Thursday, November 17, 2016

رژێمی ئێران لە قۆناخی یەکلاییبوونەوەدا…بەهێز يا بێ‌هێز، كاميان؟



رۆژی سێشەممە 8ی نۆڤامبەری 2016 هەڵبژاردنەكانی سەرۆكايەتی كۆماری لە ئەمريكا بەڕێوەچوو و دۆناڵد ترامپ، پاڵێوراوی پارتی كۆماريخواز بەرانبەر بە هيلاری كلينتۆن، پاڵێوراوی پارتی ديموكرات سەركەوتنی بەدەست هێنا.
رژێمی ئێران كە بەوە خۆی دڵخوش كردبوو لەو چەند مانگەی بەر لە هەڵبژاردنەكانی ئەمريكا بتوانێ لە عێراق و سوريا هەندێك سەركەوتن بەدەست بهێنێت و سەركەوتووش نەبوو، ئێستا بە يەكلاييبوونەوەی هەڵبژاردن لە ئەمريكا جارێكيتر لاوازی و شكستی زێدەتری بەسەردا كەڵەكە كرا و هەڵوێست و لێداوانەكانی كاربەدەستانی ئەم رژێمە لەم چەند رۆژەی دوای هەڵبژاردنەكەدا بەڵگەی ئەم راستييەن. ئەوان لە لايەكەوە دڵگران و نيگەرانن لە كۆتاييهاتنی سەردەمی سەرۆكايەتی كۆماری باراك ئۆباما و لە لايەكيترەوە تۆقاون لە هاتنە سەر كاری ترامپ و ستافەكەی.

