هاوكات
لەگەڵ پرۆسەی ئۆپەراسيۆنی ئازادكردنی شاری موسڵ لە عێراق، شەڕ و كوشتار لە سوريايش
پەرەی سەندووە و رۆژ نيە دەيان و بگرە سەدان كەس لە خەڵكی بێ تاوان بە هۆی
بۆمبابارانی ئەسەد و روسیا و پەلاماری
مووشەكی و كيميايی و زەمينيی هێزی قودس و سوپای پاسدارانی رژێمی ئێران نەبنە
قوربانی.
لە
ماوەی پێنج ساڵی رابردوو سەرباری زۆرێك خيانەت و تاوانی ورد و درشتی پشتی پەردە
بەرانبەر بە خەڵكی ئەو وڵاتە، ئەوەی ئێستا لە رژێمەكەی بەشار ئەسەد ماوەتەوە تەنها
سيمايەكی كارتۆنيە و ئەوە رژێمی ئێران و دەست و پێوەندەکانیەتی خەڵكی ئەو وڵاتە
کوشتار دەکەن. بەڵگەكانی ئەم راستيەش بە گشتی ئەم دوانەی خوارەوەن:
يەكەم.
كاربەدەستانی رژێمی ئێران زۆر جار سوريايان بە قووڵايی ستراتيژيی خۆيان راگەياندووە
و بەرگريكردن لە حكومەتی بەشار ئەسەديان بە بەرگريكردن لە كيان و هەبوونی خۆيان راگەياندووە.
ئەوان بە راشكاوی باس لەوە دەكەن كە ئەگەر لە سوريا بەرگری نەكەن ئەوا دەبێ لە
تاران و هەمەدان و شارەكانيتری ناو ئێران بەرگری لە مانەوەی حكومەتەكەيان بكەن.
خامنەئی
سەبارەت بە مانەوەی سەربازيی پاسداران و ميليشياكانی لە سوريا وتی: ”ئەگەر
بەرگريكارانی حەرەم (مەبەست هێزەكانيەتی لە مەزاری حەزرەتی مەعسوومە لە سوريا)
نەجەنگن ئەوا دەبێ لە كرماشان و هەمەدان بجەنگين” (رێبەندانی 2016). ويلايەتی،
راوێژکاری خامنەئيش لە رۆژی 19ی نۆڤامبەری 2015 لەم پێوەندييەدا وتبووی: ”ئەگەر
هەڵوێست و پاڵپشتيكردنەكانی ئێمە نەبوايە، ديمەشق رووخابوو. لە ئێمە و حيزبوڵڵا و
هاوپەيمانەكانەكانی بەدەر کەس نەيدەتوانی ئەم ئەركە لە سوريا بخاته سەر شانی خۆی و
ئەنجامی بدات”. ويلايەتی نزيكەی مانگێك دواتریش وتی: ”بەشار ئەسەد هێڵی سووری
كۆماری ئيسلامييە و ئێمە هەم لە بواری سەربازی و هەميش لە بواری سياسيدا پشتی
ئەسەد بەر نادەين”. (ئاژانسی فارس 5ی ديسامبەری 2015).
ئەوەش
مەسجێكی روونی ئەو راستييەكەيە و ئەوە بەرجەستە دەكات كە ئەم رژێمە تا چ رادەيەك
لەرزۆك و لاواز و بێ هێزە كە بە ناچاری پەنای بردووەتە بەر كوشتاری خەڵكی سوريا
تەنها بۆ لەسەر پێ مانەوەی.
دووەم.
رژێمی ئێران كە بە هۆی رێككەوتننامەی ئەتۆم بەرەوڕووی قەيرانگەلێكی جيددی و كوشندەی
سياسی و ئابووری بووەتەوە و رۆژ لە دوای رۆژ ئاسەواری ژەهراويی رێككەوتننامەكەی بە
جەستەدا دەردەكەوێت، ئێستا بە وتەی كاربەدەستانی حكومەت خۆيان، لە زلكاوی سوريادا گيری خواردووە و هاوكات ناشتوانێت سوريا جێ بهێڵێت و بگەڕێتەوە
ناو سنوورەكانی خۆی. لە راستيدا لە نێوان ”خراپ” و خراپتر”دا، يەكەميانی
هەڵبژاردووە و بە ناچار بووەتە نۆكەرايەتيكردنی حكومەتی روسيا.
مستەفا
تاجزادە كە يەكێكە لە بەرپرسانی ئەو حكومەتە لە لێدوانێكدا بە ئاشكرا وتی:
”رادەستكردنی پێگەمان لە سوريا بە روسيا، ئێرانی كردووەتەوە هێزی پيادە و پاشكۆی
روسيا و ئاستی ئێرانی نزم كردووەتەوە”. ناوبراو هەروەها ئاماژەی دا بە بارودۆخی
رژێم لە سوريا و وتيشی: ”ئيعتيبار و متمانەمان لە دەست داوە و هەر دێت و زێدەتر لە
زلكاوی سوريادا رۆدەچين” (هەفتەنامەی روبەڕو چاپی تاران 29ی ئۆكتۆبەری 2016).
