Thursday, May 17, 2018

ئەو ديوارەی بەمزووانە دێتە رووخان!


ئەو ديوارەی بەمزووانە دێتە رووخان!
عەبدولڕەحمان مەهابادی ، نووسەر و شرۆڤەكاری سياسی
بە پێی ئەزموونی شۆرشی گەلانی جيهان، هۆكاری هەرەگرينگ بۆ لێكترازانی سيستەمێكی ديكتاتۆری، راپەڕينی سەرتاسەری گەلی ئەو وڵاتەيە كە ديكتاتۆر بەسەريدا حوكم دەكات. ئەم راستييە بە هەبوونی لایەنێکی بەهێزی ئۆپۆزيسيۆن یا لاوازيی سيستەمی دەسەڵاتدار یاخود هۆكارگەلی نێودەوڵەتیی پەیوەندیدار بەهێزتر دەكرێت. وەك نموونە ئەوەی لە كۆتا مانگەكانی رژێمی ديكتاتۆريی حەمەڕەزاشای پەهلەوی لە ساڵی 1978 بينرا و ئێستا لە ئاستێكی نوێ و بەهێزتردا، لە ساڵی 2018 لە دووبارەبوونەوەدايە لەو وڵاتە. لە هەل و مەرجێكی لەمجۆرەدا، سيستەمی دەسەڵاتدار ناتوانێت بەرگەی هەرەسهێنان بگرێت و تاكە شتێك كە لەوانەيە بە مێشكدا بێت «كات»ە و دواخستنی، ئەويش بۆ ماوەيەكی كورت.
بە درێژايی دەسەڵاتی مەلاكان له ئێران، ئەگەرچی بە هۆی كاريگەريی خەڵك و موقاومەتی ئێران ياخود شەڕەگورگی ناو دەسەڵات و دەرەنجام لاوازی سيستەمی دەسەڵاتدار، هەندێك نموونە هەبووە كە رژێم شەق كراوە بەڵام ئێستا بە دەستپێكردنی راپەڕينی گەل بۆ ئازادی، پرۆسەی لێكترازانی ئەم رژێمە بەرەو رووخان و جێگرتنەوەی بە رژێمێكی ديموكراتی و خەڵكی دەستی پێكردووە.
ئەم لێكترازانە هەر دێت و زياتر خۆی نيشان دەدات و ئاسەواری كوشندەی بەردەواميی راپەڕينی خەڵكی ئێران و چالاكييەكانی موقاومەتی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران و هەروەها گۆڕانكارييە ناوچەيی و جيهانييەكان خێرايی داوە بەو راستييە تا لە ئايندەيەكی نەك دوور، دەرەنجامە ديارەكانی دەربكەوێت.
يەكەم كاردانەوەی ئەم راپەڕينە كە لە پێنج مانگ بەر لە ئێستاوە دەستی پێكردووە، توندتركردنی ململانەی دوو باڵی «ئۆسولگەرا» و «ئيسڵاح تەڵەب»ه لە ناو دەسەڵات. هەر كامەيان ئەويتر تۆمەتبار دەكات كە هۆكاری بووە بۆ دەستپێكردنی ئەم بزوتنەوە جەماوەرييە. ئوسولگەراكان ناكارامەيی ئابووريی حكومەتی روحانی و ئيسڵاح تەلەبەكان نەبوونی ئازاديی سياسی بە هۆكار دەزانن كە له لايەن باڵی خامنەئييەوە بەسەر كۆمەڵدا فەڕز كراوە. شەڕی دەسەڵاتی ئەو دوو باڵە لە تازەترين ئاڵقەی خۆيدا و لەسەر «داخستنی تۆڕی كۆمەڵايەتی تەلەگرام» و هەروەها دەرچوونی ئەمريكا لە رێككەوتننامەی ئەتۆم لەوپەڕی گەرميدايە و هەروەك زلكاوێكی كوشندە تەواوەتی رژێمی له خۆ گرتووە.

