Wednesday, May 2, 2018

خوێنخۆریی گەورەديكتاتۆری ئەم سەردەمە!



خوێنخۆریی گەورەديكتاتۆری ئەم سەردەمە!
چاوخشانێك بەسەر رەوتی ئيعدام و لەسێدارەدان لە ئێران
عەبدولڕەحمان مەهابادی، نووسەر و شرۆڤەكاری سياسی
سەر لە بەيانيی روژی 18ی ئاپريلی 2018 (بەهمەن وەرمەزيار) لە زيندانی ناوەنديی شاری هەمەدان لە سێدارە درا. لەگەڵ ئەوەشدا حەوت زيندانيی ديكە لە زيندانی گەوهەردەشتی كەرەج لە سێدارە دران. لە سێدارەدانەكان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاكاندا بە خەستی بەردەوامە و ساڵانێكی زۆرە لەو وڵاتە داگيركراوەدا ديمەنی لە سێدارەدان و ئەشكەنجە و بەردەبارانكردن و ... بووەتە راستييەكی تاڵی سەپێندراو بەسەر گەلی ستەملێكراوی ئێراندا.
ئەم ديمەنە بۆ وڵاتێكی وەك ئێران كە بۆ سەردەمانێكی زۆر لانكەی شارستانيەتی مرۆڤايەتی بووە زۆر سەير و سەمەرە و هاوكات جێی پرسيارە كە چۆنە دوای رووخانی رژێمی ديكتاتۆريی پێشوو لە ساڵی 1979وە خوێن لە جەستەی ئەم نيشتمانە ئەچۆڕێت و ئەوەش وەك پرسيارێكی شايست و پێويست؟!
بە پێی ئامارەكان، لە ماوەی 39 ساڵی رابردوودا، زياتر لە 120 هەزار كەس لە ئێرانيانی نەياری ئەو رژێمە ئايينييە لە سێدارە دراون ياخود بە شێوازگەلی جياجيا كوژراون. لە ماوەی شەڕی دژە نيشتمانيی رژێمی مەلاكان بەرانبەر بە عێراقی دراوسێ زياتر لە مليۆنێك كەس كوژران. لەگەڵ ئەوانەشدا، ئەو كۆدەنگييە جيهانييە لە ئاڕادايە كە بە هۆی دەستتێوەردانی رژێمی ئێران لە ناو كاروباری وڵاتانی ناوچەكە و لەوانە عێراق و سوريا و يەمەن و .... بە سەدان هەزار كەس لە خەڵكی ئەو وڵاتانە بۆونەتە قوربانی. ئەوانه هەر هەموويان بەڵگەی ئەو راستييەن كە ديكتاتۆرييەتی دەسەڵاتدار لە ئێران ژين و لە سەر پێ مانەوەی لەسەر خوێنخۆری و خوێنمژينە و بێ ئەمكارە ناتوانێت بژيت.

لە كەلتووری ئەفسانەيی ئێرانييەكاندا، (زوحاك)ی مار نيشان، ئەو شا ستەمكارەيە كە بۆ مانەوەی، رۆژانە دوو كەس لە باشترين لاوانی گەلی دەكرد بە قوربانيی بۆ ئەو دوو مارەی سەرشانی، بۆ ئەوەی تووشی كەوتن نەبێت. ديمەنی ئەمڕۆی ئێران گەلێك لەو ئەفسانەيە دڵتەزێنترە. زلكردنەوەی نيە کە بڵێين بە درێژايی دەسەڵاتی رژێمی ويلايەتی فەقيهی ئاخوندی، رۆژانە دەيان مرۆڤ لە لايەن ئەم رژێمەوە بوونەتە قوربانی!

