Friday, October 5, 2018

كاتی گۆڕينی رژێمی ئێران لە نزيكبوونەوەدايە!


كاتی گۆڕينی رژێمی ئێران لە نزيكبوونەوەدايە!
عەبدولڕەحمان مەهابادی، نووسەر و لێکۆلەری سیاسی
بۆ ئەوانەی کار دەكەن لەسەر بارودۆخی ئێران يا هەندێك شارەزاييان هەیە لەم پێوەندييەدا، نابێ تارماييەك بەسەر ئەم راستييەدا هەبێ كە ئەوەی لەم چەند هەفتەیەی دوايی دا لە پێوەند لەگەڵ ئێران لە ئەمريكا رووی داوە، چەند نيشانە و ئاماژەيەكن بۆ سەر نزيكبوونەوەی سياسەتی حكومەتی وڵاتە يەكگرتووەكانی ئەمريكا لە موقاومەتی ئێران كه ئەوەيش تەواو رێكە لەگەڵ رەوتی گەشەسەندووی راپەڕين لە ئێران و توندتركردنی سزاكان لە سەر رژێمی مەلاكان کە ئەم راستییەش تيشكی زياتر دەخاتە سەر ئاسۆی گۆڕانكارييەكانی داهاتوو لە رۆژەهەڵاتی ناوەڕاست.
لێدوان و وتار و هەڵوێستەكانی ئەم دواييەی سەرۆك ترامپ و كاربەدەستانی باڵای حكومەتی ئەمريكا، لەوانه: راوێژكاری ئاسايشی نيشتمانی، جۆن بۆلتۆن، وەزيری كاروباری دەرەوە، مايك پۆمپئۆ، باڵيۆزی ئەمريكا لە رێكخراوی نەتەوە يەكگرتووەكان، نيكی هيلی و كەسايەتيە ديارەكانی وەك رودی جوليانی، راوێژكاری پێشووتری ئاسايشی نيشتمانی، ژەنراڵ جەيمز جۆنز، سيناتۆر جوزێف ليبرمەن و ... ئەوە نيشان دەدەن كه ئەوان سوورن کە هاوكات لەگەڵ بەردەوامی و توندتركردنی سزاكان دژ بە رژێمی ئێران لەم بژاردەيە نزيك ببنەوە كە تاكە ئاڵترناتيڤی جێ متمانە بەرانبەر بە رژێمی ئێران، «ئەنجوومەنی نيشتمانيی مقاومەتی ئێران» بە سەرۆكايەتيی «خاتوو مريەم رەجەوی)ە.

ئەگەرچی لە بارودۆخی ئێستادا، كاربەدەستانی ئەمريكا بە هۆی روونی و عورفی ديپلۆماتی ناتوانن گۆڕينی رژێم لە ئێران بە سياسەت و ستراتيژيی خۆيان رابگەيەنن و بە رەسمی دان بەو مەسەلەيەدا بنێن، بەڵام لە هيچ شوێنێك نەبينراوە و نەبستراوە كە ئەوان خوازياری رووخاندنی رژێمی مەلاكان نەبن. ناوەندەكانی ئاگادار و لێكۆڵەڕانی سياسی بە پشت بەستن بە زۆرێك بەڵگە و لەوانە لێدوانەكانی ئەم دواييەی سەرۆك ترامب لە كۆنفەرانسی رۆژنامەوانيی 26ی سێپتەمبەر (4ی رەزبەر) كە وتی «من بە پێچەوانەی ئوباما لە تەنيشت خەڵكی ئێران وەستاوم» لەو باوەڕەدان كە حكومەتی ئەمريكا بۆ گۆڕينی رژێمی ئێران چاوی بڕيبێتە خەڵك و موقاومەتی ئێران.

لە ماوەی يەكساڵی رابردوودا، ئەنجوومەنی نيشتمانيی موقاومەتی ئێران كە «رێكخراوی موجاهيدينی خەلق» هێزی سەرەكييەتی، لە ناوخۆی ئێران چالاكييەكانی خۆی زياد كردووە و بە رێگەی پێکهێنانی «ناوەندەكانی شۆڕش»ەوە توانيويەتی بەردەوامی بدات بە راپەڕين و خەڵك بەرەو دواقۆناغی گۆڕينی رژێم لە ئێران ئامادە بكات.

دوای دەستپێكی راپەڕين لە دوا رۆژەكانی ساڵی 2017 و بە تايبەت دوای دەرچوونی ئەمريكا لە رێككەوتننامەی ئەتۆم (بەرجام) لە رێكەوتی 8ی ئاياری 2018 (18ی بانەمەڕی 1397) رژێمی مەزهەبيی دەسەڵاتدار لە ئێران بەرەوڕووی قەيرانگەلێكی کوشندەی كۆمەڵايەتی، ئابووری و سياسی بووەتەوە و رۆژ له دوای رۆژ لاوازتر و بێ هێزتز دەبێت. ئەوان نە توانای چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵكيان هەيە و نه توانای قبووڵكردنی مەرجەكانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی. چون ئەوان پاشماوەی رژێمێكن كە خومەينی دايمەزراند و لە رووی پێناسە و ناوەرۆكەوە دژە بەرانبەر بە شارستانييەتی ئەمڕۆ. كارنامەی رەشی ئەم رژێمە لە ماوەی چوار دەيەی رابردوو بەڵگەی ئەم راستيەيە و كۆمەڵگای جيهانی لەوە زياتر ئەم رژێمەی پێ قبووڵ ناكرێت. چون راپەڕينی خەڵكی ئێران خاڵی كۆتايی سياست و سەردەمی سازانە لەگەڵ ئەم رژێمە و بارودۆخەكە هەرگيز بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە.

ئێستا كۆمەڵگای جيهانی ئەو رژێمەيان پێ قبووڵ ناكرێت كە لە ماوەی چوار دەيەی رابردوو، لە ئێران و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەدان هەزار كەسیان بە شێوازی جیاجیا کردۆتە قوربانی و بە دزين و به تاڵانبردنی سەروەت و سامانی خەڵكی ئێران، باڵی تيرۆريزمی خۆی بەسەر وڵاتانی هەرە دووريشدا كێشاوە و بە پرۆژەی چەكی ناوكی هەڕەشە لە گەلانی جيهانی دەكات. لەمڕووەوە كات بە خێرايی بە سوودی خەڵكی ئێران و بە زيانی رژێمی مەلاكان بەرەو پێش دەچێت و گەلانی جيهان چاويان بڕيوەتە رووخاندنی ئەم رژێمە لە سەر دەستی خەڵك و موقاومەتی ئێران.
لە كاتێكدا مێژوو «گۆڕانگارييەكی گەورە»ی لە هەناودايە و جێهان بۆ پشتيوانيكردن لە خەڵك و موقاومەتی ئێرانە بەرەو ئامادەبوونە و بەرەو سازدانی ئاهەنگی سەركەوتن بەسەر سامناكترين ديكتاتۆرييەتی سەردەم هەنگاو دەنێت، رژێمی ئێران خەريكە دەبێتە ئێسك و پرووسكێكی بێ گيان!



No comments:

Post a Comment