لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاكاندا، پێشێلكردنی
مافەكانی مرۆڤ هەروا بەردەوامە كە نموونەی هەرە تازەی، هەڵكۆڵينی هەر دوو چاوەكانی
زيندانييەكە لە يەكێك لە بەنديخانەكان. لەگەڵ ئەوەشدا لانيكەم (7) لە
زيندانيەكانيتريش بەرەوڕووی سزای لەمجۆرە بوونەتەوە.. پێشێلكردنی بەردەوام و
سيستەميانەی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران وای كردووە كە رۆژی 15ی نۆڤەمبەری ئەمساڵ كۆمەڵگای
گشتيی رێكخراوی نەتەوە يەكگرتووەكان بۆ جاری (63)هەم بڕيارنامەيەكی بکات و تيايدا
بە هوی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ رژێمی ئێران بە توندی شەرمەزار بکات و داوای لێ
بکات كۆتايی بهێنێت بە رەوتی گرتن و ئەشكەنجەدان و سزای لە سێدارەدان. ئەگەرچی
شەرمەزاركردنی ئەمجارە زۆر جياوازە لەوانەی پێشوو و دەبێتە هوی قووڵبوونەۆەی
قەيرانەكانی ئەم رژێمە بەڵام دەركردنی بڕيارنامە لە پێوەند لەگەڵ رژێمی ئێران
هەنگاوێكی تەواو نيە. چون ئەم رژێمە لە بنەڕەتدا باوەڕی بە مافەكانی مرۆڤ و ياسای
نێودەوڵەتی نيە.
ئەگەر سەيری 38 ساڵ دەوڵەتداری ئەم رژێمە بكەين
دەبينين مانەوەی ئەم رژێمە بەندە بە پێشێلكردنی بەردەوامی مافەكانی مرۆڤ و بە
دڵنياييەوە دەتوانين بڵێین كە ئەگەر رۆژێك لە روژان ئەم رژێمە دەست لە پێشێلکردنی
مافەكانی مرۆڤەوە هەڵبگرێت ئەوا لەو روژەوە زۆر بە خێرايی لێك دەڕمێت و ئەڕووخێت.
ئەم رژێمە بە هۆی پێناسەی دەسەڵاتخوازی و
فرەخوازييەوە، سڵ لە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ ناكاتەوه. لە هەر شوێنێك بوونی
هەبێت دژ بە مافەكانی مرۆڤ كاری كردووە و هەڕەشەی لە كۆمەڵگای مروڤايەتی كردووە.
زۆرێك كليپ و هەواڵی وێنەيی تايبەت بە تاوانەكانی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق و
سوريا لە لايەك و وێنەگەلی تاوانەكانی داعش لە ناوچەی مووسڵ كە بە زۆری لەسەر تۆڕی
ئينتەرنێت بڵاو دەكرێتەوه، هەر هەموويان هەڵقوڵاوی هزر و ئەندێشەی ناسەردەميانە و
دواكەوتووی كاربەدەستانی رژێمی ولايەتی فەقيهی ئێرانن و سەر و بنی تاوانەكان يەك
شتە.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاكاندا، ئەمجۆرە تاوانانە
لە ژێر ناوی "ئيسلام" دا بە ياسا كراوە. رژێمی دەسەڵاتداری ئێران كە
دوای راپەڕينە مێژوويی و سەراسەرييەكەی خەڵكی ئێران بەرانبەر بە رژێمی حەمەڕەزاشای
پەهلەوی لە ساڵی 1979 و لەسەر دەستی (خومەينی) هاتە سەر كار شتێك نەبوو لەوە بەدەر
کە ديكتاتۆرێك رۆيشت و ديكتاتۆرێكی خراپتر هاتە سەر كار. چون ئەم رژێمە هەڵقوڵاوی
داواكارييەكانی خەڵك و رەوتی شۆڕش نەبوو. خومەينی بە قۆستنەوەی هەستی ئايينيی
جەماوەر كەوتە سەر شەپۆلی راپەڕينەكەيان و دەستكەوتەكانی خەڵكی بۆ خۆی برد. هەر
بۆيە يەكەم هەنگاوەكانی بريتی بوو لە داپڵۆسين و سەركوتكردنی ئازادييەكان و
كوشتاری ئازاديخوازان و نەهێشتنی سەروەرييەكانی گەل و پێشێلكردنی مافەكانی
كەمايەتييەكان و لەوانە كورد. فەتواگەلی تاوانكارانەی خومەينی دژ بە رێكخراوی
سەراسەريی موجاهيدينی خەلق و گەلی كورد بەڵگەگەلی ئەم راستيانەن كە سياسەتی
ناوخۆيی و نێودەوڵەتيی ئەم رژێمەيشی لەسەر بونيات نراوە.
