رۆژی
دووشەممە 14ی نۆڤەمبەری 2016 ئەنجوومەنی پەرلەمانی ئەورووپا بەياننامەيەكی پەسند
كرد لەسەر رێككەوتننامەی ئەتۆمی نێوان رۆژئاوا و رژێمی ئێران و ئەوەش ناڕەزايەتيی
حكومەتی ئێرانی بەدوادا هات.
رژێمی
ئێران بەرانبەر بە لێدوانەكانی دۆناڵد ترامپ و ئەندامانی ستافەكەی لەمەڕ رێككەوتننامەی
ئەتۆم پەنای بردە بەر ئەوروپا بەو پاساوەی كە رێككەوتننامەی ئەتۆم
رێككەوتننامەيەكی دووقۆڵی نەبووە لەگەڵ ئەمريكا و واژۆی دەوڵەتانی ئەوروپايشی
لەسەر بووە، کەوایە دەبێ وڵاتانی ئەوروپی پشتيوانی لە رێككەوتننامەكە بكەن.
بەياننامەی
ئەنجوومەنی يەكێتيی ئەوروپا لە راستيدا وڵامدانەوەيەك بوو بۆ داواكارييەكەی رژێم و
تيايدا وەزيرانی كاروباری دەرەوەی 28 وڵاتی ئەندامی يەكێتيی ئەورووپا
پشتيوانيكردنی خۆيان لە رێككەوتننامەكە راگەياند بەڵام ئەوەيان بەستەوە بە چەند
مەرجێک كە بە كورتی لە بەياننامەكەی ئەم دواييانەی پەرلەمانی ئەوروپادا هاتبوو.
لەوانە: گۆڕينی رەوشی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران، راگرتنی سزای لەسێدارەدان،
كۆتاييهێنان بە پێشێلكردنی مافەكانی ژنان و مافەكانی كەمايەتيە نەتەوەيی و
ئايينيەكان، رەچاوكردنی ئازاديی رادەربڕين و كۆبوونەوەكان، هاوكاريكردنی رژێم
لەگەڵ بڕياردەری تايبەتی سەر بە نەتەوە يەكگرتووەكان و هەروەها رێگەدان بە
بڕياردەری نەتەوە يەكگرتووەكان بۆ ئامادەكردنی ريپۆرتاژەكەی.
بەياننامەكە
هەروەها داوای كرد رژێمی ئێران كۆتايی بهێنێت بە دەستتێوەردان لە كاروباری وڵاتانی
ناوچەكە و بە تايبەت لە سوريا و چالاكی و تاقيكردنەوەی مووشەكیش رابگرێت و رێگە
بدات نوێنەرايەتيی يەكێتی ئەورووپا لە ئێران بكرێتەوە.
وڵامی
ئەم پرسیارە كە لەبەرچی يەكێتی ئەورووپا ئەو مەرجانەی خستۆتە بەردەم رژێمی ئێران
بو ئەوە دەگەڕێتەوە كە: يەكەم، لەچاو هەبوونی پێوەنديی ئابووری لەگەڵ رژێمی ئێران،
هەبوونی پێوەنديی سياسی و ئابووری لەگەڵ ئەمريكا بۆ ئەورووپا زۆر گرينگترە. دووەم،
بە هۆی ئەوەی ئۆپۆزيسيۆنی ئێران و بە تايبەت رێكخراوی موجاهيدينی خەلق دەوری
تێكدەرانەی رژێمی ئێران لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە و هەروەها پێشێلكردنی
مافەكانی مرۆڤيان ئاشكرا كردووە، بيروڕای گشتی لە جيهان رێگە بە هەبوونی پێوەندی
لەگەڵ رژێمی ئێران نادات. بە واتايەكيتر، ناكرێت پێوەنديت هەبێت لەگەڵ رژێمی ئێران
بێ ئەوەی رێز لە مافەكانی مرۆڤ لە ئێران گيرابێت. ئۆپۆزيسيۆنی ئێران نزيكبوونەوە
لە رژێمی ئێران و دانی باج بەو رژێمە بە ناڕەوا دەزانێت.
