە زۆر جياوازە لە ساڵانی رابردوو، چون راپەڕينی قارەمانانەی خەڵك و
دواكاريی سەرەكی ئەوان، واتا رووخاندنی رژێمی مەلاكان كە لە كۆتايی رۆژانی ساڵی 2018
كرا، دۆخی سياسيی ئێرانی بە تەواوی گۆڕی و ئاسۆی رووخاندنی رژێمی مەلاكانی زۆر نزيك
كردەوە.
رژێمی فاشيستيی
ئايينی دەسەڵاتدار لە ئێران لە 39 ساڵی رابردوو بەردەوام هەوڵی داوە نەريت و كەلتووری
گەل، به پاساوی ئەوەی دژەئيسلامين لە
خەڵكی بستێنێتەوه و بۆ ئەو مەبەستەيش زۆرێك فەتوای لەم پێوەندييەدا دەركردووە. بەڵام
خۆڕاگری خەڵك و سووربوونيان لەسەر كەلتووری نيشتمانی و دێرينی خۆيان، هەموو هەنگاوەكانی
ئەم رژێمە دژە فەرهەنگی و دواكەوتووەی دەسەڵاتدارانی تووشی شكست كردووە و هەموو
ساڵێك بە شكۆ و گڕ و تينێكی زياترەوە بەرەوپيری ئەم رێ و رەسمانە چوون. هەربۆيە
رژێم لەم رۆژانەدا هەموو هێزەكانی خۆی خستۆتە ئامادەباشييەوە بە مەبەستی
سەركوتكردنی خەڵك.
بەڵام ئەمساڵ دۆخەكە بە جۆرێكی جياوازترە. چون خەڵك يەكەم
هەنگاوی سەراسەری و رێكخراوی خۆی بۆ رووخاندنی رژێمی مەلاكان خستۆتە پشت سەر و ئێستا
بە هێزتر لە رابردوو دەيانەوێت ئەم ئاهەنگە بگێڕن و رێ و رەسمی چوارشەممەسووری
بەڕێوە ببەن. پێويست بە وتنەوە ناكات كە بەر لە هەمووان رژێمی مەلاكان لە پەيامی
ئەم خۆئامادەكردنەی خەڵك بۆ راپەڕينێكيتر گەيشتووە.
رژێمی ويلايەتی فەقيهی ئاخوندی كە لەم چەند هەفتەيەی
رابردوودا بە نياز بوو وا نيشان بدات كە توانيويەتی راپەڕينەكەی ئەم دواييە سەركوت
بكات، ئێستا لە ترسی سەرهەڵدانێكيتری جەماوەر بۆ راپەڕين، جيا لە ئامادەباشيی
هێزەكانی، بەشێك لە بەنێر و پلاكارد و وێنە شوومەكانی خومەينی، خامنەئی و .... كۆ كردۆتەوە
و هاوكات راگەياندەكانی خۆی راسپاردووە كە بە سيناريۆی جياجيا چاو لە خەڵك سوور
بكەنەوە و بيانترسێنن!
ئێستا كە لە دوا رۆژانی كۆتايی ساڵداين، خەڵكی ئێران بە
باوەڕێكی قووڵتر لە رابردووەوە، بەرەوپيری ئاهەنگەكانی نەورۆزەوە دەچن. هێزە
سەرەكييەكانی راپەڕين و لە پێشەوەی هەمووان لاوانی بوێری ئێرانی بە رێكخستنێكی
زياترەوە و لە شكڵی ناوەندەكانی راپەڕين (شانەكانی شۆڕش) كە پێوەندييان هەيە بە
موقاومەتی ئێرانەوە، بە نيازن ئەگەر هێزەكانی حكومەت هێرش بكەنە سەر خەڵك، ئەوانيش
دەست بووەشێنن و ئاگر بە ئاگر وڵام بدەنەوە.
رقی پەنگخواردووی جەماوەر لە ماوەی 39 ساڵ دەسەڵاتی
شوومی ئاخوندان، ئێستا لە رێڕەوی راستەقينەی خۆيدايە و هەر كات دەرفەتێكی بۆ بڕەخسێت
ئەوا وەك گڕكانی شۆرش دێتە دەست بەرانبەر بە ئاخوندان. بە هەڵكەوت نيە كە ئێستا دەبينين
شەڕەگورگی ناو دەسەڵات پەرەی سەندووە و رژێمی تووشی لاربوونەوە و لێكترازان كردووە.
رێ و رەسمی چوارشەممەسووريی ئەمساڵ، بەرەنگاربوونەوەی
دوو هێزی دژبەرە بۆ يەكلاييكردنەوەی چارەنووس. رژێمی فاشيزمی مەزهەبيی دەسەڵاتدار
لە ئێران بە هەموو باڵ و بۆند و كرێگرتەكانييەوە لە لايەك، خەڵك و موقاومەتی ئێران
لە لايەكيترەوە. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاكاندا هێزی سێيەم بوونی نيە. خواست و دواكارايی
سەرەكی و خەوش هەڵنەگری خەڵكی ئێران، رووخاندنی رژێمی ديكتاتۆر و خوێنڕێژی
مەلاكانە و لادان لێی قبووڵنەكراوە.
رووخاندن و هێزی رووخێنەر بۆ ئەم «ديكتاتۆرە هەرە
گەورەیەی سەدەی حازر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست»، واتا خەڵك و موقاومەتی ئێرانە بە
تەواوی بەردەستە و بە رەسمی ناسينی لە لايەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتييەوە پێويستييەكی
هەنووكەييە.
No comments:
Post a Comment