Monday, March 12, 2018

لاوی ئێرانی لە راپەڕين بەدەر هيچی بۆ نەماوەتەوە!



لاوی ئێرانی لە راپەڕين بەدەر هيچی بۆ نەماوەتەوە!
عەبدولڕەحمان مەهابادی ، نووسەر و لێكۆڵەری سياسی
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ويلايەتی فەقيهی ئاخوندی دا، چارەنووسێكی دڵتەزێن لە چاوەڕوانی لاواندايە. ئەگەر وادابمنێين كە ئەو گەنجە پيشتر يەكێك نەبووە لە ”منداڵانی ئيش و كار لەسەر شەقامەكان” يا خانەوادەی، تووشی دياردەی رۆژەڕەشی وەك ئيعتياد و بێكاری و گەندەڵی و لەشفرۆشی و ... هتد نەبووبێت كە سەرەدەزووی هەر هەموويان بە دەست بۆندەكانی سەر بە رژێمەوەیە، ياخود ئەگەر يەكێك لە كەس و كاری ئەو گەنجە زيندانی يا ئيعدام نەكرابێت، ئەوا لە هەڕەتی گەنجييەتيدا خۆی دەبێتە نيچيرێكی باش بۆ ئوختاپوسی ويلايەتی فەقيهی ئاخوندی كە پێشتر بە تەماح وەبەرنان ياخود هەڕەشەكردن، لە لايەن بۆندەكانی رژێمەوە نەخشەی بۆ داڕێژراوە.
هەر لە كۆنەوە رژێمی مەلاكان هەوڵی چڕ و پڕی داوە لاوی ئێرانی لە بيركردنەوە لە دژايەتيكردن بەرانبەر بە حكومەت دوور رابگرێت. ئەگينا ياسامەندانە ئەو گەنجە، حكومەت تووشی «سەر ئێشە!» دەكات و دواتر خوی لە ريزی ئۆپۆزيسيۆنی رژێمدا دەدۆزێتەوە. هەر بۆيە لە ساڵانی رابردووەوە رژێمی مەلاكان لە راگەياندنەكانی خۆيدا، ناوهێنان لە پارت و حيزبە سياسيەكانی نەياری حكومەت بە تايبەت سازمانی موجاهيدينی خەلقی بە هێڵی سوور زانيوە و پێشتريش، زيندانييە سياسييە موجاهيد و خەباتكارەكانی قەتڵوعام كردبوو لە هەشتاكان تا هيچ شوێنەوارێك نەمێنێت لە حيزبە شۆڕشگێڕ و ئازاديخوازەكان لە ناوخۆی ئێران. قەتڵوعامكردنی (30)هەزار زيندانيی سياسی لە ساڵی 1988 لە نموونە زەقەكانی ئەم ژينوسايدەيە. بەڵام هەروەك رێبەری موقاومەتی ئێران، بەڕێز مەسعود رەجەوی وتبووی ”مەگەر دەكرێت خۆر بكوژن؟ مەگەر دەكرێت با لە هەڵكردن و باران لە بارين بخەن؟ مەگەر دەكرێت زەرياكان ويشك بكەن؟ مەگەر دەكرێت بەهار لە هاتنەوە و گوڵاڵە سوورەكان لە شين بوون بخەن؟ مەگەر دەكرێت ميللەتێك بۆ هەتاهەتايە بە ئەسيری رابگرن؟ نا!!”.

كەوايە قۆناغی گەنجييەتی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاكاندا، وەك «جووڵەكردن بە ناو مين و لە كاتی شەو»دايە و لاوی ئێرانی ناچارە بە ناوی دا تێپەڕ بێت. بۆ لاوی ئێرانی، هەبون و بينينی كاناڵی ئاسمانی ناحكومی و هەروەها سەيركردنی سايتەكانی جيا لە سايتەكانی حكومەت قەدەغە و هێڵی سوورە و سزای قورسی بەدوا دا دێت. کارکردن لە تۆڕە كۆماڵەتييەكان لەو مينانەن كە لاوی ئێرانی تووشی گرتن و ئەشكەنجە و ئيعدام دەكات. چون زۆر بە خەستی لە لايەن ئيتڵاعات و ئاسايشی رژێمەوە كۆنتڕۆڵ دەكرێن.
هەڵبەت ئەوانە و زۆرێكيتر لە نەخشەكانی رژێم بۆ پاڵ پێوەنانی لاوانی ئێرانی بەرەو ميدانەكانی پڕ لە مەترسیی مینەکان، نەيتوانيوە رێگر بێت بەرانبەر بە لاوانی ئێرانی بۆ هەنگاونان بەرەوە پێشەوەوە و بينينی راستييەكان و چوونە ناو ريزی ئۆپۆزيسيۆنی ئێران. بێ توانايی حكومەت لە ئاست داخوازييەكانی لاوان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاكاندا و كاريگەريی راستييەكانی ناو كۆمەڵ و جێگە و پێگەی موقاومەت لە ناو ئێران ئەو هۆكارانەن كە هاندەر و يارمەتيدەرن بۆ لاوانی ئێرانی بۆ هەنگاونانی زياتر بەرەو پێشەوە.