ماوەيەك
پێشتر، خولێكيتری گفتوگۆكردن لەمەڕ قەيرانی سوريا لە نێوان دەوڵەتان لە لۆزان ئەنجام
درا. بەڵام لەوە بەدەر كە گفتوگۆكردنەكان بەردامی هەبێت دەرەنجامێكيتری لێ
نەكەوتەوە و ئەوەش لە راستيدا واتای بەردەواميی كوشتار و بۆمباباران و خوێنڕشتنی
زياتری جەماوەری بێ پشت وپەنای سوريا و، گەلی ئەو وڵاتە تەنها ئەوەيان بۆ ماتەوەوە
كە بە رووباری خوێنی رۆڵەكانی مەسجی خويان بە گوێی ويژدانی مرۆڤايەتيدا بدەن و
لەبەر رۆشنايی ئەم مەسجە ئەم راستييە دەردەكەوێت كە قەيرانی سوريا لەو خاڵە
تێپەڕيوە كە لە نێوان گەلی سوريا و بەشار ئەسەدی ديكتاتۆر سازانێك روو بدات. لەم
دواييانەدا قاسم سلێمانی، فەرماندەی هێزی قودس لە رێورەسمی ساڵيادی كوژرانی پاسدار
حسێن هەمەدانی لە سوريا وتی: ”ئێمە لە سوريا تەنها بەرگری لە حكومەتی سوريا ناكەين
بەڵكو بەرگری لە ئيسلام و كۆماری ئيسلامی دەكەين”.
بەڵام
ناكرێت ئەو راستييە پشت گوێ بخرێت كە سياسەتی لاوازی رۆژئاوا و بە تايبەت ئيدارەی
ئۆباما كە رۆژانی بەرەو كۆتايی دەچێت دەرفەتێكی زۆری بەخشيوە بە كاربەدەستانی رژێم
تا لە ژێر ناوی ”گفتوگۆكردن” (و تەنها بۆ وەدەستهێنانی ”كات”ی زياتر) راماڵينی
سەنگەر و مۆڵگەكانی سوپای پاسداران لە سوريا (لە راستيدا رووخانی حكومەتەكەی) دوا
بخات. ئەگينا بۆ هەمووان روونە كە سياسەتی ”گفتوگۆ كردن” نابێتە وڵام بۆ چارەسەری
قەيرانی سوريا. ئەزموونی 37 ساڵی رابردوو ئەو راستييە دەردەخات كە سياسەتی
گفتوگۆكردن، تاكتيكی ناسراوی ئەم رژێمەيە بۆ ماندووكردن و شەكەت كردنی لايەنی
بەرانبەر.
رژێم
بەر لە هەمووان خۆی باش دەزانێت كە توانای ئەوەی نيە مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵات مسۆگەر
بكات. بەڵام حيسابی بۆ بۆمبابارانكردنەكانی روسيا و سياسەتی لاوازی ئيدارەی ئۆباما
كردووە و ئەگەر ئەم دوو فاكتەرە نەبووبا، دۆخەكە زۆر جياواز دەبوو لەوەی ئێستا.
رژێمی ئێران بۆ لەسەر پێ مانەوەی خۆی شەڕی گەلی سوريا دەكات. بەڵام كام تاك و لايەنی بەئاگا و
مرۆڤدۆستە كە نەزانێت سەرچاوە و هوكاری سەرەكيی قەيرانی سوريا و بەردەوامی كوشتار
رژێمی ئێران بووە بە ئێستاشەوە. ئەم راستيە راستييەكيتريشی بەدوادا دێت كە تاكە
رێگا بۆ كۆتايی هێنان بە شەڕ و كوشتار و تيرۆر لە سوريا، بە فەرمی ناسينی
ئۆپۆزيسيۆنی سوريا و رادەستكردنی كورسيەكانی ئەم حكومەتەيە بە ئۆپۆزيسيۆنی ئەو وڵاتە
لە كۆمەڵگای جيهانی. هەر بەوە دەكرێت كۆتايی بە حزووری هێزەكانی رژێمی ئێران لە
سوريا بێت و رووسيايش بێگومان ناچار دەكات كۆتايی بهێنێت بە
تاوانەكانی دەرهەق بە گەلی خۆڕاگری سوريا.
دواوتە..
رژێمی ئێران بە پێچەوانەی هات و هاواركردنی راگەياندن، زۆر زياتر لە جاران لاواز و
بێ هێزترە و دەوڵەتان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەتوانن بە سياسەتی بڕەر و توندی
خۆيان بۆ پشتيوانيكردن لە گەل و ئۆپۆزيسيۆنی سوريا رەوتەكە بخەنەوە رێڕەوەی راستەقينەی
خۆی. ئۆپۆزيسيۆنی ئێرانيش بێگومان خۆی لە ريزی گەل و ئۆپۆزيسيۆنی سوريادا ئەدۆزێتەوە
كە خاوەنی ئامانجی هاوبەشن بۆ هێنانە ديی ئاشتی و ئاسايش و سەقامگيری لە ناوچەكە..
)()()()(
No comments:
Post a Comment