جيا
لە بەياننامەی ئەنجوومەنی ئەورووپا، رۆژی سێشەممە 15ی نۆڤەمبەر، لێژنەی سێيەمی
كۆمەڵگای گشتيی رێكخراوی نەتەوە يەكگرتووەكان بە دەركردنی بەياننامەيەك،
دەستتێوەردانی تيرۆريستييانەی سوپای پاسداران لە سوريای بە توندی سەركۆنە كرد. ئەم
بەياننامەيە كە بە زۆرينەی هەرە زۆری دەنگەكان (115 دەنگی ئەرێنی بەرانبەر بە 15
دەنگی نەرێنی) پەسند كرا، داخوازيی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەخاتە روو بۆ كۆتاييهێنان
بە دەستتێوەردانی رژێمی ئێران لە سوريا.
رژێمی
ئێران تا ئێستا زۆر جار رايگەياندووە كە ئەگەر لە سوريا نەجەنگێت ئەوا حكومەتەكەی
لە تاران دەكەوێتە مەترسييەوە. هەربۆيە كاربەدەستانی ئەم رژێمە بە راشكاوی
سوريايان ناو ناوە پارێزگای (سی و پێنجەم)ی ئێران!. خامنەئی لە مانگی فێبرايری
رابردوو وتی: ”ئەگەر بەرگريكارانی حەرەم (مەبەست پاسدارانە لە مەزاری حەزرەتی
مەعسومەيە لە سوريا) شەڕيان نەكردبا.. دەبوا ئێمە لە كرماشان و هەمەدان بەرگريمان
لە خۆمان كردبا”. (حەسەن روحانی)يش لە رۆژی 8ی فيبراير دانی بەوەدا نا و وتی:
”ئەگەر هێزە چەكدارەكانمان ئاسايشی ئەو وڵاتەيان دابين نەكردبا.. و پاسدارانی ئێمە
لە بەغدا و سامەرا و فەلووجە و رومادی و ... لە سەنگەردا نەبوونايە.. ئەگەر لە
ديمەشق و حەلەب هاوكاريی حكومەتی سوريايان نەكردبا.. ئێمە بێ ئاسايش ئەماينەوە”.
رۆژێك دواتريش پاسدار شەمخانی، سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسايشی رژێم و لە كەسە
نزيكەكانی روحانيە وتی: ”ئەگەر ئەوانە لە سوريا نەكوژرابان (تاران) بۆ ئێمە نائەمن
دەمايەوە.. هەمەدان و ئەهوازيشمان نائەمن دەمايەوە”.
ئەم
لێژنەيە هەروەها بە دەركردنی بەياننامەيەك دەربارەی پێشێلكردنی مافەكانی مروڤ لە
ئێران نيگەرانيەكانی خۆی دووپات كردەوە لەمەڕ ئيعدامكردن و لە سێدارەدان و داوای
كرد كە سزای لەسێدارەدان، هەم لە ياسادا و هەميش لە كرداردا هەڵوەشێتەوە و كۆتايی
بهێندرێت بە ئەشكەنجە و ئازار لە ناو زيندانەكاندا. بەياننامەكە هەروەها ئەوەی
دووپات كردەوە كە دەستگيركردنی سەرەڕۆيانە نەمێنێت و رەوشی زيندانەكان و مافەكانی
مرۆڤ بەرەو باشبوون بچێت و مافەكانی ژنان و كەمايەتيەكان پێشێل نەكرێت.
لەگەڵ
ئەوانەشدا يازدە وڵاتی عەرەبی و ئيسلامی بە دەركردنی بەياننامەيەك، دەستتێوەردانی
حكومەتی ئێران لە كاروباری وڵاتان و هەروەها پشتيوانيكردنی ئەم رژێمە لە گروپە
تيرۆريستييەكانيان بە توندی شەرمەزار كرد و ئەم هەڵوێستە نوێيەی وڵاتانی عەرەبی و
ئيسلامی دوای ئەوە دێت كە گروپی حوسيەكانی سەر بە رژێمی ئێران لە يەمەن بە مووشەك
شاری (مەكەی پيرۆز)يان كردە ئامانج.
ئێستا
كاتی ئەوە هاتووە كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەنگاوێكی پراتيكيانە بنێت بۆ
كۆتاييهێنان بە دەستتێوەردانەكانی ئەم رژێمە لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە و
پێشێلكردنی مافەكانی مروڤ لە ئێران. لەوە بەدەر رێگەچارەكان تووشی شكست دێن و
گۆڕانكارييەك بەسەر رەوشەكە دا نايەتە دی.
No comments:
Post a Comment