سادق زيباكەلام، لە مۆرە ناسراوەكانی سەر بە باڵی روحانی (ئيسڵاح تەڵەب) لە لێدوانێكدا بۆ راديو دۆيچە ولەی ئاڵمان دەڵێت ئەگەر ريفراندۆمێك لە ئێران بكرێت زياتر لە 70 لە 100 خەڵك دەنگی «نا» بە كۆماری ئيسلامی دەدەن.
ئەبولفەزل قەديانی، لە ئەندامانی بۆندی بە ناو موجاهيدينی ئينقلابی ئيسلامی كە نزيكە لە باڵی روحانييەوە، خامنەئی بە «گوبڵز» ئاڵمانی و وەزيری راگەياندنی هيلتەر ئەشوبهێنێت و نووسيويەتی خامنەئی هەروەك گوبڵز درۆی گەورە دەكات. ناوبراو پێشتريش وتبووی كە «ولايەتی فەقيهی هەر لە بنەڕەتدا لە ئيسلام هەبوونی نيە. ويلايەتی فەقيهی سوكايەتيكردنە بە خەڵك. ويلايەتی فەقيهی دەقاودەق واتا ديكتاتۆری».
مەحمود ئەحمەدي‌نەژاد، سەرۆك كۆماری پێشووی ئاخوندان و ئەندامانی ئەو ستافەی لەگەڵيدان، بە هێرشكردنە سەر هێزی دادوەری، (كە دەستنيشانكراوی وەلی فەقيهە) بەرانبەر عەلی خامنەئی قوت بۆتەوە و ئەويش بووەتە قەيرانێك لەبەردەم سيستەمی ويلايەتی فەقيهی ئاخونداندا. لەم دواييانەدا 300 لايەنگری ئەحمەدی نەژاد لە نامەيەكدا بۆ عەلی خامنەئی لە رۆژی 5ی ئاپريلی 2018 نووسيان: ”نارەزايەتييە جەماوەرييەكانی ساڵی رابردوو (1396) زەنگی خەتەری ترسناكی لێكترازان و هەرەسهێنانی كۆمەڵايەتيی ئێرانی لێداوە... خەڵك حكومەت لە خۆيان نازانن و هەست دەكەن حكومەت لە دژيانە».

بە هەڵكەوت نيە كە لە روژی 21ی ئاپريلی، ياريدەدەری يەكەمی حەسەن روحانی (ئیسحاق جیهانگیری) دەڵێت: ”ماوەيەكە باسی ئەوە دەكرێت كە كۆماری ئێسلاميی ئێران خەريكی هەرەسهێنان و لێكترازانە و هەندێك لە كۆڕ و كۆبوونەۆەكانياندا ئاماژەی پێدەدەن».
ئێستا كات بە زيانی رژێمی ديكتاتۆريی ئاخوندان بەرەو پێش دەچێت و باس لە نزيكبوونەوەی كاتی رووخانی ئاخوندان دەكات. هەموومان ئەوە دەزانين كه رووخانی رژێمی ئێران كە بە وتەی مێژووناسان، سامناكترين ديكتاتۆری ئەم سەردەمەيە، جياوازە لە رووخانی زۆرێك ديكتاتۆر لە مێژوودا. لەمڕووەوە دەبێ كۆی راپەڕينی خەڵكی ئێران و ئامادەيی موقاومەتی ئێران و رەنگدانەوەی پێشهاتە نێودەوڵەتييەكانی پێوەنديدار بە ئێرانەوە لەم راستييەدا بەرجەستە بكەين كە هەرەسهێنانی رژێمی مەلاكان نزديكە و پشتيوانيكردن لە خەڵك و موقاومەتی ئێران پێويستييەكی مێژوويی و گرينگە. سەردەم گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و ئەو پێشهاتەی بەرەو روودانی نزديك دەبينەوە كاريگەرييەكی زۆری دەبێت بەسەر هاوكێشەكانی ناوچەكە و بگرە جيهانيشدا.
ئێستا هەموو گەلانی جيهان چاويان بڕيوەتە راپەڕينی خەڵكی ئێران و موقاومەتی ئێران. چونكە بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئێران، رێگايەكی راست و درووستتر بوونی نيە لە پشتيوانيكردن و بەڕەسمی ناسينی موقاومەتی رەوای خەڵكی ئێران. مۆدێرە و ريفۆرميست لە ناو دەسەڵات كڕياری نەماوە و كەسيش بەدوای روودانی شەڕێكی دەرەكییەوە نیە، وەك ئەوەی لە عێراق روويدا. ئەگەر بڕيارە شەڕێكی روو بدات بە دڵنياييەوە رژێمی ئێران هەڵگيرسێنەريەتی و هەر له ئێستايشەوە ئاكامەكەی بۆ هەمووان روون و ئاشكرايە.
لە كاتێكدا موقاومەتی ئێران خۆی بۆ بەڕێوەبردنی كۆنگرەی ساڵانە و شكۆداری خۆی لە پاريس ئامادە دەكات كە بڕيارە رۆژی 30ی يۆنيۆ (ژۆئەن) لە پێتەختی ئەو وڵاتە ببەسترێت، باش وايە هەموو دەوڵەتان و لايەنانی سياسی، بە پشتيوانيكردن لەو گردبوونەوەيە خۆيان لە تەنيشت خەڵك و موقاومەتی ئێران بدۆزنەوە و هەستن بە ئەركی مێژوويی خويان لە پێناو ئەو گۆڕانكارييە گەورەيەی بەڕێوەيە.
كۆنگرەی ساڵانەی موقاومەتی ئێران، ديمەنێكە لە ئالترناتيڤێكی جەماوەری بەرانبەر بە رژێمی ديكتاتۆريی دەسەڵاتدار لە ئێران كە راستييەكی حاشاهەڵنەگرە و رەگ و ريشە لە ناو ئێران و لق و پۆی باڵی بەسەر هەموو شوێنێكی ئەم جيهانەدا كێشاوە. زۆرێك هەن شايەتيدەری ئەم راستيەن!


No comments:

Post a Comment