پرسياری هەنووكەيی ئەوەيە كە ئەم هەڵبژاردنە تا چەند كاريگەری دەبێت بەسەر سياسەت لەهەمبەر ئێران؟ ئايا سياسەتی حكومەتی دادێ بەردەواميی سياسەتی باراك ئوباما دەبێت؟
دەتوانين وەك وڵامدانەوەيەكی بەرايی، ئاماژە بە لێدوانەكەی (سادق زيباكەلام) بدەین كە يەكێكە لە مۆرەكانی حكومەت و وتويەتی: ”كۆماری ئيسلامی قەدری سەردەمی ئاڵتونيی باراك ئۆبامای نەزانی”. ناوبراو سەردەمی ئوبامای وەك دەرفەتێك دانا كە "دووپات نابێتەوە". مەسجی روونی ئەم لێدوانە بەر لە هەڵبژاردنەكانی ئەمريكا ئەوەيە، بێ لەبەرچاوگرتنی دەرەنجامی هەڵبژاردنەكە و يەكلاييبوونەوەی، حكومەتی نوێی ئەمريكا هەمان سياسەتی پێشوو دەربارەی ئێران ناگرێتە بەر.
(عەلی ئەكبەر رەفسەنجانی)يش لە هەڵوێستەكردنێكی بە ئاشكرادا، (دۆناڵد ترامپ)ی بە ”خەتەرناك” (واتا مەترسيدار) وەسف كرد و وتيشی كە ترامپ ماوەيەك بەر لە هەڵبژاردنەكان رايگەياندبوو كە بە هاتنە سەر كاری، وەرەقەی ”رێككەوتننامە ئەتوميەكەی لەگەڵ ئێران” دەدڕێنێت. كەوايە هاتنە سەر كاری دۆناڵد ترامپ وەك سەرۆكی ئەمريكا بۆ رژێمی ئێران رووداوێكی زۆر گرينگ لەقەڵەم دەدرێت.
لەگەڵ ئەم رووداوە گرينگەیشدا، ئەوەی هەڕەشە لە مانەوەی ئەم رژێمە دەكات، دۆسێيەی پێشێلكارييەكانی ئەم رژێمەيە لەهەمبەر مافەكانی مرۆڤ لە ئێران بە گشتی و بزوتنەوەی دادخوازی سەبارەت بە قەتڵوعامكردنی زيندانيانی سياسی لە ساڵی 1988 كە تيايدا رژێمی دەسەڵاتدار لە ئێران لە ماوەيەكی زۆر كورت دا زياتر لە (30) هەزار زيندانيی سياسی لە سێدارە دا. ئەم بزوتنەوەيە ماوەيەكە لە لايەن خاتوو (مريەم رەجەوی)يەوە دەستبەكاربوونی راگەياندراوە و هەر دێت و بەڵگەی زياتری بۆ كەڵەكە دەكرێت. چون شايەتيدەران و بەڵگەكانی ئەم تاوانه گەورەيە ئەوندە هەن كە بۆ راكێش كردنی تاوانباران و بەرپرسانی (كە هەر ئێستا لە ناو حكومەتدا دەسەڵاتدارن!) بۆ دادگايەكی نێودەوڵەتی كيفايەت بكات.
لە حاڵی حازردا، حكومەت بە هۆی ئەوەی ژمارێكی زۆر لە زيندانيانی سياسی لە ناو زيندانەكانيدا هەن و ژمارێكی بەرچاو لەو زيندانيانە بەرەوڕووی سزای لە سێدارەدان بوونەتەوە و لە چاوەڕوانيدان بۆ جێبەجێ كردنی بڕياری لە سێدارەدان، كەوتووەتە ژێر گوشارێکی قورسی نێودەوڵەتی لە لايەن رێكخراوە جيهانييەكانی تايبەت بە مافی مرۆڤ.
هەروەها خەڵكی ئێران بە هۆی هەژاری و نەداری و دياردەگەلی شوومی كۆمەڵايەتی كە بەرهەمی سياسەتەكانی حكومەتە خۆیەتی تەنگيان پێ هەڵچنراوە و رق و تووڕەيی جەماوەر ئەوندەيە كە ئەگەر بێت و هەلێكی بچووكیان بۆ بڕەخسێت زۆر بە خێرايی داو و دەزگاكانی حكومەت رادەماڵن و کۆتایی بەو رژێمە دەهێنن. بەڵگەی ئەم راستييەش ئەوەيە كە حكومەت و كاربەدەستانی حكومەت بە هەموو باڵەكانيەوە زۆر لە راپەڕينی جەماوەری تۆقاون!
لەگەڵ ئەوانەشدا و هەروەك پێشتر ئاماژەم پێ دا، ئەم رژێمە لە زلكاوی سوريادا گيری خواردووە و رۆژ لە دوای روژ شكست و كوژراوەكانی بەسەر يەك دا كەڵەكە دەبێت. لە عێراق بە لادانی نوری ماليكی نفوزی جارانی نەماوە و دياردەی داعش لە ناوچەكە، كە سودی زۆری هەبوو بۆ رژێمی ئێران بەرەو كۆتايی دەچێت. هەروەها حكومەتی ئێران لە ژێر گوشاری وڵاتانی عەرەبی دايە بە هۆی پاڵپشتيكردنی لە رەوتی تيروريستيی (حزب الله). لە (يەمەن)يش بە هەمان شێوه و بە هۆی پاڵپشتيكردنی مالی و سەربازی لە رەوتی تيرۆريستيی (حوسی)يەكان. بە تايبەت كه حوسييەكان لەم دواييانەدا و بە مووشەكی دەستكردی ئێران، شوێنی پيرۆزی موسڵمانان (مكه)ی دايە بەر پەلامار.
هەموو ئەوانە ئەم راستييەمان بۆ دووپات دەكەنەوە كە سەردەمی دەسەڵاتی ولايەتی فەقيهی لە ئێران بەرەو كۆتاييە و ئاسۆی يەكلاييبوونەوەی ئەم رژێمە زۆر نزيكە و هەموو بەڵگە و داتاكان سەلمێنەری ئەم راستييەن.

No comments:

Post a Comment