(بەهمەن وەرمەزيار) مامۆستايەكی وەرزش بوو كە تۆمەتبار كرابوو بە دزينی چەكدارانە لە ئاڵتون فرۆشێك لە رۆژی 31ی ئازاری 2015. سكاڵايشی لەسەر نەبوو. سەرباری ئەوەيش 18 رۆژ دوای تاوانەكە، خۆی خۆی تەسليم بە پۆليس كرد و پاشگەزبوونەوەی خۆی راگەياند و هەموو شتە دزراوەكانيشی گەڕاندەوە بۆ خاوەنەكەی.
لە ئێران هەر تاكێك لە سێدارە دەدرێت، تاوانێكە لە دڵی تاوانێكی گەورەتردا. چون بە هەر گرتن و لە سێدارەدانێك، دڵەراوكێ و دڵگرانی دڵی مليۆنان كەس دادەگرێت. زۆرێك بۆ نەجاتی «گيان»ێك دەکەونە هەوڵدان. ژيانی يەك يا چەند خانەوادە بە تەواوی لەبەريەك دەترازێت. زۆرێك هەست و خۆشەويستی هەڵدەوەرێت. سەير كەن.. دوابەدوای ئەوەی خانەوادەی بەهمەن هەوڵياندا گيانی رۆڵەكەيان رزگار بكەن، رژێمی مەلاكان رۆژێك بەر لەوەی ئيعدامی بكات بە درۆ خانوادەكەی ئاگادار كردەوە كە سزای لە سێدارەدانی كوڕەكەيان راگيراوە. (سروشتييە زۆرێك و بە تايبەت خانەوادەی خۆشحاڵ بن) بەڵام لە ناكاو، بەرەبەيانی رۆژی دواتر بەهمەن لە سێدارە دەدەن. با هەموومان بڕوانينە ئەو دڵانەی بريندار كران، ئەو فرمێسكانەی رژان و رەهەندەكانی ئەم تاوانە دڵتەزێنە. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاكاندا، ژيان لەوە بەدەر نەبووە بە ئێستايشەوە. ئايا لە رووخاندنی ئەم رژێمە بەدەر، رێگايە ماوەتەوە خەلک بیگرێتە بەر؟ نا!
دوابەدوای هەر لە سێدارەدانێك، هەموومان لە مێشكماندان و لە دەرووماندا ئەوە پرسيارە درووست دەبێت و نيگەرانين كە كەسی دواتر كێيە لە سێدارە دەدرێت؟ (چەراغی ) كە لەم دۆسێيەدا لەگەڵ بەهمەن گيراوە بە ئيعدام مەحكوم كراوە ياخود زيندانيی سياسی كورد (رامين حسێن پەناهی ) يا زۆرێكيتر كە لە لايەن دەزگای نادادی زوحاكی سەردەم لە ئێران سزای لە سێدارەدانيان بۆ دەرچووە؟ كەس نازانێت! هەر ئێستا هەزاران زيندانيی سياسی يا غەيرەسياسی لە چاوەڕوانيی جێبەجێكردنی سزای لە سێدارەداندان.

بە پێی زانيارييەكان شەپۆلێكی نوێی لە سێدارەدانی زيندانيان لە ئێران دەستی پێكردووە. چون رژێمی ئێران لە سەروبەندی لێكترازان و رووخاندايە. ئەم راستييەيش، راپەڕينی خەڵكی ئێران پێمان دەڵێت كە چوار مانگ بەر لە ئێستا دەستی پێكردووە و ئێستا بەرەو هەنگاوی گەورەتر ملی ناوە بەرەو گەيشتن بە ئامانج واتا رووخاندنی رژێمی مەلاكان.
رژێمی ئێران لە كاتێكدا لاوانی وڵات لە ژێر ناوی قاچاخچێتی و دزيکردن لە سێدارە دەدات كە دزی هەرە گەورەی مێژوو لە ئێران، خامنەئی و ئاخوندەكانيتری سەر بە هەر دوو باڵی رژێم و هەروەها سوپای پاسداران و بەرپرسانی داو و دەزگاكانی حكومەت خۆيانن كە سەدان مليارد دۆڵار لە داراييەكانی خەڵكی ئێرانيان بە تاڵان بردووە. ئامانج لەو ئيعدام و لە سێدارەدانانە، تەنها بۆ توندتركردنی كەش و هەوای تۆقين و چاوسووركردنەوەيە لە خەڵك بۆ دامركاردنی راپەڕينی ئەو خەڵكەی پێی ناوەتە مەسێری راپەڕين بەرەو ئازادی و رزگاركردنی نيشتمان.
بۆيە پێۆيستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەستێت بە پشتگيريكردنی خەڵكی ئێران و پێوەندييەكانی خۆيان لەگەڵ ئەم رژێمە ديكتاتۆرييە ببەستنەوە بە باشتركردنی دۆخی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران و نەهێشتنی سزای له سێدارەدان و ئەشكەنجە لە ئێران. ئەوە لانيكەمی داوكارييەكانی خەڵكی ئێرانە كە خۆیان ئامادە كردووە بۆ نەهێشتنی ديكتاتۆرييەتی ئايينی لە ئێران.



No comments:

Post a Comment