ياسای هەميشەيی رژێمی ئێران لەسەر بنەمای تايفی و
توندڕۆيی ئيسلامی دارێژراوە و لە بنەڕەتدا ناتەبايە لەگەڵ ناوەرۆكی ئيسلام و دەقی
قورئانی پيرۆز كە جەخت دەكاتە سەر ئازادييەكان و مافەكان و سەروەريی گەل. هەر بۆيە
لايەنە خەباتكار و ئازاديخواز و جەماوەرييەكان و لەوانە سازمانی موجاهيدينی خەلق
هەرگيز دەنگيان بەو ياسايە نەدا.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاكاندا، سيستەمی داد
سەربەخۆ نيە و ئەوەی ناونراوە هێزی ياسادانەر و سيستەمی قەزايی ئامێرگەلێكن بە
دەست حکومەتەوە بۆ داپڵۆسين و سەركوتكردنی خەڵك و نەيارانی ئەم رژێمە. لە ئێران
(رێحانه جەباری) لە سێدارە دەدرێت تەنها لەبەر ئەوەی بەرگريی لە شەڕەف و نامووسی
خوی كردووە. (فەريناز خوسرەوی) بۆ راكردن لە دەست يەكێك لە مەئموورانی حكومەت كە
ويستوويەتی دەستدرێژی بكاتە سەری، خۆی لە هوتێل (تارا) شاری مەهاباد فڕێ دەداتە
خوارەوە و گيانی لەدەست دەدا. قوربانيانی مەوادی هۆشبەر تەنها بە هوی "گەڕەم"ێك
مەواد و خەڵكانێك تەنها بە هۆی دزييەكی (بچووك) رۆژانە لەسێدارە دەدرێن. لە
كاتێكدا بەرپرسانی ئەم دياردە كۆمەڵايەتييانە ماڵوێرانکارانەیەی وەک (هەژاری و
لەشفروشی و بێكاری و دزی و ...) كاربەدەستانی حكومەت و سوپای پاسداران خۆيانن.
ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەم پێ دا تەنها بەشێكی بچووكن لە
رەهەندە كارەساتاوييەكانی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران و بە باشی ئەوە
دەردەخات كە رژێمی ولايەتی فەقيهی، هەرگيز بە خواست و ئارەزووی خۆی دەست لە كوشتار
و ئيعدام و دەركردنی بڕياری دڕندانەی قرتاندنی دەست و قاچ و هەڵكۆڵينی چاو
هەڵناگرێت. زۆر پێويستە دۆسێيەی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران بەرز بكرێتەوە
بۆ ئەنجوومەنی ئاسايشی نەتەوە يەكگرتووەكان و سزای لە سێدارەدان لە ئێران
هەڵوەشێتەوە و پێوەندييەكانی وڵاتان لەگەڵ ئەم رژێمە ببەسترێتەوە بە
هەڵوەشاندنەوەی سزای ئيعدام و نەهێشتنی ئەشكەنجە.
No comments:
Post a Comment