لاوی ئێران هەست دەكات ئازادی و ئۆمێد و ئاواتەكانی، لە لايەن رژێمی توندڕۆ و دواكەوتوی مەلاكانەوە زەوت كراوە و خۆی بۆتە زيندانی لە ناو وڵاتەكەيدا. ئەو هەست دەكات لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاكاندا ئايندەی لێڵ و تاريكە و دياردەی گرانی و بێكاری و گرينگتر لەوانەيش، نەبوونی ئازادی و ئاسايش رێگرن بۆ سوودمەندبوون لە لانيكەمی ژيانێكی ئاسوودە. گەيشتن بەو راستييە كە ئەم چارەنووسە، چارەنووسی هەموو لاوانی ئێرانييە، هانی دەدات بەدوای رێگاچارەيەكدا بگەڕێت بۆ ئەوەی گوڕانكارييەك لە پێناو ژيانی خۆی و لاوانيتری وڵات درووست بكات.
لاوی ئێرانی لەو رێڕەوەدا بينەر و بيسەری زۆر رووداوی ناخۆش دەبێت. لە گرتن و ئەشكەنجە و لە سێدارەدانی زيندانيان بە نهێنی يا لە شوێنە گشتييەكان، لە قوربانيانی بەڵای ماڵوێرانكەری ئيعتياد و شەپۆلی گەورەی بێكاران و نەداری و کۆڵبەری و گەندەڵی و لەشفرۆشی تا بەردەبارانكردنی ژنان لە شوێنە گشتييەكان، لە بەربڵاويی منداڵانی ئيش و كار لە سەر شەقامەكان تا ديمەنی دڵتەزێنی گۆڕخەوەكان كە لە هەر كامەيان دا، پشكی زياتر بۆ لاوانی ئێرانييە.
زۆر ناخايەنێت لاوی ئێرانی بە بينين يا بيستنی ئەم ديمەنانە، دەرونی بەجۆش دێت و بۆ ئەو پرسيارانەی لە مێشكيدا درووست بووە، وڵامی گونجام دەدۆزێتەوە و بڕياری خۆی دەدات كە بەرەنگاری ئەم رژێمە بێتەوە. شۆڕش بەرانبەر بەو رژێمە کە لە ژێر ناوی ”كۆماری ئيسلامی” دا، ئێرانی كردووە بە زيندانێكی گەورە بۆ ئێرانييەكان و لەسەر حيسابی برسێتيی دان بە  خەڵكی ئێران و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی ئەو خەڵكە، بەشێك لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستيشی داگير كردووە.
تا ئێرە، لاوی ئێرانی «ئێش و ئازار»ەكانی بە ئەزموون كردووە و لە «هۆكار»ەكانيشی گەيشتووە و بە دوای رێگايەكدا دەگەڕێت كە ئەم شێرپەنجەيە لە جەستەی ئێران دەربكێشێتە دەرەوە و نەشتەگەری بۆ بكات. بەڵام چۆناوچۆن؟ ئايا كەسانێكيتر هەن كە بەر لەو، پێيان نابێتە ئەو رێگايەوە؟ لاوی ئێرانی دێتە سەر شەقامی راپەڕين و بە خێرايی وڵامی پرسيارەكانی وەردەگرێتەوە: «داواكارييەكانی تايبەت بە باری ژيان و گوزەرانی خەڵك بە خێرايی بەرز دەبێتەوە بەرەوە داواکاریی رووخاندنی رژێمی مەلاكان». لاوی ئێرانی لە گۆڕەپانی راپەڕين دا، خێرايی و رێك و پێكی و رێكخراوەيی راپەڕين دەبينێت و رێگای خۆی دەدۆزێتەوە. چوونە ريزی «شانەكانی شۆڕش» كە لە پێوەند لەگەڵ يەكتردا دەبنە پێكهێنەری «سوپايەكی رێكخراو» بۆ رووخاندنی رژێمی دەسەڵاتدار. لاوی ئێرانی هەست بە هێز دەكات كاتێ ئەبينێت پشتی بەستووە بە سوپايەكی رزگاریدەری لەمجۆرە. هەروەك دڵۆپێك ئاو كە پەیوەستی رووبارێك و ئينجا دەريايەك بووبێت!

حسێن زولفەقاری، ياريدەدەری ئاسايشيی وەزارەتی ناوخۆی رژێمی مەلاكان هەر لە رۆژانی سەرەتای راپەڕين دا دانی بەوەدا نا كە زياتر لە سەدا نەوەدی گيراوەكان، لاوان و تازەلاوانن و مامناوەنديی تەمەنيان لە خوارەوەی 25 ساڵە. (ئاژانسی ئيلنای حكومەت رۆژی يەكەمی ساڵی 2018).
لەمڕووەوە راپەڕينی خەڵكی ئێران بە رێگايەكی راست و درووستدا بەرەو پێشەوە ملی ناوە و بە هاتنە ريزی رۆژانەی لاوانی ئێرانی دەبێتە خاوەن رێكخستن و پێكهاتەیەکی بەهێزتر لە رابردوو.
ئێستا هێزی راپەڕين لە ئامادەکاریدایە بۆ هەنگاونانی بەهێزتر بۆ ئەوەی خواست و داواكاريی خەڵكی ئێران بخاتە بواری بخاتە بواری ديتنەوە. واتا رووخاندنی رژێمی ديكتاتۆريی ويلايەتی فەقيهی ئاخوندی لە ئێران.


No comments:

Post a Comment