Tuesday, November 29, 2016

توندڕۆيی ئیسلامی سەرچاوەی توندوتيژی بەرانبەر بە ژنان

لەم سەردەمەدا بە تايبەتی و لە مێژوودا بە گشتی ”ژنان” چەوساوەترين بوون لە كۆمەڵدا بە ئێستاشەوە. بە گشتی ئاپۆرەی ژنان بە نيوەی كۆمەڵ باس دەكرێت بەڵام سەبارەت بە مافەكان كراون بە ”بێبەشترين”ی کۆمەڵ. لە مێژوودا ئەگەرچی رەوتی بەرەوپێشچووی كۆمەڵایەتی بە قۆناغی جياجيادا تێپەڕ بووە بەڵام گۆرانكارييەكی ئەوتۆ بەسەر روانگە و تێڕوانين بۆ سەر ئەم پرسە و مافەكانی ژنان رووی نەداوە و بەردەوام ژنان لە ژێر هەڕەشەی هەرە سەختی توندوتيژييەكاندا بوون، چ لە لايەن دەسەڵات و چ لە كۆمەڵی پياوسالاری دا و چ لە ناو دواكەوتووترين خانەوادەكاندا.

لە وڵاتێك كه بنەمای حكومەتەكەی لەسەر توندڕۆيی ئيسلامی بێت، وەك ئەوەی لە ئێران هەيە، سەركوتكردن و توندوتيژی بەرانبەر بە ژنان گەيشتووەتە لووتكە. چون سەرچاوەی توندوتيژييەكان بەرانبەر بە ژنان لەم سەردەمەدا ”توندڕويی”ە كە كڕۆكی بير و ئەندێشەی، دژايەتيكردنی ژنانە.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ويلايەتی فەقيهيدا (رێحانە جەباری) لە سێدارە دەدرێت تەنها لەبەر ئەوەی بەرگريی لە شەڕەف و نامووسی خۆی كردووە. (فەريناز خوسرەوی) لە مەهاباد بۆ راكردن لە دەست ئەو مەئموورەی حكومەت كە ويستوويەتی دەستدرێژی بكاتە سەری، لە هوتێل (تارا)ی شاری مەهاباد خۆی فڕی دەداتەوە خوارەوە و گيانی لە دەست دەدات. پياوانی حكومەت تيزاب دەكەن بە سەر و چاوی ژنان دا، ياخود ژنانی وردەواڵە فرۆشی سەر شەقامەکان لە لەیەن پیاوانی حکومەتەوە دەدرێنە بە پەلامار و زللەباران دەکرین.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاكاندا، ياسای رەسمی رێخۆشكەرە بۆ ئەنجامدانی توندوتيژی بەرانبەر بە ژنان. سەپاندنی جۆری پۆشش و ياساكانی تايبەت بەو ستەمە، بە بەردەوامی ژيانی ژنانی خستۆتە مەترسييەكەی هەتاهەتايیەوە بە جۆرێك کە هەر كاتژمێرێك دوو يا سێ ژن بە تۆمەتی ”بەدحيجابی” راكێشی بێدادگای ئەم حكومەتە دەكرێن و رۆژ نيە هەزاران ژنی ئێرانی بەو پاساوە نەكەونە بەر ئەزيەت و ئازاری پياوانی حكومەتەوە.

توندڕۆيی شێرپەنجەيەكی روو لە زلبوونە و هەڕەشەيە بۆ سەر هەمووان. لە لێوارەكانی زەريای ئەتڵەس تا زەريای ئارام، لە هەموو شوێنەكانی، توندڕۆيی لە ژێر ناوی ئيسلام و لەوانە گروپی داعش سەری هەڵداوە كە بە پلە (1) قوربانييەكانی ژنانن.

بە پێی مادەی 167ی ياسای بنەڕەتيی حكومەتی ئێران ”دادوەران!” دەستيان كراوەيە بۆ دەركردنی بڕيارەكانيان بە پشت ببەستن بە فەتوای مەزهەبی كە بۆ ئەم رژێمەش بريتيە لە فەتواكانی خومەينی كە بە ناوی (تحرير الوسيله) ناسراون و توند و تيژی و دەستدرێژيكردن بۆ سەر ژنانيش هەر بە پەشت بەستن بەو فەتوايانەيە كە دەكرێت.

خومەينی و ئەوانيتر، لە ماوەی سێ دەيەی رابردوو، ئەم ئايديۆلۆژيايەيان خستۆتە مێشكی گروپە توندڕۆكان لە وڵاتانيتر. ئەم دياردەيە لەم ساڵانەی دواييدا و بە تايبەت دوو ساڵی رابردوو لە سەراسەری رۆژهەڵاتی ناوێن و ئەفريقيا پەرەی سەندووە و بە شێوازی جياجيا خۆی دەردەخات. لە داعش و تاڵەبان و بوكوحەرام تا ميليشيا شيعەكانی رژێم لە عێراق و سوريا و يەمەن و لوبنان.

سەيری تاوانەكانی گروپی داعش بكەن كە لە ژێر ناوی ئيسلام دەرهەق بە ژنان ئەنجامی دەدات و تا چەند دڕندانە مامەڵەی كردووە دەرهەق بە ژنانی ئيزەدی و چۆناوچۆن رەفتاری كردووە بەرانبەريان. ئەوانەی داعش كردوونی هەر بە پشت بەستن بەو بڕيارانە کراون كە لە كتيبەكەی خومەينی دا هاتووە.

ولايەتی فەقيهی دوژمن بە ژنانە. چون دەسەڵاتی ولايەتی فەقيهی واتای توندوتيژيی و داپڵۆسينی بەردەوامە بەرانبەر بە ژنان. ئاستی گشتگيری توندوتيژی و زۆرەملی لە ئێران سەپاندنی جل و بەرگ (بەدحیجابی)ە. ژنانی ئێرانی هەر لە هاتنە سەر كاری دەسەڵاتی خومەينيەوە ناڕەرايەتييان نيشان داوە بەرانبەر بە سەپاندنی جل و بەرگ و ژنانی موجاهيدی خەلقيش بۆ خۆپيشاندان و دەربڕينی ناڕەزايەتی بەرانبەر بە سەپاندنی جل و بەرگ ئەكتيڤ و پێشەنگ بوون.

ئەوەی ئەركە بۆ مرۆڤی ئەم سەردەمە نەهێشتنی توندوتيژييە بەرانبەر بە ژنان. بۆ هاتنە دی ئەم داواكارييەش پێويستە خەبات و تێكۆشانێكی شێلگيرانە و بەردەوام هەبێت لە لايەن ژنان و پياوانەوە و ئەوەش بە كۆتاييهێنان بە دياردەی شوومی توندڕۆيی دەكرێت.

ئۆپۆزيسيۆنی ئێران خوازياری كۆمارێكە لەسەر بنەمای جياكردنەوەی دين لە حكومەت و يەكسانی مافەکان لە نێوان ژنان و پياواندا. پێويستە ژنان و پياوان لە سەرجەم مافەكان و ئازادييەكان دا و لە ناوياندا مافی بەشداريكردن لە سەركردايەتيی سياسی دا یەکسان و بەشدار بن.

مافی چارەی خۆنووسين مافی رەوای ژنانە و پێویستی خۆيان خاوەنی چارەنووسی خۆيان بن. رزگارکردنی كۆمەڵ، بە تايبەت ئازادی لە ئێران بەستراوەتەوە بە رووخانی ناوەندی توندڕۆيی، واتا رژێمی ولايەتی فەقيهی لە ئێران.


No comments:

Post a Comment